شۆڕش غەفووری – هەولێر
شۆڕش غەفووری – هەولێرلەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کۆمەڵە چیرۆکی “هۆڤ” لە نووسینی “بەڵێن سابیر” لە دووتوێی ١٢٥ لاپەڕە چاپ و بڵاو بوونەوە کە هەشت کورتە چیرۆک پێک دێن بە ناوەکانی “گوڵە دۆزەخییەکان، فۆتۆیەک کە نییە، سی، سەرەتا پەنجەرەکە لێرە نەبوو، ژوورێک و سەد پشیلەی ڕەنگاوڕەنگ، پاستا، لەودیو پەنجەرە پیاوێک بە بارانییەکی ڕەشەوە، میکانۆ”.
“هۆڤ” بۆ منی خوێنەر تازە بوو، چونکە تێگەیشتم پیاوێکی جوان هەیە کە ڕاڕاترین و قەلەقترین پیاوی دونیایە و بۆ خوێندنەوەی دەقەکانی ناچاریت چەندین جار بچیتەوە ڕستەی پێشەوە و بگەڕێیتەوە دواوە. ڕستەی کورد و دیمەن و فەزای جیاواز، هەموو ئەم کتێبەی تەنیوە. “هەموو شت باشە” لای “بەڵێن”ـی نووسەر، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمە ڕستەیەکی فریودەرانەیە، ئەمەشمان بە خوێندنەوەی کتێبەکە بۆ دەردەکەوێت. بۆمان دەردەکەوێت کە بە ڕووکار دنیا هەمووی باشە و هەموو شتێکی تێدا جێگیر و ڕێک دەڕوات، کەچی ئەگەر بە وردەکاری سەیری دەوروبەرمان بکەین، تێدەگەین “هیچ شتێک باش نییە”، هەموو شتێک خراپە و هیچ شتێکیش جێگیر نییە!
“ڕاوی” یا هەمان “بەڵێن” یا هەمان “کارەکتەرە وردبینەکە”، وەک گێڕەرەوەیەک، ڕووی لە من و تۆی خوێنەر نییە، هێندەی ڕووی لە خۆیەتی، سەیرە من هەمیشە گێڕەرەوەکانم بینیوە کە ڕوو لە خوێنەر یا ڕوو لە خۆیانن، کاتێک کە ڕوو لە خۆیانن دووبارە مەبەستیانە تۆی خوێنەر ئاگادار بکەنەوە و باسی ڕووداوەکانت بۆ بکەن، کەچی ئەم ڕاوییەی “هۆڤ” وەک ئەو لەگەڵخۆقسەکردنەش نییە کە لە زۆرینەی کتێبە چیرۆکییەکانی دیکە هەیە، بەڵکو لەگەڵخۆقسەکردنێکی بێئاگایانە و پشتگوێخستنی خوێنەرە، خوێنەرێک کە سەرسووڕماو و واقوڕماو نازانێت چ بڵێت، نازانێت چ بکات، ئاخۆ بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی یا تووڕی هەڵدا، چونکە هیچ دەروازە و ڕایەڵکەیەکی بۆ نامێنێتەوە بۆ پێشبینیکردن و یا لێکدانەوە.
منی خوێنەر و تۆی خوێنەر بە هیچ شێوەیەک پێشبینی چیرۆک و ڕووداوی نێو چیرۆکەکانی بەڵێنمان پێ ناکرێت، ئاخۆ ئەم کوڕە باشە خۆی هەر چیرۆک ناگێڕێتەوە، بەڵکو ڕاڕاییەکانی خۆی بە خۆی دەڵێتەوە، بۆ خۆیان دەگێڕێتەوە و هیچ ئاگاشی لە خوێنەر نییە، هەرگیزیش بیری لە خوێنەر نەکردووەتەوە، بەڵکو دێت و ئەو شتانەی کە لە دەور و پشتیەتی و هیچ ئەهەمیەتێکیان لای خوێنەر نییە، باسیان دەکات:
“ژوورەکەمان باڵکۆنێکی دوو بە دووی هەیە. ساردکەرەوەکان ئەگەر بکوژێننەوە، دەچمە ئەوێ، لە گەراجی ئۆتۆمبێلەکان دەڕوانم. پیاوەکان، ژنەکانیش هەندێکیان تەلەفۆن بە پەنا ڕوومەتیانەوەیە. لەگەڵ ئێمە قسە دەکەن. تەلەفۆنمان ئێمە زۆرتر بۆ دێت. دواییش، هەندێک جار ناچنەوە. لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەگەر سادر نەبێ لەسەر کورسییە پێکەوەنووساوەکانی ناو باخچەکە دەنوون”.
بەرامبەری بەڵێن کێیە، بەڵێن باسی ئەم وردە شتانەی دەوروبەری بۆ کێ دەکات، کچە یا کوڕ، دۆستیەتی یا غەریبە، ژنیەتی یا وەهم! کەس نازانێت. هەڵبەتە دەزانێت، نا نازانێت، نازانێت کێیە لەگەڵی دەدوێت، ئاوێنەیە یا گوڵدانێکی بەر پەنجەرە، تۆ بڵەی کێ بێت، ئەگەر ژنی بێت ئەی بۆ وەهمئاسا لێی دەڕوانێت، ئەگەر کەسیەتی بۆ هێندە شل و نەرمە، پیاوی کورد کەی وا قسە دەکات، کوا هێندە وردەکارە، کوا تەحەموولی ئەو هەموو شتە وردانەی هەیە، کوا چاوی بینینی ئەو شتۆکانەی دەبێت، نا نازانێت. (سەیرە خەریکە نووسینەکەی منیش وەک هی ئەوی لێ دێت)، هەر چۆنێک بێت نووسەری “هۆڤ” لە ناو ڕاڕاییەکی گەورەی زیندەگیدایە، زیندەگییەک کە دەشێت هەم ئەو شتە بێت کە ئەو باسی دەکات، یا نا بە پێچەوانەوە ڕێک ئەو شتە بێت کە ئەو باسی ناکات. وەک چۆن لە کتێبەکەیدا هاتووە: “هەفتەیەک دواتر، بەیانییەکەی، خەریک بووم ددانم دەشۆردن، فڵچە لە نێو دەمم، سەیری ئاوێنەم کرد، بزانک ڕیشم دەبێ بتاشم. بینیم بە قەڵەمچاو، لەسەر شووشە نووسرابوو (ئێمە هی دوو کەسی هەڵەیین)! گوتم گووخۆرییە، دێرێکی هیچە، نزمتر، نووسرابوو (هەمووی ئەوەیە باوەڕ بکە)!”
لێرەدا بەمەندە خۆم بەسەندە دەکەم و زیاتری لەسەر نادوێم، چونکە هەم زیاتری دەوێت و هەم با خوێنەر لەوە زیاتر فکر و خەیاڵی نەچێت! بۆیە چەند هاوڕێیەکی دیکەیش لەسەر ئەم کتێبەیان نووسیوە و گرنگە بزانین ئەوانیش چ دەڵێن. بۆیە بە کورتی لە نووسینی هەر یەکەیان شتێک دەهێنمەوە:
گۆران سەمەد نووسیویەتی:
“لە هۆڤدا خوێنەر بەر ئەزموونێکی نوێ دەکەوێ لەوەی، لەلایەک هەمیشە دۆخێکی ئاخێزاوی ئامادەیی هەیە و لەلایەکی ترەوە کە دەربڕینەکان یەکجار کورت و تۆکمەن. وەک خشتی دیوارڕۆنان نا! بەڵکو وەک ئەو پارچە کەرپووچانەی بۆ تەنوورێک پێویستن، وان. زمانی چیرۆکەکان دۆخی تەریب و یەکگرتووانەی هەیە؛ لە هەر هەشت چیرۆکەکەدا. ئەمەش دیسان لە دوو لایەنەیە، یەکەم: باڵادەستی نووسەر نیشان دەدات و کەمتر ئازادی داوە بە خولقێندراوەکانی ناو چیرۆکەکان و لە پەل و پۆ خستنی ئازادییەکانی ئەوانە، کە زمانەکەیتیان.
دووەم: ئەم جۆری زمانی هاوبەشە لە سەرجەم چیرۆکەکاندا توانای نووسەرمان نیشان دەدەت لە گرنگیدانی بۆ زمان و خەسارەت پێنەکردنی وشە و ڕستەی بێ وەزیفە”.
سندی ڕێشاخ باسی فۆتۆ دەکات لەم کۆمەڵە چیرۆکە و دەنووسێت:
“هەموو ئەو دێڕانەی لەم کۆمەڵەچیرۆکە بۆ من وێنەی تایبەتن، بە قەڵەم ڕەنگ نیشانم کردوون. بە جۆرێک لە وێنەی نێو دێڕەکانی دەڕوانم، وەک ئەوەی نوسەر فۆتۆگرافەربێ و ئەزموونێکی زۆری لەم هونەرە هەبێ. تێدەگەیت بێهۆکار زوومی کامێرە ڕووی لە شەقام و کەرستە و کەسەکان نییە، لەخۆڕا ژمارەی (ئەپاچەر و شەتەر) بەرزی و نزمی پێنەکراوە. خوێنەر ئەگەر فۆتۆگراف یان ڤیدیۆگراف بێ و سەرێک لەم هونەرە دەرکا و یاساکان بزانێت، بە نموونە: لە چیڕۆکی حەفتەم (لەودیو پەنجەرە، پیاوێک بە بارانییەکی ڕەشەوە) درک بەمە دەکا، کە نووسەر چەند لێزانانە یاساکانی جێبەجێکردییە. نوسەری هۆڤ لە یەکێک لە چیرۆکەکانی لە دەمی کارەکتەرێکەوە باسی کامیرای “کانون” دەکات، بەڵام لە هیچ شوێنێک باسی ڕێکخستنی (ئەپاچەر و شەتەر و ئایزۆ و وایت باڵانس) ناکات. ئەوە خوڵقاندنی ئەم وێنە گونجاوانەن وا دەکات منی فۆتۆگرافەر وا هەست بکەم نوسەر چوونکە کاری تەواوی بۆ سیتینگی کامێرا کردووە، بۆیە کۆمەڵێک وێنەی بێکێشەی پێ داوم.”
ئارام محەمەد لەبارەی شوێن لە هۆڤدا دەنووسێت:
” شوێن لەم چیرۆکانە گرنگە، چونکە خەیاڵ کۆتوبەند کراوە، خراوەتە ناو سنوورەکانی ئەو ماڵە، ئەوەی وا دەکات ژیان بەو جۆرە بێت کە ئەوان (کارەکتەرەکان) دەیانەوێت ئەو خۆکۆنتڕۆڵکردنەیە. دوو بەدوو دانیشتوون، هەم چێژ لە ژیان وەردەگرن، هەم شەڕ دەکەن، هەم خەیاڵ دەکەن، بەڵام شەڕ بە ژیان نافرۆشن، هەموو ئەمانە لە ماڵدا ڕوو دەدەن، لەهیچ یەکێک لە چیرۆکەکان، کارەکتەر لە ماڵ ڕاناکات، بەڵکوو بەدوای ماڵدا دەگەڕێت. ماڵ واتا ژیان، کارەکتەر لە ماڵ یاخی نییە، لەو ترسە یاخییە کە ماڵ نائارام دەکات. کارەکتەرەکان، سەرەڕای هەزاران برین، لە ژیان یاخی نین، بەڵکوو خەریکی ژیانن. یەکەم ڕستە، کارەکتەرەکە دەڵێت: هەموو شت باشە. ئەم ڕستەیە مانیفێستی دیوی جوانی ژیانە. لە کۆتاییدا هەرچەند دۆخ خراپ دەرکەوێت، ئەوە پێوەندی بە ژیانەوە نییە، ئەوە ناهاوسەنگی دۆخی ئێمەیە.”
ئەمیر سیراجەدین لەسەر چیرۆکەکان دەنووسێت:
“بەڵێن سابیر، لە کۆمەڵەچیرۆکی هۆڤ کە لە هەشت کورتەچیرۆک پێک دێت، هەوڵی داوە لە چوارچێوەی گێڕانەوەیدا ئەم هەستیارییە بە خەرج بدات. من پێم وایە سەرکەوتوو بووە، باشیش. هۆڤ” لە هەشت چیرۆکی زنجیرەیی پێکدێت؛ کە هەم دەشێ بڵێین گرێدراون بەیەکەوە و هەم نا. لەبەر ئەوەی گێڕانەوەی هەر ئانوساتێک لە قاڵبی خۆیدا، چیرۆکێکی تایبەت بە خۆی هەیە. “هۆڤ” تەڤلەهەڤێک لە ڕاڕای، دوودڵی، قووڵبوونەوە و سترێسێکی زمان و زەمەنییە. نووسەر هەوڵی داوە لە فۆرمێکی تازەدا وێنای ڕووداوەکان بکات، کە بە دڵنیاییەوە بۆ ئەو شێوە ژانر و مژارە، گونجاوترینیانە. لە هۆڤ”دا بەردەوام تووشی کورتاندن، لە کورتیدان، پچڕان و ناتەواوییەکی هەستەکی و زەمەنی دەبیت. بە تایبەت نووسەر لە ڕێی فلاشبەگگەلێک بۆ پاش و پێشی رووداوەکان، بە باشی ئەو نائارامییە وێنا دەکات. بە ڕای من سەرکەوتووترین دەق، ئەو دەقەیە بتوانێ بەرفرەترین وێنا بۆ خوێنەر لە رووداوەکان دروست بکات، ئەویش نەوەک لە رێی زۆربێژییەوە، بەڵکوو لە ڕێی هێما و نیشانەکانەوە. ئەم فۆرمی گێڕانەوەیە ڕێگا دەدات خوێنەر خۆشی ببێت بە بەشێک لە چیرۆکەکان.”