تا حكوومەتی عێراق پێكنەهێت بازاڕ جووڵەی تێ ناكەوێتەوە

رووداوی سیاسی كاریگەرییەکی تەواوی لەسەر بازاڕ دەبێت، ئەمەش لە هەموو وڵاتێكدا هەیە، بەتایبەت لە عێراق و هەرێمی كوردستان. بە گوتەی خاوەن نووسینگەكانی خانووبەرە لە هەولێر، بازاڕی خانووبەرە كزیی تێكەوتووە.

چەند مانگێك بەر لە ئێستا، بازاڕی خانووبەرە لە هەولێر جمەی دەهات، رۆژانە چەندین ملیۆن دۆلار مامەڵەی خانووبەرە دەكرا، بەڵام خراپی رەوشی سیاسی لە عێراق وای كردووە، كە بازاڕی خانووبەرە كز بێت.
سیروان حەمە، بەڕێوەبەری بەكێك لە خانووبەرەكانی هەولێرە، باسی لەوە كرد بازاڕ وەكو چەند مانگێك بەر لە ئێستا نییە و جووڵە كز بووە.
بەگوێرەی گوتەی سیروان، هەموو ساڵێك چەند مانگێك بازاڕی خانووبەرە وای لێ دێت و پاشان هەڵدەستێتەوە.
ئەو دەڵێت: ”بارودۆخی سیاسی عێراق، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە هەیە، بۆ نموونە هەر كاتێك حكوومەتی عێراق پێك بهێنرێت، بازاڕ جووڵەی تێدەكەوێت، بەڵام كاتێك كێشەیەك روو دەدات و سیاسییەكان ناگەنە یەك، ئیدی بازاڕ بۆ ماوەیەك دەوەستێت“.
بەڵام رابەر رواندوزی، كە خانووبەرەی هەیە لە یەكێك لە گەڕەكەكانی هەولێر، دەڵێت راستە بازاڕ كز بووە، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە باس دەكرێت، چونكە هەموو ساڵێك ماوەیەك بازاڕ كز دەبێت و پاشان دەكرێتەوە.
ئەو دەڵێت: ”پێشتر رۆژانە، زیاتر لە دە شوقەم فرۆشتووە، ئێستا بۆ خوار پێنج شوقە كەم بووەتەوە، ئەمەش ئاساییە و لە هەموو شوێنێك شتی وا هەیە. دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ئەگەر بەیانی پرۆژەیەكی تازە بێتە بازاڕەوە، بازاڕ دەگەشێتەوە و ئەو كزییە نامێنێت، بەڵام چونكە پڕۆژەی تازە نەهاتووەتە بازاڕ، بۆیە جووڵە كەمێك كەم بووەتەوە“.
رابەر پێی وایە، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، جووڵە دەكەوێتە ناو بازاڕی خانووبەرە و لە جاران باشتر دەبێت، چونكە زیاتر لە ١٠ پڕۆژە دوای چەند مانگێك كلیلی شوقەكان دەدەنە خاوەنەكانیان، ئەمەش وا دەكات نرخی ئەو پڕۆژانە بەرز ببێتەوە و بازاڕ بجووڵێت.
ناسح وسو، لە یەكێك لە پرۆژەكانی شاری هەوڵێر دوو شوقەی كڕیوە بۆ قازانج، لێمان پرسی لەبەر بێبازاڕی زیانت پێ دەگات؟ لە وەڵامدا گوتی: ”زیانەكە بەو شێوەیە نییە، بۆ نموونە نرخی یەك مەتر شوقە لەسەر من بە ١١٠٠ دۆلارە، بەڵام ئێستا رەنگە بۆ هەر مەترێك سی چل دۆلار زیانم پێ بگات. بەڵام من شوقەكان نافرۆشمەوە، چونكە دەزانم لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، ئەو دوو شوقەیەم بە نرخێكی گران دەفرۆشمەوە“.
بە هۆی ئەوەی هەولێر شارێكی گەورەیە و بووەتە جێی سەرنجی زۆرێك لە گەشتیاری عەرەب و تەنانەت كوردیش، بۆیە كڕینی شوقە و خانوو لە هەولێر، لە چاو شارەكانی تردا زۆر زیاترە و رەواجی شوقە لە هەولێر زۆر لە بەرزبوونەوەدایە.

ھەواڵی زیاتر