ئەمڕۆ دووشەممە، 9/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی و هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
هەردوولا هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگیی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی دارایی و زیادکردنی داهاتی گشتیی عێراق لە چوارچێوەی برەودان بە جموجۆڵی بازرگانیی و پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەردوولا جەختیان لە پێویستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

