هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وه‌زیری ته‌ندروستی: رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆرۆنامان تێپه‌ڕاند

كۆنفرانسی پێداچوونه‌وه‌ و چاكسازیكردن له‌ سیسته‌می ته‌ندروستی، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، وه‌زیری ته‌ندروستی ئاشكرای ده‌كات، ئامانج له‌م كۆنفرانسه‌دا پێداچوونه‌وه به‌ داتا و زانیاریی و واقیعی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

د. سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ گوتاری پێشوازی كۆنفرانسی پێداچوونه‌وه‌ و چاكسازیكردن له‌ سیسته‌می ته‌ندروستی رایگه‌یاند، ئامانج له‌و كۆنفرانسه‌دا، پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ لایه‌نه‌ خراپ و باشه‌كانی سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی بره‌و به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان بده‌ین.

د.سامان به‌رزنجی راشیگه‌یاند، كه‌رتی ته‌ندروستی، كه‌رتێكی ته‌واو خزمه‌تگوزارییه‌، بۆیه‌ ئامانجی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ئاشنابوونی هاووڵاتیانه‌ به‌ سیسته‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كان، چونكه‌ هه‌موو كار و پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ته‌نیا بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

وه‌زیری ته‌ندروستی روونیكرده‌وه‌، كاینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی ته‌واوی به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی داوه‌، كه‌ پاڵپشت و پشتگیریییه‌كی ته‌واوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كات، به‌ ئامانجی به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان.

ئه‌م وه‌زیره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به كۆرۆنا كردوو و گوتی: ” رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و جیهان، شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی كۆرۆنامان تێپه‌ڕاند، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو كۆرۆنا له‌ ته‌واوی جیهان بڵاو بووه‌وه‌. ده‌شڵێت: “له‌ماوه‌ی ساڵی 2021 زیاتر له‌ 13 ملیۆن هاووڵاتی سه‌ردانی دام و ده‌زگاكانی ته‌ندروستیان كردووه‌، پتر له‌ 12 ملیۆن پشكنین، ملیۆنێك و 300 هه‌زار جۆره‌كانی تیشك، 223 هه‌زار نه‌شته‌رگه‌ری بۆ هاووڵاتیان ئه‌نجامدراون، به‌ هه‌زاران هاووڵاتیش سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ فریاگوزارییه‌كانیان كردووه‌.

وه‌زیری ته‌ندروستی باسی له‌وه‌ش كرد، خزمه‌تگوزاری له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شێرپه‌نجه‌، گورچیله‌ و دڵ، بۆ نه‌خۆشانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ رێژه‌ی %40 چاره‌سه‌رییان بۆ كراوه‌.

سامان به‌رزنجی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان سیسته‌مێكی كۆنه‌، هاوتا خۆمان له‌گه‌ڵ سیستمی ته‌ندروستی جیهانی ده‌گونجێنین، 11 هه‌زار قه‌ره‌وێڵه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان هه‌ن.