پارێزگاری هەولێر: قەیرانی غاز نییە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان کاتییە

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، هۆکاری کێشەی غاز ئەوەیە کێڵگەی کۆرمۆر نۆژەن دەکرێتەوە و ئەوەش وایکردووە رێژەی بەرهەمهێنانیان دابەزیوە. دەشڵێت: پێویست ناکات خەڵک دڵەڕاوکێ بێت، لە دوو هەفتەدا نۆژەنکردنەویە کێڵگەکە کۆتایی دێت و بەرهەمهێنانی غاز دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی.

ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “هۆکاری بەرزبوونەوەی غاز ئەوەیە کێڵگەی کۆرمۆر نۆژەن دەکرێتەوە، بێگومان ئەوەش وادەکات رێژەی غازی شل کەمبێتەوە، ئێمە بەردەوام لەگەڵ خاوەن کارگەکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە گفوگۆداین و ئیجرائاتمان دەستپێکردووە، چونکە کە رێژەکە کەمدەبێت خواست زیاتر دەبێت، خەڵک لە دڵەڕاوکێیە و پێی وایە قەیرانی غاز دروست دەبێت، دڵنیایی دەدەین کە قەیران دروست نابێت و نرخی غاز بەرزنابێتەوە، لە ماوەی دوو هەفتەدا کێڵگەکە نۆژەن دەکرێتەوە و رێژەکە دەگاتەوە ئاستی جارانی خۆی”.

گوتیشی: “بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی غاز ئیجرائات لەگەڵ خاوەنی بریکار و خاوەن کارگەیەک کراوە، لەمەودوا هەر ئۆتۆبێلێکی دابەشکردنی غاز دەبێ پۆلیسێکی لەگەڵ بێت، بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن دابەش دەکرێت”.

پارێزگاری هەولێر جەختیکردەوە: “قەیرانی غازمان نییە و لە ماوەی دوو هەفتەدا کارگەکە نۆژەن دەکرێتەوە بەرهەمهێنانی غاز دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی”.

ھەواڵی زیاتر