ڕۆژانه له هه‌رێمی كوردستان زیادتر له ٢١ كه‌س به ڕووداوی هاتوچۆ بریندار دەبن و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن
له هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه نزیك به ١٢ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو ده‌ده‌ن، كه به‌هۆیانه‌وه زیادتر له ٢١ كه‌س بریندار و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌پێی ئاماره‌كان زۆربه‌ی ڕووداوه‌كان له سنووری پارێزگای سلێمانییه و گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێمیش ده‌ڵێ: “ئاماره‌كان ترسناكن و داوا له شۆفێران ده‌كه‌ین پابه‌ندی ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ بن”.
به هه‌وڵی كار و ته‌رخانكردنی بودجه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، تا دێت ڕێگا یه‌ك سایده‌كانی نێوان شار و شارۆكه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه و دووسایدهكان زیادتر ده‌بن، هاوشانی ئه‌ویش ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ به‌رز ده‌بنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ڕێگای نێوان شاره‌كان به‌هۆی خراپی و چاڵوچۆڵی تێیاندا، به ڕێگای مه‌رگ ناو ده‌برێن، به‌ڵام به‌پێی ئاماری هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌مترین ڕووداو له‌و شوێنانه ڕوویان داوه و زۆرترینی له ڕێگا دووسایدهكان كه‌وتوونه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاماری هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، له‌ساڵی ٢٠٢١، ژماره‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ به‌رزه و له‌و ساڵه‌دا چوار هه‌زار و ١١٩ ڕووداوی هاتوچۆ له شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێی كوردستان ڕوویان داوه، كه به‌هۆیانه‌وه حه‌وت هه‌زار و ١٢١ كه‌س بریندار بوونه و ٦٢٢ كه‌سیش گیانیان سپاردووه، واتا له هه‌ر ڕۆژێكدا نزیك به ١٢ ڕووداوی هاتوچۆ له كوردستان ڕوو ده‌ده‌ن و بههۆشیانه وه زیادتر له ٢١ كه‌س بریندار و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئاماره‌كه‌ی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌خات، پار زۆرترین ڕووداو له سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویانداوه، كه به هه‌زار و ٢٤٠ ڕووداو، سه‌ره‌وه‌ی لیستی ڕووداوه‌كانی له كوردستان گرتووه، كه به‌هۆیه‌وه سێ هه‌زار و ٧٥٢ كه‌س برینداربوونه و ٢٣١ كه‌سیش مردوون.
دوای پارێزگای سلێمانی پارێزگای دهۆك دێت، كه به هه‌زار و چوار ڕووداو، له ڕیزبه‌ندیه‌كه‌دا دووه‌می گرتووه، ئه‌و ڕووداوانه‌ش له‌دهۆك بوونه‌ته هۆكاری برینداربوونی هه‌زار و ١٧٥ كه‌س به ژن و پیاوه‌وه، و ١٠٣ كه‌سیش مردوونه.
دوای ئه‌وان پارێزگاری هه‌ولێر دێت، كه له ساڵی ٢٠٢١ دا، ٩٩٥ ڕووداوی هاتوچۆ له‌و سنووره ڕوویان داوه و به‌هۆیه‌وه ٩٩٥ كه‌س بریندار بوونه و ١٧٩ كه‌سیش مردوون.
هه‌ر به‌پێی ئاماری هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، پار ٢٩٤ ڕوداو له سنووری گه‌رمیان ڕوویداوه، ٤٠٥ كه‌س بریندار و ٣٦ كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ست داوه؛ له سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینیش ٢٦٨ ڕووداوی هاتوچۆ ڕیداوه و به‌هۆیه‌وه ٣٣٨ بریندار و ٤٨ كه‌س مردوونه؛ له سنووری ئیداره‌ی سۆرانیش ٢١٥ ڕووداوی هاتوچۆ ڕووی داوه، كه ٣٢٨ كه‌س بریندار و ١٣ كه‌سیش گیانی سپاردووه.
هاوكات به‌پێی ئاماره‌كه‌ی هاتوچۆی هه‌رێم، كه‌مترین ڕووداو له سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ڕوویان داوه، كه له ١٠٣ ڕووداودا، ١٢٨ كه‌س بریندار و ١٢ كه‌سیش مردوون.
ئاماره‌كان ترسناك و هۆكاری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ زۆرن، عه‌مید ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، سه‌رباری خراپی هه‌ندێك ڕێگای نێوان شار و شارۆكه‌كان، كه یهكسایدن و هۆكارێكن له زیادبوونی ڕووداوه‌كان، به‌ڵام زۆربه‌ی هۆكاری ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له هه‌رێی كوردستان، پابه‌ندنه‌بوونی شۆفێرانه به ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ.
گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ “خێرایی و به‌كارهێنانی مۆبایل و هه‌ڵه‌ی شۆفێر و نه‌بوونی گواستنه‌وه‌ی گشتی و زۆریی ژماره‌ی ئۆتۆمبێل هۆكارێكی دیكه‌ی زیادبوونی ڕووداوه‌كانن”.
له كه‌مبوونه‌وه‌ی قوربانییه‌كانی هاتوچۆ، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی هاتوچۆی هه‌رێم شۆفێران به به‌ستنی قیشی سه‌لامه‌تی ئاگادار ده‌كاته‌وه، كه به‌پێی ئاماره‌كان ٥٠% گیان له‌ده‌ستدانی ڕووداوه‌كان كه‌متر ده‌كاته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی كه ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بریندار و په‌ككه‌وته و ژێرخاك كردووه، قه‌ت جه‌نگه‌كان ئه‌وه‌یان به خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌كردووه، كه به‌پێی ئاماره‌كان، له ١٠ ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ دا، ٣٨ هه‌زار و ٥٤١ ڕووداوی هاتووچۆ، جیا له زیانی گه‌وره‌ی به سامانی گشتی، ٧٩ هه‌زار و ٨١١ كه‌سی بریندار و هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی شه‌ش هه‌زار و ٧٢٤ كه‌س بووه.