هەولێر.. بەهۆی گرانکردنی نرخی خۆراك چەند کۆگا و مارکێتێك داخران 

پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی گرانکردنی نرخی خۆراک و پێداویستی هاووڵاتییان چەند مارکێت و كۆگایه‌ك لە هەولێر داخران.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەو کەس و لایه‌نانەی یاری بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەکەن، ئەمڕۆ دووشەممە  بەسەرپەرشتی نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەند لێژنەی پشکنین و چاودێری قایمقامییەتی هەولێر دەستیان بەهەڵمەتێکی پشکنین و بەدواداچوون کرد لەنێو بازاڕ و مارکێت و کۆگا گەورەکان.

ڕاشیگەیاند: لە ئەنجامدا چه‌ندان مارکێتى گەورەى هەولێر کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکانیان لەسەر هاووڵاتییان زیادکردبوو داخران و ڕێکارى پێویست لەبەرامبەر خاوەنەکانیان دەگیرێتەبەر.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەروەها ناوی ئەو شوێن و مارکێتانە بڵاوکراوەتەوە کە بەهۆی گرانکردنی نرخی خۆراک داخراون، شوێنەکانیش ئەمانەن، (یەکێك لە لقەکانى تیمارات، بازاڕى پایتەخت لە گەڕەکى هەڤاڵان، بازاڕى هەورێ، سۆران بازاڕ، بارین مارکێت، مارکێتى زین سیتى، باوەڕ مارکێت، لایت سیتى).

هاوکات جەختیشی کردۆتەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوامە و ئامانج لێی پشکنین و بەدواداچوونە بۆ دەستکارینەکردنى نرخى کاڵا و کەلوپەل و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان و هەموو بازاڕ و مارکێت و کۆگاکانیش دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمڕۆ هەڵمەتەکە لە کۆگا گەورەکانەوە دەستى پێ کرد تاوەکو بچووکترین مارکێت، هەر خاوەن کۆگا و مارکێت، مینى مارکێت و دوکانێک، نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاووڵاتییان گران بکات و سەرپێچی بکات شوێنەکەى دادەخرێت و توندترین رێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

ھەواڵی زیاتر