ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
ڤیتامین (D) بە یەکێک لە توخمە سەرەکی و بنەڕەتییەکان بۆ تەندروستی و گەشەی دروستی منداڵ دادەنرێت؛ بەوپێیەی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە پرۆسەی هەڵمژینی کالسیۆم لە لەشدا و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەهێزکردن و گەشەکردنی ئێسکەپەیکەر. پسپۆڕانی تەندروستیی منداڵانیش هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمبوونەوەی ئەم ڤیتامینە لەسەر جەستەی منداڵ.
د. تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان، ڕوونی دەکاتەوە کە کەمیی ڤیتامین (D) لە منداڵاندا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دواکەوتنی گەشە، کورتەباڵایی و نەخۆشیی ئێسکەنەرمە (ڕێکێتس). هاوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و بێهێزی لە ماسولکە و ئێسکەکاندا.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژە بە لایەنێکی دیکەی مەترسیدار دەکات و دەڵێت: “ئەگەر دایک لە قۆناغی دووگیانیدا دووچاری کەمیی ڤیتامین (D) بووبێتەوە، ئەوا ئەگەری تووشبوونی کۆرپەکەی بە ئێسکەنەرمە دوای لەدایکبوون بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.”
سەرچاوە سەرەکییەکانی دەستکەوتنی ڤیتامین (D)
د. تارا عەلی باس لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئەم ڤیتامینە دەکات و چەند ڕێنماییەکی گرنگ دەخاتە ڕوو:
١. تیشکی خۆر: نزیکەی ٨٠٪ـی پێداویستیی جەستە بۆ ڤیتامین (D) لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە بەرهەم دێت. پێویستە منداڵ ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ٢٠ خولەک لە نێوان کاتژمێر ١٠ی بەیانی تاوەکو ٢ی پاشنیوەڕۆ بەر تیشکی خۆر بکەوێت.
٢. سیستەمی خۆراکی: لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بەم توخمە، وەک ماسییە چەورەکان (بە تایبەت سەلەمۆن)، جگەر، گۆشتی سوور و زەردێنەی هێلکە.
٣. منداڵانی شیرەخۆرە (شیری دایک): ئەو کۆرپانەی تەنها شیری دایک دەخۆن، پێویستە هەر لە سەرەتای تەمەنیانەوە دڵۆپەی ڤیتامین (D) وەک تەواوکەری خۆراکی وەربگرن؛ چونکە شیری دایک بە تەنها بڕی پێویست لە ڤیتامین (D) دابین ناکات.
٤. ئەو منداڵانەی شیری وشک (قتوو) دەخۆن: ئەگەر بڕی شیری ڕۆژانەیان لە ٣٢ نمرە (ئۆنس) کەمتر بێت، پێویستە بە ڕاوێژی پزیشک بڕی دیاریکراوی ڤیتامین (D)ـیان پێ بدرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمییەکەی.

