رۆژنامەی ھەولێر

فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە ھەولێر کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵی ڕووسیا سوپاسى مەکتەبى سیاسى کرد بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەى لە هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بەوەدا کە مانەوەو کارکردنى لە هەولێر زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ زیاتر تێگەیشتنى لە گەلى کوردستان.

ئەمڕۆ ٢١ی٩ی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (مەکسیم روبێن) کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە ھەولێر کرد.

لە دانیشتنەکەدا وێڕاى بەخێرهێنانى شاندی میوان، فازڵ میرانى تیشکى خستەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى کوردستان و عێراق و ناوچەکەو بە ڕەوشێکى ئاڵۆزو نالەباری وەسف کرد.

فازڵ میرانى دووپاتى کرد کە پەیوەندییەکان لە نێوان گەلى کوردستان و گەلى ڕووسیا دیرۆکییەو لە ئاستى هەرە بەرزدایە. هەروەها میرانى تەئکیدى کرد کە گەل و حکوومەتى ڕووسیا پاڵپشتى گەلى کوردستان بووەو لەیادى ناکەین کە ڕووسیا لە یەکەمین ئەو دەوڵەتانە بوو کە ڕێگا خۆشکەربوو بۆ خوێندنى ڕۆڵەکانى کوردستان لە ڕووسیاو یەکگرتووى سۆڤێتى جاران.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی دووپاتیشیکرد کە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دوو دۆز هەن کە سەرەکین، دۆزى گەلى کوردستان و دۆزى فەلەستینى، فەلەستینیەکان (٢٢) دەوڵەت هەن کە پاڵپشتیان دەکەن و داواى مافەکانیان دەکەن بەڵام دۆزى گەلى کوردستان تەنیا خۆى و دۆستەکانى هەن. هەروەها دووپاتى کرد کە چارەسەرکردنى دۆزى کوردستان و بەرجەستەکردنى مافەکانى گرەنتى بەرقەراربوونى ئاسایش و ئاشتى کۆمەڵایەتى لە سەرتاسەرى عێراق مسۆگەر دەکات. هاوکات تەئکیدى کرد کە دەبێت زۆر بە ڕاشکاوانە لەگەڵ دۆستەکان و نێردەى دیبلۆماسى ڕەوشەکە بخەینە بەرچاو.

لەلاى خۆیەو (مەکسیم روبێن) کونسوڵی گشتى ڕووسیا لە هەولێر سوپاسى مەکتەبى سیاسى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەم دیدارە کە کۆتا دیدارە ئەنجام دەدرێت لەبەر ئەوەى ئەرکەکەى لە هەرێمى کوردستان بەم زووانە کۆتایى دێت و ئاماژەى بەوەدا کە مانەوەو کارکردنى لە هەولێر زۆر یارمەتیدەر بوون بۆ زیاتر تێگەیشتنى لە گەلى کوردستان.

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکان لە نێوان ڕووسیاو هەرێمى کوردستان مێژووییەو لە ئاستى هەرە بەرزدایە.

لە کۆتایی دا فازڵ میرانى بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی هیواى سەرکەوتنى لە هەر ئەرکێک لە هەر شوێنێک بۆ کونسوڵی ڕووسیا خواست.