عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
دەستەواژەی “تەکنەلۆژیا وەک درێژکردنەوەی ئەندامەكانی جەستە” ڕاستەوخۆ بە تیۆریی میدیایی کلاسیکەوە پەیوەستمان دەكات، بەتایبەت تێڕوانینەکانی (مارشال مەکلۆهان) بیرمەند و تیۆریستکاری دیاری کەنەدی، کە پێی وایە تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن درێژکردنەوەی ئەندام و هەستەكانی مرۆڤن، بۆ نموونە: تەلەڤزیۆن درێژکردنەوەی چاوە، ڕادیۆ درێژکردنەوەی گوێیە، و ئۆتۆمبێل درێژکردنەوەی قاچە، میدیای ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی درێژکردنەوەی کۆئەندامی دەماری مرۆڤە بۆ دەرەوەی جەستە… بەو مانایە کاتێک لێکۆڵینەوە لە میدیادا دەکەین، ئەوەی زۆر بە گرنگ دەبینرێ ناوڕۆکەکەی نییە، بەڵکو سروشتی خودی ئەو ئامرازە (میدیۆم)یە كە دەیگوازێتەوە. ئامراز پێکهاتەی تەواوی کۆمەڵگە و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگۆڕێت! ئەو شۆڕشەی تەلەڤزیۆن لە جیهاندا دروستی کرد، بەهۆی ناوەڕۆكی ئەو بەرنامانە نەبوو کە پەخش دەکران، بەڵکو بەهۆی خودی ئامرازی تەلەڤزیۆن بوو کە شێوازی دانیشتنی خێزانەکان، بەکارهێنانی کات، و درککردنی بینینی ڕووداوەکانی گۆڕی… پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا لەمڕۆی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵیدا وێنە درێژكردنەوەی چاوە یان بینینی نەبینراو و دوورمەوداكانە؟.
تەکنەلۆژیا هەر تەنها ئامرازێک نییە لە دەرەوەی جەستەدا بێ، بەڵکو درێژکراوەی ئەندامەكانی جەستەیە، بێ ئەو درێژكردنەوەیە، بینین و درککردنی مرۆڤ بۆ واقیعی دەوروبەر ناتەواو و هەژارە. ئامرازە دیجیتاڵییەکان (شاشەی مۆبایل، کامێرا، چاویلکەی زیرەک) وەكـ ئەندامێکی نوێی جەستەی مرۆڤ كار دەكەن، مرۆڤی ئەمڕۆ ئەوەندەی لەڕێگەی “هاوێنە و شاشەکانەوە” جیهان دەبینێت و لێی تێدەگات و ڕاڤەی دەكاتەوە، بە چاوی سروشتیی نایبینێت. كەواتە وێنە هێشتا درێژکردنەوەی چاوە، بەڵام چاوێک کە بەشێکە لە تۆڕێکی جیهانیی بینین و درککردن و زانیاری.
هەڵبەتە لای مارشال مەکلۆهان ئامرازەکە (میدیۆم) خودی پەیامەکەیە! نەكـ گوێزەرەوەیەکی بێلایەنی زانیاری یان دیمەن؛ واتە ئامرازێكی نوێ، ژینگەیەکی نوێ و درککردنێكی نوێ بونیاد دەنێت. بەڵام لای (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) كە لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” یەكەمین وێنەی لە مێژوودا تۆمار كرد، پەیامی ئامرازەکە ڕوونکراوەتەوە… ئەو دەڵێ، ئامرازەکە بە کۆپیکردنی واقیع هەڵنەستاوە، بەڵکو بەرهەمێكی کیمیایی خستۆتەوە! بەو مانایەی كە (ئاوێتەكردنی کات، ڕووناکی و کیمیا) ناوەڕۆکی بنەڕەتیی وێنەکەیان پێكهێناوە. ژۆزێف نیسفۆر نیێپس لەڕێگەی دەستکەوتە فۆتۆگرافییەکەیەوە سەلماندی کە وێنە بریتییە لە کارلێکی ڕۆناکی لەگەڵ ماددە (خودی ئامرازەکە)؛ ئینجا پاش سەدەیەک مارشال مەکلۆهان ئەم حەقیقەتەی ژۆزێف نیێپسی کردە بنەمای تیۆریی تەکنەلۆژیا و ڕاگەیاندن.
ئەگەر مارشال مەکلۆهان وێنە وەک پەیام و درێژکراوەی هەستەكانی مرۆڤ تەماشا بكات، ئەوە لای (ژان بۆدریار) وێنە نەک ڕەنگدانەوە یان درێژکراوەی واقیع نییە، بەڵکو “جێگرەوەی واقیعی داڕماوە”! بۆدریار لەو چوار قۆناغەی كە بۆ وێنە دەستنیشانی كردووە و لە قۆناغی چوارەمدا، دەڵێ، وێنە واقیع دادەدۆشێت تا دەگاتە ئەوەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نامێنێت، بەڵكو بۆخۆی دەبێتە واقیعێكی لەڕادەبەدەر (هایپەر واقیع). بەمجۆرە لە میدیای هاوچەرخدا دەبینین، مرۆڤ وێنە وەكـ ڕەمزێكی نوێ دەپەرستێ! بە مانایەكی دیكە ئەمڕۆ وێنە ڕەمزی پەرستشەكانی پێشوو تا نەبوونی ڕاستی دەشارێتەوە و تەواوی ماناكانی لەناو دەبات و (وەرگر-بینەر) دەخاتە سیحری سڕبوون و بێدەنگییەوە، واتە تەكنەلۆیاژی دیجیتاڵی لەڕێگەی سڕینەوەی مانا، چۆڵکردن و بێدەنگکردنەوە، پەرستشێكی دیكە دروست دەکات، چونکە هیچ شتێک نامێنێ یاساکانی ئەو پەرستشە نوێیە پێشێل بکات. بەو مانایە “پەرستنی وێنە” چەمکێکی فەلسەفی و میدیاییە کە گوزارشت لە پیرۆزکردنی وێنە یان پشتبەستن بە وێنە وەک جێگرەوەیەکی تەواوی واقیعی ڕاستەقینە دەکات، تا ئەو ئاستەی كە وێنەکە خۆی دەبێتە کاڵا و کۆنتڕۆڵکەری کلتور، ئابووری و خودی مرۆڤ.
سینەماکاری دیاری شەپۆلی نوێی فەرەنسی (ژان-لوک گۆدار) ڕوانگەیەکی ڕادیکاڵ و سیمیۆتیکی بۆ وێنە هەیە، كە نە وەک نیێپس کیمیاییە و نە وەک مەکلۆهان گەشبینانەیە و نە وەک بۆدریار ڕەشبینانەیە… گۆدار پێی وایە وێنە تەنها نوێنەرایەتیی جیهان ناکات، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییە! دەڵێت: لە جیهانی سەرمایەداریدا وێنە دەکرێتە کاڵا، بەڵام لەڕێگەی مۆنتاژی سیاسی، دەستكاریكردنی ئاستی هونەری و هەڵوەشاندنەوەی زمانی سینەماییەوە، دەشێ بیکەینە ئامرازێکی دژ بە دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای باڵادەست… بەو مانایەش ئەو پێی وایە تێکەڵکردنی بینین و زمان و دروستکردنی بۆشایی لە نێوان دەنگ و وێنەدا، بینەر لە وەرگری بەركارەوە بۆ بڕیاردەر و بیرکەرەوەی چالاک دەگۆڕێت.
وێنە هەڵگری مانایە، بەڵام جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان وێنە و زمان تەنها “چڕکردنەوە”ی مانا نییە؛ بەڵکو میکانیزمی بەرهەمهێنانی مانا لەنێوان زمان و وێنەدا بە تەواوی جیاوازە، ئەو جیاوازییەش بە یەکێک لە بابەتە قووڵەکانی سیمیۆتیک (نیشانەناسی) و فەلسەفەی زمان و وێنە دادەنرێت. وێنە تەنها “چڕکردنەوە” زمان نییە. زمان، ماناکان بە پێی ئەرک و هەڵوێستی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و هێڵی گەشەكردنی مێژوویی هەڵدەنێت؛ بەڵام وێنە، ماناکان بە شێوەیەکی تەواو هەستی، ڕاستەوخۆ دەخوڵقێنێت! زمان لەبارەی جیهانەوە دەدوێت؛ بەڵام وێنە شوێنی جیهانەکە دەگرێتەوە.
لە كتێبی “المصطنع والاصطناع”ی بۆدریار- وەرگێڕانی بۆ عەرەبی “عەبدوڵڵا جۆزێف” چاپكراوی “ڕێكخراوی عەرەبی بۆ وەرگێڕان” چ1 بەیرووت- 2008. لە لاپەڕە 147دا باسی سەرهەڵدان یان تەقینەوەی مانا لە میدیادا دەكات و دەڵێت، هیچ مانایەکی تاقانە و جێگیر بوونی نییە! هەمیشە مانا لەڕێگەی خوێندنەوەی جیاواز و ڕاڤەکردنی جیاواز و خوێنەر و وەرگری جیاوازەوە كۆمەڵێ ڕەهەندی جیاواز دەنوێنێ، یان لەڕێگەی خوێنەر و وەرگرە جیاوازەكانییەوە دەتەقێتەوە!. بەڵام تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی لەبری تێگەیشتن لە مانا و فرەمانایی، “زێدە-نیشانە” دەخاتەوە، زێدە-نیشانەش بەردەوام یەكـ ئەویتر دەسڕێتەوە.
كەواتە واقیعی جێگرەوە و دەستکرد دەبێتە ڕوانگەیەكی جیاواز و گۆڕاو کە بە خێرایی دەستاودەست دەکرێت، بەمجۆرە وەكـ ژان-لوک گۆدار دەڵێ لەڕێگەی مۆنتاژی سیاسی، شێواندنی دراما و هەڵوەشاندنەوەی زمانی وێنەی سینەماییەوە ناتوانین دژ بە دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای باڵادەست بوەستینەوە؛ چونكە بە بڕوای بۆدریار لە تەكنەلۆژیای دیجیتاڵیدا ئەوە ئەلگۆریتمەکانن مانای زمانی وێنە بەپێی ڕەفتاری بەکارهێنەرانی ئاڕاستە دەکەن و زێدە-زانیاریی دەبەخشن و دەستکەوتی مانا قووڵەكان دەسڕنەوە و زمانی وێنە جێگەی “مانای قووڵی زمان” دەگرێتەوە! هەرگیز مەبەست لەم وێنانەش دروستکردنی قەناعەت یان بیرکردنەوەی عەقڵانی نییە، بەڵکو تەنها دروستکردنی “سەرنج” و “کاردانەوەی دەستبەجێ”یە.
بۆدریار لەو كتێبە و بە تایبەت لە بەشی “تەقینەوە یان تەقینەوەی مانا لە میدیادا” پێی وایە کاتێک لێشاوی زانیاری، هەواڵ و وێنەی جۆراوجۆر بەسەر وەرگردا دەبارێت، ئیتر پرۆسەی شیکردنەوە و قووڵبوونەوە لەکار دەکەوێت؛ چونكە وەرگر چیتر کات و دەرفەتی ئەوەی نییە بیر لە “مانا”ی قووڵی ڕووداوەکان بکاتەوە، زێدە- ڕووداو و وێنەی دووەم و سێیەم… جێگەی “مانا” دەگرنەوە؛ لێرەوە بۆدریار دەستەواژەی (تەقینەوە بەرەو ناوەوە) لەبری (تەقینەوە بەرەو دەرەوە) بەكار دەهێنێت، ئەگەر تەقینەوە بەرەو دەرەوە واتای فراوانبوونی مانا و بڵاوبوونەوەی بەرەو دەرەوە و دەوروبەر بێت، ئەوە تەقینەوە بەرەو ناوەوە پرۆسەیەکە تێیدا سنووری نێوان “میدیا” و “واقیع”، یان سنووری نێوان “زانیاری” و “مانا” نامێنێ و تێکەڵ بە یەکدی دەبن؛ بەمجۆرە مانا لەژێر پەستانی بێشوماری نیشانەکاندا بەرەو ناوەوەی خۆی دادەڕمێت.
جەماوەر لەبەرامبەر بێسنووریی و تەقینەوەی میدیایەدا، نە شۆڕش دەكات نە بە ڕەتکردنەوە هەڵدەستێت، بەڵکو دەکەوێتە سیحری سڕبوون و فەزای بێدەنگییەوە… جەماوەر بەدوای جیدییەت و مانا قووڵەكان و ڕاستیی پشتبەستراودا نییە، بەڵکو تەنها بەكارهێنەرێكی پاسیڤی زێدە-نیشانەكانن. میدیا هێندە مانا جۆراوجۆرەکان بەیەکدا دەدات و زانیاری دژبەیەک بڵاودەکاتەوە، تاکو چەمکی “ڕاستیی تەقڵیدی” بە تەواوی لەناودەچێت. بەڵام بۆدریار پێی وایە کێشەی سەرەکیی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و میدیای هاوچەرخ ئەوە نییە کە زانیاریی هەڵە بڵاودەکەنەوە یان ڕاستییەکان دەشێوێنن، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە كە چەمکی “واقیعی ڕاستەقینە” بە تەواوی لەناوچووە. وەكـ چۆن (تێکەڵکردنی بینین و زمان و دروستکردنی بۆشایی نێوان دەنگ و وێنەدا) بینەر لە وەرگری بەركارەوە بۆ بڕیاردەر ناگۆڕێت، چونكە خێرایی و نەبوونی كات هیچ دەرفەتێكـ ناهێلێتەوە.
كەواتە جیهانی دیجیتاڵی و “زێدە-خێرایی”، هێرشی بەردەوامی پەیام و وێنەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و بازاڕی بەکارهێنانی خێرا… تەواوی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و پەیوەندییەكانی نێوان ڕووداو و سیاقە مێژوویی و مرۆییەکان دەپچڕێنێت! بەو مانایە لەبری شۆڕشی ناوەکی و (مۆنتاژی سیاسی ژان- گۆدار و هەڵوەشاندنەوەی زمانی سینەمایی) و تەقینەوەی مانا بەرەو دەرەوە، جارێکی تر مرۆڤ زێدە-کات و بێدەنگی دەکاتە هاوڕێی خۆی و تەنها بۆ جووڵاندنی سۆزی دەستبەجێ یان دروستکردنی کاردانەوەی کاتێكی كەمخایەن، تەواوی ڕووداو و کارەساتە مرۆییەکان، جەنگەکان و قەیرانە سیاسییەکان دەبنە کۆمەڵێک وێنەی خێرا و کورتەفیلم… بەمجۆرە ڕووداو لە سیاقە ڕاستەقینەکەی خۆی دادەبڕێت و بە شێوەی هەواڵێكی خێرا فۆڕمات دەكرێتەوە! ئیتر وەرگر چیتر ناتوانێت پەیوەندییە هۆکارییەکانی لەگەڵ ڕابردوو و ئایندەدا بەیەكەوە گرێ بداتەوە؛ بەمەش مانا لەناو کۆمەڵێک پەڕەگراف و وێنەی پچڕپچڕ و ڕازاوەدا وردوخاش دەبێت، سنوورەکانی ڕووداو و پەردەپۆشكردنی میدیایی، یان هەقیقەت و خەیاڵ لەناو دەچێت، چونكە هەقیقەتی ڕووداوەكان ئەگەر نەکرێنە وێنە یان بڵاونەکرێتەوە، وەک ئەوە وایە هەر ڕووی نەدابێت.
لێرەوە بڕوابوون بە وێنە، سنوری واقیع دەبەزێنێت! بۆ نموونە، وێنەی ناوچەیەکی گەشتیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێندە دەستکاری دەکرێت و دەڕازێنرێتەوە و بە جەزابی نیشان دەدرێت، کە کەسەکە دەگاتە شوێنە ڕاستەقینەکە، هەست بە بێزاربوون و نائومێدی دەکات چونکە واقیعی ڕاستەقینە ناتوانێت بگاتە ئاستی “واقیعی لەڕادەبەدەر”ی ناو شاشەکان… کاتێک مرۆڤ بەردەوام بە نیشانە و وێنەی ئامادەکراو و سیمۆلاكراودا ئابڵوقە دەدرێت، توانای بەرەنگاربوونەوە یان پرسیاڕکردن و ڕەخنەگرتنی لە ڕاستی نامێنێ. ئەو پرۆسەیە دۆخێک لە سڕبوون و بێدەنگیی فیكریی لێدەكەوێتەوە، كە مرۆڤ لە بکەرێکی چالاكەوە بۆ وەرگرێکی بێدەنگ و پاسیڤ دەگۆڕێت کە ڕۆژانە دیمەنە میدیاییەکان و کاڵا ڕەمزییەکان دەستی بەسەردا دەگرن و بەكاری دەهێنن! ئەو پڕۆسەیە، زێدە-هۆشیارییەک بەرهەم دەهێنێت كە پەیوەندیی تاكـ لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و واقیعی سۆزداریی لەناو دەبات.
بۆدریار لە كتێبی “المصطنع والاصطناع” و بەشی” دوایین بەهای تانگۆ” گوتەیەكی “بیرتۆڵت برێخت” دامەزرێنەری “شانۆی حەماسی” دەكاتە دەستپێك كە دەڵێت: “لەوێ كە هیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نییە، پشێوییە. لەوێ كە هیچ شتێک لەو شوێنەدا نییە کە ڕەتی دەکاتەوە لێی بێت، ڕێکسازییە.” برێخت بەو قسەیە پێچەوانەکردنەوەیەکی سەیر بۆ چەمکی “پشێوی” و “سیستەم/نیزام” دەخاتەڕوو. بۆدریار لە بەدواداچوونی ئەو گوتەیەدا دەڵێ، ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین “سیستەم یان نیزام”، لەڕاستیدا سەپاندنی زۆرەملێی شتەکان و بەهاکانە بۆ شوێنێک کە هی ئەوان نییە. بەڵام کاتێک شتەکان ڕەت دەکەینەوە بۆ ئەوەی لەو شوێنە دەستکردەدا نەبن کە سیستەم بۆی دیاری کردوون، دەسەڵات پێی دەڵێت “فەوزا”، واتە كاتێ لە قاڵبی سیستەم دەچینە دەرەوە- دەسەڵات بە فەوزای دادەنێت! بە مانایەكی دیكە كاتێكـ هەموو شتێک بەرز دەکەینەوە (یان ڕههای دەکەین)، هیچ شتێک نامێنێتەوە، لە ئەنجامدا هەموو شتێک بە تێکشکاندن و لەناوچوونی هەموو شتێک یەکسان دەبێت.
هەولێر 7/9/2026

