کردنە کوردی: شۆڕش غەفووری – هەولێر
ژنە بەهێزەکان، خۆشەویستترین کەسایەتیی ئەدەبین. مێژووی ئەدەبیات و کتێبەکان، کەسایەتیی ژنیان زۆرە، بەڵام کامیان باشترینن؟ کامەیان وەک هەوێن و نموونەی ژنی بەهێز هەژمار دەکرێت؟ کام ژنی کامە کتێب، هەرگیز کۆڵی نەدا؟ کامەیان باشترینی هەموویان بوو؟ کام چیرۆک توانیویەتی کەسایەتییەکی ژن بۆ هەتاهەتایە بهێڵێتەوە؟ ئەوڕۆ لێرەدا لیستێک لە ژنانی بەهێزی مێژووی ئەدەبیات دەناسێنین:
زۆرێک لە خوێنەران، کەسایەتیی ژنەکانی نێو ئەدەبیاتیان لەبەر بوێری و ئازایەتییان خۆش دەوێت. بۆ نموونە (سکارلێت ئۆهارا – Scarlett O’Hara) لە ڕۆمانی (بەباچوو – Gone with the Wind)ی نووسەر (مارگرێت میچێل – Margaret Mitchell) ژنێکی بوێری سەردەمی خۆی بوو. یان (مادام دیفارژ – Madame Defarge) لە ڕۆمانی (دوو شار – A Tale of Two Cities)ی (چارڵز دیکنز – Charles Dickens) وەک ئاڵاهەڵگری ژنانی شەڕاوی و ماندوونهناس دابنرێت.
ژنە بەهێزەکانی نێو ڕۆمانەکان، خۆشەویستترین کەسایەتیی ئەدەبین. زۆر جار یاخی و سەرکەشن و وەک نمونەیەک لە ڕاستگۆیی تەبیعەتی ئاڵۆزی ژنان لەقەڵەم دەدرێن. دەکرێت بەساڵاچوو بن یا جەحێڵیش بن. دەکرێت سەرنجڕاکێش و خۆشەویست بن یا بەڕاستی خۆشتان نەوێن و ڕەقتان لێیان بێتەوە، بەڵام هەموو ئەم ژنە بەهێزانە، خاڵێکی هاوبەشیان هەیە کە ئەویش بریتییە لە:
(زۆر بە سەختی دەتوانرێت لە بیرەوەریی خوێنەران و ئارەزوومەندانی کتێب بیانسڕینەوە.)
(ئەلیزابێت بێنێت) لە ڕۆمانی (غروور و دەمارگیری)
(ئەلیزابێت بێنێت – Elizabeth Bennet)، یەکێک لە ژنە بەهێزەکانی مێژووی ئەدەبیات و کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانی (غروور و دەمارگیری – Pride and Prejudice)ی (جەین ئاستین – Jane Austen)ە. ئەلیزابێتمان وەک منداڵی دووەمی بەڕێز و خاتوو بێنێت ناسیوە. ئەلیزابێت کچێکە زۆر ژیر و زیرەکە کە هیچ لە دایک و خۆشکەکانی ناچێت. ڕێک لەبەر ئەمەشە کە بە درێژەی چیرۆکەکە، بە هۆی ڕەفتاری ئەوانەوە ئازار دەچێژێت. ئەلیزابێت، کچێکی بەهێزە و بە باشی دەزانێت چی لە ژیان دەوێت. زۆرێک لە کچە جەحێڵەکانی سەراسەری جیهان، دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، ئاواتیان دەخواست ڕۆژێک وەک ئەلیزابێت بژین. وەک ژنێک کە بە دەنگی بەرز بیرۆکە و ڕوانگەکانیان بێ ڕەچاوکردنی دەرئەنجام و ئەگەرەکان دەرببڕن و لە دونیایەکدا بژین کە بۆ ژنان دادپەروەرانە ڕەفتاریان لەگەڵ ناکرێت و ئەوەش خەونێکی گەورەیە!
(ماتێلدا) لە (ڕۆمانی ماتێلدا)
ماتیێلدا وۆرموود، کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانی (ماتێلدا – Matilda) نەک تەنیا نموونەیەکە لە ژنانی بەهێز، بەڵکو بە ناوونیشانی کچانی بەهێز پێناسەش دەکرێت. کتێبی ماتێلدا یەکێک لە شاکارە سیحراوییەکانی (ڕۆئاڵد داهل – Roald Dahl)ی نووسەری ناسراوی چیرۆکەکانی منداڵانە. ماتێلدا لەگەڵ خێزانەکەی، لە یەکێک لە گوندەکانی ئینگلتەرا دەژێت. لەبەر ئەوەی دایک و باوکی بایەخێکی ئەوتۆی پێنادەن، ناچار بە نێو کتێبەکاندا بە دوای هاوڕێیەکی وەفادار و متمانەدات دەگەڕێت. ڕەنگە بپرسن ئەی هاوڕێکانی قوتابخانەی؟ بەداخەوە ئەم کچە بچووکە لە قوتابخانەشدا تووشی بەڕێوەبەرێکی زۆردار و دیکتاتۆر بووەتەوە. باشە، تا ئێستا لە خۆتان پرسیوە کچانی بچووک و تەنانەت ژنانی گەورەش چەندە دەرفەتی قسەکردنیان لەسەر تووڕەیی و نیگەرانییەکانی خۆیان هەیە؟ ئەم ڕۆمانە، ئیلهامبەخشی کچانی بچووک و گەورەیە و پێیان دەڵێت کە چۆن لە ڕێگەی خەبات و پێشکەوتنەوە هێزی هاوڕێیەتی و ئازایەتی بدۆزنەوە.
(ئان شێرلی) لە ڕۆمانی (گرین گەیبلز)
بێگومان (ئان شێرلی لە گرین گەیبڵز – Anne of Green Gables) لە نووسینی (لووسی مۆد موُنتگۆمێری – L.M. Montgomery) یەکێک لە ژنە بەهێزەکانی مێژووی ئەدەبیاتە. ئەم کچە بچووکە دەمووچاو شڵ و قژسوورە لە (خانەی بێسەرپەرەشتان) گەورە بووە. زیرەکە و هێزی خەیاڵکردنی بێسنوورە و بە هیوا و کۆڵنەدانەوە هەوڵ دەدات ژیانێکی نوێ دەست پێبکات. لەم ڕێگەیەدا، لەگەڵ هەموو کێشەیەک ڕادێت و خۆی لەگەڵ هەموو دۆخێک دەگونجێنێت. ئان شێرلی لە ١١ ساڵی، لەلایەن خوشک و برایەکی بەساڵاچووەوە بە ناوەکانی ماریلا و ماتیۆ هەڵدەگیردرێتەوە. ئان لەلای ئەم خوشک و برایە گەورە دەبێت و ئەزموونی تاڵ و شیرینیان لەگەڵدا دروست دەکات. هاوڕێی زۆر پەیدا دەکات. دەچێتە کۆلێژ و زانکۆ. هاوسەرگیری دەکات و لە تەواوی ئەم ماوەیە، هیچ ترسێکی لە قسەکردن و بەرگریکردن لە خۆی لە دڵدا ناهێڵێتەوە.
(جۆ مارچ) لە (ڕۆمانی ژنانی بچووک)
(جۆ مارچ – Jo March) یان (جۆزێفین مارچ) یەکێک لە ژنە بەهێز و ئیلهامبەخشەکانی مێژووی ئەدەبیات لە نێو کتێبەکەی (ژنانی بچووک – Little Women) لە نووسینی (لویزا مەی ئالکۆت – Louisa May Alcott). ئەو کچێکی لاواز و باڵابەرز، بەفیز و ڕاستوێژ، بوێر و وەفادارە. ئاشقی خوێندنەوەیە و حەزیشی لە شانۆنامەنووسینە. یەکێک لە سەیرترین تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی ئەم کارەکتەرە، ئەوەیە کە جلوبەرگی کوڕانە دەپۆشێت و پێی خۆشە زیاتر وەک کوڕێک دەربکەوێت، چونکە حەز ناکات بەهۆی کچبوونییەوە سنووردار بێت. (سیمۆن دێ بووڤوار – Simone de Beauvoir) لە شوێنێکدا وتوویەتی سەردەمی منداڵیی خۆی بە ڕۆڵگڕانی وەک کەسایەتیی جۆ مارچ تێپەڕاندووە. (سۆزان سۆنتاگ – Susan Sontag)یش لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە کاریگەریی جۆ مارچ لەسەر ڕەوتی بوون بە نووسەریی ئەو هەبووە.
ماری پۆپینز لە ڕۆمانی ماری پۆپینز
یەکێک لە ژنە بەهێز و زۆر خۆشەویستەکانی مێژووی ئەدەبیات، (ماری پۆپینز – Mary Poppins)ە لە نووسینی (پی. ئێڵ. تراڤێرس – P.L. Travers)، ژنێک کە لەسەر هەورەکان دەژێت. ڕۆژێکیان خۆڵەمێشی نامەی کۆمەڵێک منداڵ کە بە دوای پەرستارێکی میهرەبان بۆ یارییەکانیان دەگەڕێن، دەگاتە ماڵی ماری. بەم شێوەیە ئەو تێدەگات کە بەڕێز و خاتوو بێنگس بە دوای پەرستارێکی منداڵان بۆ دوو منداڵەکەیان (جین و مایکل) دەگەڕێن، چونکە دەیانەوێت بێخەم بە کار و ژیان و پیشەکەیان بگەن. بۆیە ماری لە ڕۆژێکی هەوراویدا بە جانتایەکەوە دێت و بە شیعر و گۆرانی و یاری بۆ ئەو دوو منداڵە بچکۆلەیە دەست بە ژیان دەکات. ڕەنگە سەرنجڕاکێش بێت لاتان کە ئەگەر بزانن خاتوو بێنگس (واتە دایکی ئەم دوو منداڵە)، یەکێک لە تێکۆشەرانی بواری دەستەبەرکردنی مافی ژنانە لە شارەکەیاندا.
ئیسکارلێت ئۆهارا لە ڕۆمانی بەباچوو:
ناکرێت لیستێک لە ژنانی بەهێزی مێژووی ئەدەبیات دروست بکەین و ناوی (سکارلێت ئۆهارا – Scarlett O’Hara)ی ڕۆمانی (بەباچوو – Gone with the Wind)ی نووسەر (مارگرێت میچل – Margaret Mitchell) پێوە زیاد نەکەین. ئیسکارلێت، کچێکی جوانکیلەیە و لە کۆتایی ساڵانی شەڕی ناوخۆیی ئەمریکا، لە ویلایەتی جۆرجیا دەژێت. ئیسکارلێت، خۆپەرست، ژیر و بەفیزە. ئیرادەی بەهێزی لە باوکییەوە و ئاواتی ڕەچەڵەک ژیانی لە دایکییەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە. سەرباری ئەمەش، ئیسکارلێت هەمیشە هەوڵ دەدات باری سەخت و کێشەی خێزان و هاوڕێکانی بخاتە سەر شانی خۆی، بەڵام هیچکام لەمانە سەرەکیترین تایبەتمەندیی ئەو کچە نین. گرنگترین تایبەتمەندیی ئیسکارلێت ئۆهارا، سەرگەردانی لە نێو نەریتەکانی باشووری ئەمریکا و یاساکانی مانەوەیە لە سەردەمی مۆدێرنەدا.
ئاریا ستارک لە ڕۆمانی گۆرانیی سەهۆڵ و ئاگر
چ حەزتان لە زنجیرە تەلەڤزیۆنییە فانتازییەکان بێت یان ئاشقی خوێندنەوەی کتێبە خەیاڵییەکان بن، ناکرێت (ئاریا ستارک – Arya Stark) نەناسن! ئەم کارەکتەرە، یەکێکە لە ژنە بەهێزەکانی کتێبەکەی (جۆرج ئاڕ. ئاڕ. مارتین – George R.R. Martin) واتە (گۆرانیی سەهۆڵ و ئاگر – A Song of Ice and Fire) و هاوکاتیش یەکێک لە خۆشەویستترین کەسایەتییەکانی دونیای ئەدەبیات و سینەماشە، چونکە کراوەتە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی بە ناوی (یاریی تاجی پاشایەتی – Game of Thrones) . ئاریا، کچێکی بێترسە و لە گەورەییشدا دەبێتە ژنێکی ئازا. بڕوایەلی زۆری بە خۆی هەیە و هێزی مێشکی وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی بەکاردەهێنێت. ئاریا بە بەردەوامی خەریکی شیکردنەوەی کردەوە و ڕەفتاری ئەوانی ترە، بەڵام دیارترین تایبەتمەندیی ئەم کارەکتەرە خۆشەویستە ئەوەیە کە هەرگیز لە هیچ هەڵەیەک خۆش نابێت!
سەرچاوە:
ماڵپەڕی ئەدەبی وینش

