ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە لیۆ جوون کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر کە بەمەبەستی ماڵئاوایی و بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، پێزانینی بۆ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان هەبوو، جەختی لەوە کردەوە کە کارکردنی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەند و گرنگ بووە.
کونسوڵی گشتیی چین هیوای خواست کە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، ڕاشیگەیاند كە وڵاتەکەی خوازیاری ئەوەیە کە لە بواری ئابووری و پەروەردە و تەکنەلۆژیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی کونسوڵی گشتیی چینی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بۆ قووڵکردنەوەی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان گێڕاوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
سەرۆک بارزانی هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی شارستانییەتی چین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبوو، بەهەمانشێوە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی چین بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان و یارمەتیدانی سەقامگیری و پێشکەوتن لە ئاستی جیهانیدا بەرز نرخاند.

