ئازاد جندیانی
تا ئەمڕۆش ، کە شەست و پێنج ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دا تێ ئەپەڕێ ، هێشتا شۆڕشەکە لە گۆشەنیگای کۆک و ناکۆکدا لێکۆڵینەوەی فرە بوارو فرەدید لەسەر مێژووەکەی ئەنووسرێ و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ئەکرێ ، هەڵبەت ناوەندەکانی توێژینەوەو پڕوپاگندەی داگیرکەرانیش لە دیدگای دوژمنانەی خۆیانەوە لەبارەیان نووسیووە ، وەک چۆن لە دوای کەرتبوون و پەرتبوونی پارتی لە ١٩٦٤ ( هەندێ جار ١٩٦٣ وەک دەستپێکی کەرتبوونەکە دەستنیشان ئەکرێ ) ئاراستەی گووتاری باڵە جیابووەوەکە هەوڵی زۆر جدی بەرفراوان و مەترسیدار درا تا هەم مێژووی شۆڕشەکەو مێژووی ئەو قۆناخەش لە ڕوانگەیەکی سیاسی و سۆسیۆلۆژیەوە پێچەوانەبکەنەوە ، بۆیە ئەو شۆڕشە لە بواری لێکۆڵینەوەو لەسەر نووسین و لەبارەوە نووسینی چاک و خراپەوە، بەشی شێری بەر ئەکەوێ ، بەڵام من بۆچوونم وایە سەرەڕای ئەوەش کە لەناوەندە ئەکادیمیەکانیشدا ئاوڕی زۆری لێدراوەتەوەو هەروەها پانتاییەکی زۆری لە یادەوەریە چاپکراوو تۆمارکراوەکانی کاراکتەرو بەشداربووانیەوە بەرکەوتووە ، بەڵام دڵنیام تا ڕۆژگارێکی دوور نووسین لەبارەیەوە بەردەوام بێ بەجۆرێک ، کە سەرەباسی نوێ بدۆزێنەوە .
لەیادی ئەمساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا ، ئەمەوێ ( بۆ نموونە ) تەنیا سەرەباسی پێکەوە ئاوێتەبوو پێشنیاربکەم تا توێژەران و شارەزایان تیشکی زۆرتریان بخەنەسەر:
یەکەم : شۆڕشی ئەیلوول هەر لە قۆناخی ئامادەکاریەوە تا ١٩٧٥ مەسەلەی ڕێبەرایەتی شۆڕشی یەکلاکرابووەوە بەجۆرێک ، کە بارزانی نەمر وەک ڕابەرو سەرکردەی جێ ڕەزامەندی و جێ متمانەی شۆڕش دەرکەوتبوو . پرسیار لە چۆنیەتی و لەوەی فاکتەرە بابەتی و کەسیەکان چی بوون بۆ ڕەوایەتی دان بە ڕێبەرایەتی بارزانی ؟ ئەمە سەرەباسێکی گرنگە ، کە ئەبێ توێژینەوەی زۆرتری لەبارەوە بکرێ . لە بنەڕەتدا ئەمە ( بۆ ئێستاش ) باسێکی پێویستە چونکە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی حاشاهەڵنەگری هەیە بە چەمکی ڕابەرو لێڤەگەڕ ئەویش لەبەر ڕۆشنایی زانستی سۆسیۆ- سیاسی موتربەکراو بە هەل و مەرجە کۆمەڵایەتیەکانی کوردەواری و ڕەهەندە جیاجیاکانیەوە . لەڕووی کۆمەڵناسی شۆڕشەوە یەکلاکردنەوەی چەمکی شۆڕش و هێزەکۆمەڵایەتیەکانی و ڕژدتریش چەمکی ڕێبەر گرنگی نەک هەر تیۆری بەڵکو پراکتیکیشی هەبووەو ( هەیە ). بۆیە یەکلابوونەوەی چەمکی ڕێبەر لەسەرووی هەر جۆرە ئۆرگانێکی دیکەی حزبی لە شۆڕشی ئەیلوولدا وەک فاکتەرێکی هێز و بەردەوامی بووە .
دووەم : لە سێ ساڵی یەکەمی شۆڕش دا ،بەشێک لە سەرکردایەتی ئەوسەردەمی پارتی ، لەژێرکاریگەری بیری لێنینزم لەمەڕ مەسەلەی شۆڕش کەوتنە هەڵاوێردی چینایەتی چەمکی شۆڕش بەکردەوە کاریان بۆ ئەوەکرد ، کە لەپاڵ چەمکی شۆڕشدا ، دژەچەمکی شۆڕشی چەواشە لەبواری پراکتیکدا ناودێر بکەن ئەویش تێگەیشتنە میکانیکیەی کە شۆڕش لەهەبوونی خۆیەوە دژەکەی بەرهەم دێنێ ، وەک ووتمان ئەویش شۆڕشی چەواشەیە ، کە لەپاڵ هێنانەپێشی هەندێ بیانوو هاوکات پراکتیزەکردنی هەندێ تاکتیکی شەترەنج ئاسا بۆ خوڵقاندنی ڕووداوێکی مەترسیداری هاوشێوەی کش مەلیک ، کە لە کۆبوونەوەی باڵی دژەبارزانی بەڕاگەیەندراوی ویستیان پڕۆسەی رێبەرایەتیکردنی شۆڕش لەلایەن بارزانی نەمرەوە بەلاڕێدا ببەن و پووچەڵی بکەنەوە ، کە ئەو گەمەیە لەو دەسپێکەدا زەبرێکی ئەوتۆی بەشۆڕش گەیاندو بەو هۆیەشەوە شۆڕش و پارتیش دووچاری لێکترازان و دواتر شەڕی براکوژی ببن ، کە بەداخەوە تا ئێستاش لە هەل و مەرجی جیاجیای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کاریگەریەکانی ئەو لێکترازانەی ئەوێ دەمێ بە بزووتنەوەی سیاسی کوردستانەوە دیارەو بەرجەستە ئەبێتەوە ، بەداخەوە ، یەکێک لەو قۆناخانەی کە زەبری کاریگەری بە ستراتیژی باڵای کوردایەتی گەیاند ئەو دۆخە بوو ، کە بەیادەوەری یەکەم لێکترازانی شۆڕش لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمدا ڕەوتی دژە سەربەخۆیی پیلانی لە سەربەخۆیی گێڕا .
سێیەم : ئەوساو ئێستاشی لەگەڵ بێ ، پڕوپاگندەو بگرە تیۆرسازی و تێزسازی لەبارەی چەمکی لێڤەگەڕ بەتوندی لەئارادایە ، بە ئەندازەیەک ، کە ئەو هەموو ئەزموونەی لە شۆڕشی ئەیلوولەوە کە تا ئەمڕۆ لەوبارەوە لای هەموومان کەڵەکەبووە ،بایی ئەوە ناکا ، کە لای ئەو ئاراستە دژە سەربەخۆییەدا گرنگی حاشاهەڵنەگری ڕابەرو لێڤەگەر بۆ کوردایەتی و دواجار بۆ سەربەخۆیی کوردستان چ زەرورەتێکی مەزنی هەیە .
هەولێر

