ھەشتی مارس و بەردەوامی تێكۆشان بۆ ئازادی و یەكسانی

د.ڤیان سلێمان

هەشتی مارس بە تێکۆشان و قوربانیدانی گەورەی ئافرەتان بەدەست هاتووە، ئەو ڕۆژە، ڕۆژی بە ئاگاهاتن و یەکگرتنەوەی ئافرەتانە بەرامبەر جیاکاری و ناهاوسەنگی پێگەی مرۆڤبوونیان . ئەو ڕۆژە، ڕۆژی داواکردنی مامەڵەی یەکسانە .
ڕۆژی بەرخودان و وەستانەوەی ئافرەتە بەڕووی ستەم و نادادپەروەری. ئەگەرچی ڕووداو و فاکتەرەکانی درووستبوونی هەشتی مارس تایبەتە بە تێکۆشانی ئافرەتانی ئەمەریکا و وڵاتانی پیشەسازی کە ئافرەتان دەستحەقی کەمتر لە پیاویان پێدەدرا و دەچەوسێنرانەوە، بۆیە داوای کرێی یەکسانیان دەکرد.
دواتریش داواکارییەکان فراوانتربوون، بەگشتی ئافرەتانی توێژەکانی دیکەش داوای یەكسانی و مافی یاسایی و سیاسییان دەکرد، بەڵام بەگشتی هەشتی مارس بۆ هەموو ئافرەتانی جیهان گرنگی و پیرۆزی خۆی هەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئافرەتان لە تەواوی کۆمەڵگەکان پرسێکی هاوبەشیان هەیە، کە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ لێکەوتەکانی هزری باوکسالاری کە بوویتە مایەی ستەم و نادادپەروەری لەسەر ئافرەت و تێکۆشانە بۆ ژیانێکی باشتر، هەربۆیە هەشتی مارس دەرفەتێکە بۆ شانازیکردن بە دەستکەوتەکان؛ هاوکات وێستگەیەکە بۆ سووربوون لەسەر پرەنسیپەکانی تێکۆشانی یەکسانخوازی بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە.
لەهەمانکات وەک دەبینین دوای ئەو مێژووە دوورودرێژە و دوای چەندین گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانی و باری کۆمەڵایەتی گەلان و کاریگەرییەکانی جیهانگیری،دوای خەباتی دوورودرێژی ئافرەتان بۆ ماف و یەکسانی؛ تا ئێستاش لە هیچ شوێنێکی دونیا ئافرەتان بە تەواوی بە ماف و دەرفەت و لێپرسراوەتی یەکسان نەگەیشتوون. تەنانەت لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا ڕووبەڕوون
لەگەڵ توندوتیژی و جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر.
ئافرەتی کوردیش وەک سەرجەم ئافرەتانی جیهان خاوەن مێژوویەکی پڕ تێکۆشانی یەکسانخوازی، هاوکات ئازادیخوازی نەتەوەییە، ئەگەر ئافرەتانی جیهان تەنها لەبەر ئافرەتبوونیان ستەمیان لێکرابێ و چەوساو بووبنەوە؛ ئەوە ئافرەتی کورد دوو جۆر چەوسانەوەی لەسەربووە، لەلایەکەوە چەوسانەوەی نەتەوەیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکار لەلایەکی دیکەش چەوساوەی دەستی هزری پیاوسالاری و ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە ئافرەت بە کەمتر و لاوازتر لە پیاو دەبینێ و مافی خاوەنداری ئافرەت بە پیاو دەدات، کە لەمەشیاندا کاریگەری کولتوری وڵاتانی داگیرکەر ڕۆڵی باڵای هەبووە، ئەمەش لەبەرئەوەی کولتوری نەتەوە باڵادەستەکانی ناوچەکە هەڵگری زۆرێک لەو بەهایانەیە، كە رێگرن لە بەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی مافی مرۆڤ بە تایبەتی مافی ئافرەت، داگیرکەران بە تەنها خاکیان نەویستووە، بەڵکو هەوڵیان داوە فەرهەنگ و شارستانیەتی خاکەکەمان بشێوێنن و دیاردەی نامۆ بهێننە نێو هزری کۆمەڵایەتی و کولتوری کۆمەڵگەکەمان.
لەمڕۆدا، ئەگەرچی ئافرەتانی کورد گیرۆدەی دەستی بیری باوکسالارین و ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، سەرەڕای هەوڵی زۆر لایەنی فەرمی و نافەرمی لێرەو لەوێ گوێبیستی
ڕووداوی توندوتیژی دەبین دەرهەق بە ئافرەتان ئەوەندە دڕندانەیە ڕاماندەچڵەکێنێت و پێویست دەکات لە خەباتی ڕێکخراوەیی مەدەنی زیاتر بەردەوام بین و زیاتر پێداگیری بکەین لە گەیشتنی ئافرەتان بە مافەکانیان، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە پێش چاو بێت، کە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەیان بڕیوە و پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە، ئەگەر ئێمە گۆڕانکارییەکان نادیدە بگرین و ستایشی دەستکەوتەکان نەکەین و بە گرینگیان نەزانین، ئەوا لە پرسە بنەڕەتییەکە دوور دەکەوینەوەو دەکەوینە دوای گوتارێک کە ئەجینداکەی ناڕوونە و هەریەکەو بۆ مەبەستێک ئاڕاستەی دەکات.
بە گەڕانەوە بۆ مانا جەوهەری و سیمبولییەکەی هەشتی مارس، کە شانازیکردن بە دەستکەوتەکان و سووربوون لە تێکۆشان بۆ دەرچوون لە پێگە و ڕۆلە نەریتی و بارە سەپێنراوەکە بەسەر ئافرەتە، ئەگەر گوزەرێکی خێرا بەم سێ دەیەی ڕابردوودا بکەین و بارودۆخی خۆمان بهێنینە پێشچاو و لە خۆمان بپرسین ئێمەی ئافرەتانی کوردستان لەم سی ساڵەی کە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بەرقەرارە چەند دەتکەوتمان بەدەست هێناوە و چی جۆرە گۆڕانکارییەک بەسەر ڕوانگە کولتوری و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پرسی ئافرەت هاتووە، بە دڵنیاییەوە ئێمە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و گۆڕانکاری بەرچاو دروست بووە، هەر لە بوونی یاساکان تا بوونی دامودەزگا فەرمییەکانی تایبەت بە بەرەنگاری توندوتیژی و تا زیادبوونی ڕێژەی ئافرەت لە ناوەندەکانی دەسەڵات و دامەزراوە فەرمییەکان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی؛ هەروەها پێشکەوتنەکانی ئافرەت لە بواری خوێندن و زانستی و پیشەیی و
تێکەڵبوون بە بازاڕی کار تا ڕۆڵی کاریگەر لە بواری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و فەرهەنگ بەشێوەیەکی گشتی تا گۆڕانکارییەکان لە باری خێزان؛ لە بواری ئەرک و مافی هاوسەران.
هەربۆیە، ئێمە هەشتی مارس لە خۆمان پیرۆز
دەکەین و شانازی بە دەستکەوتەکان دەکەین و بە دەنگی بڵند دەڵێین بەڵێ تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان بەرهەمی هەبووە.
لەهەمانکات پارێزگاری لە دەستکەوتەکان دەکەین و لە بەرامبەر هەر پشێلکارییەک دەنگ و هەڵوێستی ئافرەت دەبین، لەسەر ئامانجەکانمان پێدادەگرین و بۆ کۆمەڵگەیەک کە هەموو بوار و سێکتەرەکانی یەکسانانە لە نێوان ئافرەت و پیاو بەڕێوەببرێت درێژە بە تێکۆشان دەدەین.
هەشتی مارس لە سەرجەم ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبێ. درود بۆ گیانی ئافرەتانی شەهیدی ڕێی یەکسانی و هاوسەنگکردنەوەی ژیان.

ھەواڵی زیاتر