هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بە كورتی بە كوردی

هۆشیار سیوەیلی

٣١ ساڵ لەمەوبەر
بـــا تەنیا بۆ چەند ســـاتێک بگەڕێینەوە بۆ ٣1 ســـاڵ بەر لە ئەمڕۆ و دۆخی ئەو ســـێ حەفتەیەی شـــار و شـــارۆچکەکانی کوردستان بهێنینـــەوە بەرچاوی خۆمان، با بۆ چەند ســـاتێک بچینە ناو ناخی جەماوەری ڕاپەڕیـــو و گوێ بۆ گڕکانی هەڵقـــولاوی ڕقی پیرۆزیان بگرین و کەمێک لە دنیای خەون و ئاواتەکانیاندا بژیین. ئەوانەشـــی شەرەفی بەشـــداریی ڕاپەرێنیان پێ بڕا و هێشتا لە ژیاندا ماون، با بۆ چەند ساتێک پانۆرامای ڕووداوەکان بهێننەوە بەرچاوی خۆیان. جەماوەرێکـــی ڕاپەڕیو و یەکگرتووی پشتئەســـتوور بە هێزی خۆی و ڕقی کەڵەکەبووی چەوســـاندنەوەی چەندین ساڵەی ڕژێمی بەعس و تاوانی ئەنفال و کیمیابـــاران، نەک تەنیا تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت ئایندەیەکی باشـــتر بنیاتبنێ و بەرە و ئاســـۆیەکی ڕوونتر هەنگاو بنێ. هەر ئەم ژانە قورســـەی لە دایکبوون، هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و حکوومەتی لێ کەوتەوە. ٣1 ســـاڵ لەمەوبەر بۆ ئێمەی کورد و کوردســـتانی سەرەتایەک بوو بەرەو دامەزراندنی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە حەسرەتی بێدەوڵەتی و ژێردەستەیی. ٣00 ساڵ لەمەوبەر ئەحمەدی خانی مەزن فەرمویەتی: ئایا بە چ وەجهـ بوونە مەحرووم (بالجملە) ژ بۆ چە بوونە مەحکووم ڕەنگـــە هەموو ئاواتەکانی خانی و پاڵەوانانی داســـتانی ڕاپەڕینمان نەهێنابێتـــەدی و ئاواتی لە مێژینەی ســـەربەخۆیی و ســـەرفرازی نەتەوەییمان تووشـــی نسکۆیەکی تر بووبێت، بەلام ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە هێنانـــەدی ئەو ئاواتە نزیکترین و دەرفەتی هێنانەدی ئەو خەونە لە هەموو کات لەبارتر و ڕەخساوترە. با لە هەڵەکانمانەوە فێربین و هێشـــتنەوە و بەهێزبوونی ئەم هەرێمە بکەینە پلان و بەرنامەی هەمیشـــەییمان و نەیەڵین ئەم مەشخەڵەی کە ســـووتەمەنییەکەی تین و گڕی خوێنی ســـەدان هەزار شەهید و دەریایەک فرمێسکە، بکوژێتەوە. با یەک دڵ و یەک دەست و بە ڕێزگرتن لە دەزگا و دامەزراوەکانمان و چەســـپاندنی ســـەروەری یاســـا و حوکمڕانـــی باش، ئـــازادی و سەربەســـتیمان بەردەوام و مسۆگەر بکەین؛ هەروەک خانی کوردان فەرمویەتی: کوردیش کە ببایە یەک دڵ و دەست دەستیان دەکەوت ژیانی سەربەست