بە چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆڕبەندی پیشەسازی لە پێناو رەخساندنی بازاڕ و کار لە هەولێر دەستیپێکرد.
لە کۆڕبەندەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێک پێشکەش دەکات، تێیدا باس لە هەوڵ و هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی پیشەسازی دەکات.
لەو کۆڕبەندەدا هەر یەک لە کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە دوو وتاری جیادا تیشک دەخەنە سەر وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان.
کۆڕبەندی پیشەسازی بە هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە، لە کۆڕبەندەکەدا دۆکۆمێنتاریەک لەسەر پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێکتەری پیشەسازی پیشان دەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕبەندی پیشەسازی لە هەولێر، چەند پانێلێک بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ لەبارەی پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە پانێلی یەکەم کە لەلایەن پ. د. یوسف بەرزنجی بەڕێوەدەبرێت هەر یەک لە بێگەر تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا بەشداری لە پانێلەکەدا دەکەن.