رۆژنامەی ھەولێر

مانگی سێپتەمبەر لە مێژووی هاوچەرخی کورددا

فەزیلە شۆرش
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر شانازی بە مێژووە پیرۆزەکەی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکەین. چەندە لاپەڕەکانی ئەم مێژووە هەڵبدەینەوە، دەبینین گەلی کورد بە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، چاونەترسانە و بە کۆڵنەدان و خەبات، داکۆکی لە مافە ڕەواکانی کورد کردووە. هیچ کاتێک سازشی لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان نەکردووە و خەباتە شۆڕشگێڕانەکەشی پڕییەتی لە قوربانیدان. مێژووی سەروەریی کورد شایەتحاڵی شۆڕشە پیرۆزە بێژمارەکانی کوردە، بەڵام شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوول بە دەستپێکی شۆڕشەکان هەژمار دەکرێت؛ ئەم شۆڕشە چەکداری و سیاسییە لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١دا بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی دەستی پێ کرد و تا ڕۆژی ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بەردەوام بوو.
ڕۆژی ٦ی ئادار بۆ گەلی کورد ڕۆژێکی کارەساتبار بوو، کە تێیدا حکومەتی عێراق لە بەیاننامە و ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ پاشگەز بووەوە. لە ٦ی ئاداری ساڵی ١٩٧٥دا، ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی عێراق و شای ئێراندا بە ناوبژیوانیی حکومەتی جەزائیر واژۆ کرا، کە بە «ڕێککەوتننامەی جەزائیر» ناسراوە. لەم ڕێککەوتنەدا عێراق دەستەبەرداری چەندین بیری نەوت، بەشێک لە زەوی و نیوەی شەتەلعرەب بوو بۆ ئێران. ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە شۆمە، بڕینی هاوکاری بوو لە شۆڕشی کورد و کپکردنی شۆڕشی ئەیلوول. بێگومان لەم ڕۆژە خەمناکەدا هەوری خەمۆکی بەسەر کوردستاندا کێشرا، بەڵام هێز و ئیرادەی شۆڕشی ئەیلوول و سووربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بەردەوامبوونی خەباتی ڕزگاریخوازی لە پێناو مافە ڕەواکانی کورددا، وای کرد ئاسۆی گەل دووبارە بدرەوشێتەوە و شۆڕشی ئەیلوول ببێتە بنەمای شۆڕشەکانی تری کورد. ئەم شۆڕشە هێزبەخشە بووە وێستگەیەکی پیرۆز لە مێژووی هاوچەرخی کورددا.
مانگی سێپتەمبەر لە مێژووی هاوچەرخی کورددا تێکەڵەیەکە لە خەباتی ڕزگاریخوازی، شۆڕش و دەستکەوت. لە پاڵ شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوولدا، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧دا پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام درا، کە تێیدا گەلی کورد بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بە شێوازێکی دیموکراتیانە دەنگی خۆی بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان) بە جیهان گەیاند.
هەروەها ٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٥ ڕۆژێکی مێژوویی پیرۆزە بۆ پێشمەرگە، کوردستان و هەموو کوردستانییان. لەم ڕۆژەدا لەناو جەرگەی شاری پاریسی پایەتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و چەندین کەسایەتیی کورد و فەرەنسی، (ڕێگای پێشمەرگە) کرایەوە، کە ئەمەش نیشانەی بەجیهانیبوونی قارەمانێتی و کۆڵنەدانی پێشمەرگەیە.