شاندی باڵای دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندی باڵای دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کرد، بەمەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ، بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داراییی فیدڕاڵ
لە سەرەتادا، شاندەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری داراییی فیدڕاڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ، بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پرۆژەیاساکە خستەڕوو.
لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستیی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کراوە، بەمەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەر دوو حکومەت. لە بەرانبەردا، وەزیری داراییی فیدڕاڵ پێشوازی لە بەشداریی شاندی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە کە وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ، لە ڕۆشناییی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ
دواتر شاندەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکومی ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێم جەختی لەوە کردەوە؛ هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بەگوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پرۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگەکان و پترۆدۆلار.
هەروەها، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سوودەکانیان بەشدارە؛ بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سوودەکانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.
لە بەرانبەردا، شاندی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ پێشوازی لە پێشنیارەکان کرد و ئامادەییی خۆی بۆ تاووتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەربڕی. هەردوولاش لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی تەکنیکی و یاسایی، لەم بوارەدا ڕێککەوتن.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ
لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.
ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی ئەو بڕگانەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی داراییی ٢٠٢٧ و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.
شاندی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەر دوو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ.
لە بەرانبەردا، وەزیری نەوت و شاندی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیارەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی ٢٠٢٧ و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستووری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و بەهێزکردنی هاوکاریی دارایی و ئابووری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستووری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرانبەردا جەختی لە بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

