داهاتی سلێمانی ١٥٠ ملیارە و دوو مانگەیەک دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت نەگەڕاوەتەوە

بەشێکی هۆکاری دواکەوتنی مووچە لە ئێستادا نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانیە بۆ خەزێنەی حکوومەت و بە پێێ لێدوانی کەسانی ئاگادار و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان، مانگانە داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی ١٥٠ ملیار دینارە و ٢ مانگە هیچ داهاتێکی نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت.

سەبارەت بە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێنجشەممەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٢٦ مانگی رابردوودا بەغدا تەنیا ١٢ مانگ ئەو پارەیەیان بۆ ئێمە ناردووە، ١٤ مانگ بەغدا ئەم مافەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی نەناردووە، ئەمە ھەمووی داتایە،حکوومەت ھەموو ھەوڵێکی داوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و لە زۆربەی بوارەکانیشدا کراوە و ئەنجامەکەشی دیاربووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی خۆمان دابین بکەین و لە پێشینەی کارەکانی ئێمەدایە، پێویستە ھاووڵاتییان و خەڵکی کوردستانیش متمانەی تەواویانبە حکوومەتی خۆیان بێت و ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین.
پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت:” چەندین وەزیر ھەن قسەیان لە سلێمانییەوە دەشکێت و بڕیارەکانییان پێشێل دەکرێن و لەلایەن دەسەڵاتیحزبییەوە بێھێز کراون، بەڵام ناتوانن ئەمە بەدەنگی بەرز بۆ خەڵکڕوونبکەنەوە و بەجورئەتەوە پەنجە ناخەنە سەر برینەکان و تۆپەکە ھەڵ دەدەنەوە باوەشی پارتی و حکوومەت.
ھەورامی، دەشڵێ، سلێمانی ئێستابەهۆی دیار نەبوونی داهاتەکەی، بەھۆی دەستبردن بۆ پارەی منداڵانی بێ سەرپەرشت، بەھۆی بردنی پارەی مامۆستا و ئاسایش، بەھۆی تاپۆکردنی زەوییەکانی لەسەر حزب، بەھۆی داواکردنی پشک و پارەی پێشەکی و ڕەشووە بۆ دارایی حزب، بەھۆی فرۆشتنی گردو باخچەو شاخ و دارو دیواری، بەخراپترین ساتی مێژوویی خۆیدا تێدەپەڕێت، حزبێک ئەم شارەی خنکاندووە و دەستی خستۆتە قوڕ قوڕاگەی و خەریکە لەناو زبڵ و خاشاکی خۆیدا نوقمی دەکات، زۆرینەیڕۆشنبیر و قسەکەرەکانی ناوی خەسێنراون و کەمێک ماون بەجورئەتەوە پەنجە بخەنە سەر ئەم برینانە، ئەوانەی بۆ مێشوولەکەی پارتی قەڵەمیان تیژە، چاو و گوێیان داخستووە بۆ گای خەڵکی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند:” بەپێی ئەوەی کۆکردنەوەی داھات بە شێوەیەکی مەرکەزی نییە و لەلایەن ئیدارەی پارێزگاکان داھات کۆدەکرێتەوە، ئەمەش بۆتە ھۆکار کە داھاتی پارێزگای سلێمانی نەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، ماوەی دوو مانگەیەک دیناری داھاتی سنووری سلێمانی نەگەڕاوەتەوە بۆ حکوومەت.
کاکەیی، ئەوەش گوت:” کاتێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە چاکسازی کرد بۆ زیادکردن و ڕێکخستنەوەی داھات لەڕووی دارایی و ئیدارییەوە چاکسازیەکە لە ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر بە شێوەیەکیڕێکوپێک بەڕێوەچوو، بەداخەوە لە سنووری سلێمانی ئەوانەی ئیدارەی پارێزگاکە دەدەن ھۆکار نەبوون بۆ چاکسازی لە داھات، ئیدارەی سلێمانی ھەر دەست بەسەرداگرتنی داھات نەوەستاوە، قۆناغێکی دیکەی دەست پێکردووە ئەویش تەواوکەری ئەو پیلانەیە کە ھەندێک لایەنی شۆڤێنی لەڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە لە بەغدا ھەوڵی وشکردنی سەرچاوەکانی داھاتیھەرێمی کوردستان دەدەن، ئەویش لە پێناو لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە لەڕووی داراییەوە”.
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە “ھەولێر”ـی گوت:” ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا بەپێی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدایە، دەبێت حکوومەتی عێراق تا پەسەندکردنی بوودجەی ٢٠٢٢ ھەموو مانگێک رەوانەی ھەرێمی بکات، بۆیە ئەوەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەکات نایاسایی و نادەستوورییە، پێویستە بە زووترین کات حکوومەتی عێراق ئەو ٢٠٠ ملیارە بێ دواکەوتن رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، تا مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا بدرێت.
شێروانی، ئاماژەی بەوەشکرد:”وەکو فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە زۆرترین مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنین، ھیوادارین ھەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەیەکڕیزی کار بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەین و مافی زیاتریش بە دەست بھێنین، ئەوە لە ئەولەویەتی کارەکانی فراکسیۆنی پارتی دەبێت”.
ئەوەی مایەی نیگەرانیی هاووڵاتیانە، لایەنە سیاسییەکانی سلێمانیش، تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوە و هەڵوێستێکی بەهێزیان نەبووە سەبارەت بەو دۆخەی پارێزگای سلێمانی و تەنانەت چالاکوان و ڕۆشنبیرانیشی بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ھەواڵی زیاتر