رۆژنامەی ھەولێر

پرسی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ جاری دووەم دەبرێتە کۆشکی سپی

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

کێشەی حکوومەتی عێراق تەنیا ئەوە نییە کۆتایی بەو گرووپانە بهێنێت بەڵکوو عێراق لەبەردەم دۆخێکی نالەباری سیاسی و ئابووریشدایە

بڕیارە لەم هەفتەیەدا عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە بکەوێت. ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا لەوەتەی پۆستی سەرک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە و باس لەوە دەکرێت یەکێک لەو پرسە گرنگانەی لە کۆشکی سپی تاوتوێ دەکرێت پرسی چەککردنی گرووپە میلیشیاکانە و نۆ رۆژی دیکە نابێت چەک لەدەستیاندا بمێنێتەوە.

حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕابردوو ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە. لە ڕاستیدا ئامانج لە گەشتەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا ئەوەیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەشداری بکات. ئەگەر ئەم سەردانە سەردانێکی ئاسایی و ساڵانەی ڕێبەرانی جیهان بێت بۆ نیویۆرک ئەوا بۆ عێراق تایبەتمەندییەکی گرنگتری لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری هەیە.
ئەو ڕوونی کردەوە کە دیداری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هێمای پەیوەندیی ستراتیژیی عێراق لەگەڵ وڵاتان بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتییە. جێی باسە هەر لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی ئەمریکادا بەشداری دەکات و ڕۆڵی عێراق لە بازرگانیی جیهانی بە تایبەتی وزە تیشکی دەخرێتە سەر.
بە گوتەی حەیدەرعەبودی ٣٠ ئەیلوول خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی حوکمڕانیی عێراق و لە دوای ئەو بەروارە پەیوەندیی نێوان واشنتن و بەغدا دەکەوێتە قۆناغێکی نوێی هاوکاریی درێژخایەنی ئابووری.
بەپێی ئەو بەڵێنەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داویەتی و ئەو مۆڵەتەی دەستنیشانی کردووە، دەبێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆتایی بەوە بهێنرێت چیتر چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکاندا بمێنێتەوە. بە دەیان گرووپی چەکدار و میلیشیایی هەن کە لە هەموو ڕوویەکەوە هەژموونیان بەسەر سیاسەت و ئاسایش و ئابووری و بازرگانیی عێراقدا هەیە و بەو ڕۆڵەی لەم ساڵانەی ڕابردوو بینیویانە زیانێکی زۆریان بە سیمای دیپلۆماسیی عێراق گەیاندووە.
تا ئەم ساتە دیارە نییە زەیدی دەتوانێت بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات یان نا هاوکات لەگەڵ ئەوەی پێویستە گرووپە میلیشیاکان چەک بکرێن داوا کراوە هێزەکانی ئەمریکاش بە یەکجاری لە عێراق بکشێنەوە.
ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکان نەرمیان نواندووە و بەوە ڕازی بوون چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکەن و لەمەودوا زیاتر خەریکی چالاکی سیاسی بن بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی هەڵویستی ڕادیکاڵی بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان کە ڕەتیان کردووەتەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، زۆر زەحمەتە حکوومەتی عێراق بتوانێت بەسەر ئەم ئاڵنگارییەدا سەرکەوێت وەک چۆن زەحمەتە هێزەکانی ئەمریکاش بە یەکجاری لە عێراق بکشێنەوە.
بەشێک لە میدیاکان و چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن لەوانەیە حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی بکات و بۆیە چاوەروانی دەکرێت ئەو مۆڵەتە تا کۆتایی ئەمساڵی زایینی درێژ بکرێتەوە و لەوانەیە لە میانەی ئەو سەردانەی بۆ ئەمریکا ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش تاوتێ بکات.
ئەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە چارەنووسی بەشێک لەو گرووپانە بە چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرێ دراوە کە پاڵپشتییان دەکات و وەک بەرەی مقاوەمە دەیانناسێنێت. هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران لە شەڕێکدان کە کۆتاییەکەی دیار نییە و هەر دوو وڵاتیش دۆستایەتییان لەگەڵ عێراقدا هەیە و بۆیەش بۆ حکوومەتی عێراق ئاسان نییە بتوانێت ئەو هاوسەنگییە بپارێزێت بێ ئەوەی زیانەکان لەخۆی دوور بخاتەوە.
کێشەی حکوومەتی عێراق تەنیا ئەوە نییە کۆتایی بەو گرووپانە بهێنێت بەڵکوو عێراق لەبەردەم دۆخێکی نالەباری سیاسی و ئابووریدایە و پێویستی بەوە هەیە ئابوورییەکەی سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بودجەی ساڵی داهاتووی بنووسێتەوە و لە پەرلەمان پەسندی بکات و ئاوڕێک لە کەرتە جیاوازەکانی خزمەتگوزاری و هەلی کار و ژیان و بژێویی خەڵک بداتەوە.