پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

په‌یامی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌بۆنه‌ی 8ی مارس، رۆژی جیهانی ئافره‌تان

8ی مارس، رۆژی شانازیكردنه‌ به‌ده‌ستكه‌وته‌كانی ئافره‌تان له‌ رابردوو و ئێستادا، ڕۆژی بریاردانه‌ له‌ بوونی ره‌گه‌زی مێ وه‌ك هاوبه‌ش و كاریگه‌ر له‌به‌شداریكردن و ‌به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگە‌.

له‌هه‌رێمی كوردستان، خه‌باتی ئافره‌تانی كوردستان له‌پێناو بنیادنان و چه‌سپاندنی ئه‌و رۆڵ و ئەرکە‌ راسته‌قینه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵە بە ئامانجی‌ ده‌سته‌به‌ركردنی ته‌واوی مافه‌كانی ئافره‌تان له‌رێگه‌ی چالاكی و هێڵی جیاوازه‌وه‌ كاری بۆ ده‌كرێت.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به‌رده‌وام پێداگیری له‌سه‌ر یه‌كسانی جێنده‌ری له‌خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كاته‌وه‌، لەو جیھانبینییەوەیە بۆ ‌دروشمی ئه‌مساڵ بۆ رۆژی جیهانی ئافره‌تان شكاندنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی کە ھزری دواکەوتووی کۆمەڵگە دروستیکردوون و بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم سەلماندنی مرۆڤبوونی ئافرەت، کردۆتە دروشم و کاری بۆ دەکات. ھاوکات داوا ده‌كه‌ین كه‌ زیاتر گرنگی به‌ پرسی ئافره‌تان بدرێت و ئەم خاڵانەش وەک میکانیزمێک بۆ چارەسەر و باشترکردنی رەوشی ئافرەتان دەخەینەڕوو:
١. دیاردەی ئافرەتکوژی کۆتایی پێبھێندرێت، چونکە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت دەبێتە کلتوورئەمەش تەواو پێچەوانەی دابونەریتی کوردەوارییمانە.
٢. پێویسته‌ رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان به‌هه‌ماهه‌نگی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌تی ھەرێم و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له‌رێگه‌ی به‌رنامه‌ی جیاوازه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ تێگه‌یشتن و بڵاوكردنه‌وه‌ی كلتوری مرۆڤسالاری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، و دانانی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌ خێزانییه‌كان كه‌ له‌ئه‌نجامی تێگه‌یشتن و په‌یوه‌ندییه‌كی دروست له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر دروست ده‌بێت.
٣.سزای توند به‌سه‌ر بكوژانی ئافرەتدا جێبه‌جێ بكرێت و بەھیچ شێوەیەک دانیشتنی کۆمەڵایەتی بۆ دەرچوونیان لەسزاکانیان، پەسەند نەکرێت.
٤. میدیا و میدیاکارانی کوردستان چیدیکە چیرۆکی کوشتنی ئافرەت وەک مانشێت بەکارنەھێنن، بەڵکو تەرکیز بکەنە تاوانباران و ئاماژە بەو سزایانە بدەن کە بەھۆی ئەو کارە نامرۆڤانەوە وەریدەگرن.
٥.پێویستە ئافرەتانی کوردستان ھۆشیارتربن لەبەرامبەر ھەر نادادپەروەری و زوڵمێک به‌رامبه‌ریان دەکرێت و لەرێگەی یاساوە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن، بۆئەوەی درێژەنەکێشێت و نەبێتە ھۆکاری بڕیاری ھەڵە لەبری رزگاربوون لەئاریشەکان کۆتایی بەژیانی خۆیان بێنن.
ئەم رۆژە جیھانییە له‌ته‌واوی ئافره‌تانی كوردستان پیرۆزبێت، ھیوادارین چاونەترسانە ئەو بەربەستانە بشکێنن کە بوونەتە رێگر لە گەیشتن بەئامانج و مرۆڤبوونیان.
یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان
٨ی مارسی ٢٠٢٢