كۆمپانیاكانی خۆراك بەڵێن دەدەن نرخ بەرز نەكەنەوە

بە گوێرەی گوتەی چاودێرانی بازرگانی، خۆراك بایی شەش مانگ لە كۆگاكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆیە مەترسیی نەمانی خۆراك نییە و نابێ گران بكرێت، بەڵام لە هەندێك شوێن، نرخ بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو، نرخی هەندێ خۆراك بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە رۆن و، شەكر و، ئارد؛ نرخەكانیش پێنج شەش هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
بەرزبونەوەی نرخی خۆراك بابەتێكی جیهانییە و لە زۆرێك لە وڵاتاندا نرخی هەندێك خۆراك بەرز بووەتەوە؛ بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر
ئاماژە دەدات، نرخ لە سەرچاوەكانیەوە بەرز بووەتەوە، نەك لە ناوخۆی هەرێمی
كوردستانەوە.”
دووكانی كۆڵانان، یاخود ماركێتە بچووكەكانی ناو كۆڵانەكان، نرخی خۆراكیان بەرز كردووەتەوە و هاووڵاتیان نیگەرانن؛ مەحموود رەحیم، دانیشتووی گەڕەكی كوێستان لە هەولێر، دەڵێت، نرخی خۆراك بەرز بووەتەوە، كاتێك دەپرسین بۆ بەرزتان كردووەتەوە، دەڵێن ئێمەش کە دەیهێنن بە گران دەیكڕین.
رەحیم دەڵێت: “پێویستە لەسەر حكوومەت، چاودێری نرخی خۆراك بكات، بە تایبەت لە ماركێتەكانی كۆڵانەكاندا، چونكە لە مۆڵە گەورەكاندا رەنگە نرخ بەو شێویە نەبێت. پێشتر نرخی شەكر هەرزان بوو، بەڵام ئێستا گران بووە و ئارد و رۆنیش بە هەمان شێوە.”
مزەفەر سابیر، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، باس لەوە دەكات کە لە مۆڵە گەورەكاندا نرخ گران نەبووە، بۆیە هیچ شوێنێكیان لەبەر گرانکردنی نرخ دانەخستووە، ئەوەی هەیە تەنیا لە ماركێتی كۆڵانەكان گرانیان كردووە.
باسی لەوەش كرد، ١٥ كۆگای گەورەی خۆراك هەن لە هەولێر و بەڵێنیان داوە كە بە هیچ شێوەیەك نرخ گران نەكەن.
ئەوەی كە زۆر فۆكەسی خراوەتە سەر، نرخی زەیتە كە بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە؛ محەمەد، خاوەنی ماركێتێكی بچووكە لە گەڕەكی هەولێری نوێ ئاماژەی دا، نرخی زەیت بۆیە گران بووە، زۆربەی زەیت لە ئۆكراینەوە هاوردە دەكرا، ئێستاش بە هۆی شەڕەی ئۆكراین و رووسیاوە، زەیت هاوردە ناكرێت و ئەمەش وای كردووە كە نەرخەكە گران بێت.
ئەڵبەت چەند ماركێتێكی بچووكی كۆڵانان، نرخیان بە هیچ شێوەیەك گران نەكردووە و دەڵێن ئەوەی هەمانبووە پێشتر كڕیومانە، بۆیە نرخ گران ناكەین و ئەگەر لەمەولا نرخ گران بێت، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
ئەوەی گرنگە تاوەكو ئێستا، نرخی نان لە هەرێمی كوردستاندا گران نەبووە ئاخر گەنمێكی زۆر هەیە و ئەو سایلۆ تازانەی دروست کراون و گەنمی جووتیاران دەكڕن، كاریگەرییەکی زۆری هەیە تا نرخی نان گران نەبێت.

ھەواڵی زیاتر