هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا-کوردستان کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا-کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی کۆبووەوە.

‎مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئاداری 2022، پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا-کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی کرد.

‎لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، پوختەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە بازرگانییەکە خستەڕوو کە بە هەماهەنگی 

‎نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا و ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا -کوردستان ڕێکخراوە و لە نوێنەرانی دوازدە کۆمپانیاى جیاوازی ئەمەریکی لە بوارەکانی پیشەسازى خۆراک، وزە، تەکنەلۆجیا و نیشتەجێبوون پێکهاتووە.

‎لە کۆبوونەوەکەدا، تیشکمان خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، کە ئامانجی سەرەکیمان هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە لە هەرێمی کوردستان.

‎لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە. هەروەها دووپاتمان کردەوە کە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نادەستوورییە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە و لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیشدا نییە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین، لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و دەستووری بۆ کێشەکان.

‎لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، كار و بەرنامەی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان و  عێراق خستەڕوو.