پارێزگاری هەولێر؛ هەر کەسێک بە گران کاڵا بفرۆشێت شوێنەکەی دادەخرێت و ناوی شوێنەکەشی بڵاو دەکەینەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نرخی شتومەک بە تایبەتی پێداویستییەکانی خۆراک وەک رۆن و ئارد و برنج لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بۆتەوە و بەشێک لە بازرگانان جەنگی ئۆکراینایان کردۆتە دەرفەت بۆ ئەوەی شتومەکی کۆگاکانیان کە ساڵێکە بەسەریەکدا کەوتوون بە نرخێکی زۆر گرانتر لە نرخی راستەقینە ساغ بکەنەوە.

دۆخەکە بەتایبەتی دوای ئەوە قۆستراوەتەوە کە هەندێک میدیا باسیان لەوە کرد بەهۆی جەنگی ئۆکراینا هەناردەی وڵاتەکە لە گەنم و رۆن و پێداویستیی تری خۆراکی بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان دابەزیوە و بە هۆی ئەوەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کڕیارەکانی ئەو وڵاتە، ئەوا شتومەکەکان بە گرانتر دەگەنە کوردستان.
سەیر لەوەدایە هەرێمی کوردستان و بە عێراقیشەوە پێداویستییە خۆراکییەکانی، تەنیا لە یەک وڵاتی جیهان دابین ناکات و لە وڵاتانی کەنداوەوە بگرە تا دەگاتە چین و هیندستان و وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیا، شتومەک و پێداویستی خۆراکی بە لێشاو دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان و بازاڕەکان و کۆگا خۆراکییەکانی پێ پڕ دەکرێت.
تەنانەت لە سەردەمی جەنگی داعش و دواتر لە سەردەمی ریفراندۆم و داخرانی دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و سەردەمی کۆرۆناش هەرێمی کوردستان تووشی کێشەی کەمیی خۆراک نەبوو و لە سەرجەم ئەو قۆناغانە ئەگەر شتومەک گران بووبێت هۆکارە سەرەکییەکەی قۆستنەوەی هەلی بازاڕە لە لایەن هەندێک بازرگانی چاوچنۆک و پاشان بەرزبوونەوەی داخوازییە لەسەر شتومەکەکان بەهۆی ناهۆشیاریی بەشێک لە خەڵک و کڕیاران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگار و قایمقامیەتی شارەکان لە دوێنێوە هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی پێش بەوە بگرن چیتر بازاڕ لە لایەن ئەو جۆرە کەسانە بە خراپ بە کار بهێنرێت و سزا و لێپێچینەوەی توند دیاری بکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند هه‌رکه‌سێک به‌گران کاڵا بفرۆشێ لێپێچینەوەی توندی یاسایی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، شوێنه‌که‌ی داده‌خه‌ن و ناوی شوێنه‌که‌ش بڵاوده‌کرێته‌وه. ئەو ئاماژەی داوە لەگەڵ تیمه‌کانی قایمقامیه‌ت و چاودێری بازاڕ کۆ بوونه‌وه‌ و بڕیاریان دا، تیمه‌کان به‌ وردی و چڕی و به‌رده‌وامی چاودێری بازاڕ بکه‌ن، هه‌رکه‌سێک به‌گران کاڵا بفرۆشێ لێپێچینەوەی توندی یاسایی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و شوێنه‌که‌ی داده‌خه‌ن و ناوی شوێنه‌که‌ش ئاشکرا دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر