٣١ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا تێپەڕی

٣١ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە ٥ ئاداری ساڵی١٩٩١ ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس دەستی پێ کرد و لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕیندا دەڤەری ڕانیە و قەڵادزێ ڕزگار کران، دواتریش نازناوی دەروازەی ڕاپەڕین بەخشرایە ئەو دەڤەرە. ڕاپەڕین وەچەرخانێکی زۆر گەورە بوو لە مێژووی گەلی کورددا، لە ھەمان کاتدا پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چی دیکە ژێردەستی و زۆرداری قبووڵ ناکات.

ڕاپەڕین، ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات. ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بە پاڵپشتیی مەفرەزەکانی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆرداریەی ڕژێمی بەعس دژ بە کورد ھاتە کایەوە، سەرکەوتنیشی یەکگرتوویی خەڵک و یەکدەنگی ھێزە سیاسییەکان بوو کە توانرا لە ماوەیەکی کەمدا خاکی ھەرێمی کوردستان ڕزگار بکەن و کۆتایی بە حوکمی داگیرکەر بێنن.
دەسپێکردنی ڕاپەڕین
ڕاپەڕین لە ٥ ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێ کرد، بەڵام لە ٣ی ئازاری ١٩٩١ دا بۆیەکەم جار وەکو دەستپێکی ڕاپەڕین لە کۆمەڵگەی خەباتی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕووی دا، دەرەنجام ھەڵیانکوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت، ڕژێم ھێرشی کردنە سەر و سەرکوتی کردن، بەڵام لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ دا، ڕاپەڕینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە سەعات ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموو لا جەماوەر ڕژانە کۆلان و سەر شەقامەکان، لە ڕادیۆ و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین، پاشان جەماوەر ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت. سەعات ٣ی ئێوارە ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە. ھەر ئەو ڕۆژە چوارقۆڕنە و حاجیاوا و دەشتی بیتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران. ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین بە” ھەولێر”ـی گوت: “ھۆکارەکانی ڕاپەڕین زۆرن، زوڵم و زۆری ڕژێمی بەعس، جینۆسایدی بارزانییەکان، ئەنفال، چەوسانەوە، دەربەدەری، خراپکردنی گوند و ئاواییەکان، خاوەنی شۆڕشێک بووین لەرووی چەکدارییەوە خەباتمان کردووە بۆ ئازادی، دەیان نامەی سەرۆک بارزانی ھەن لە زاخۆ تا خانەقین، بۆ کەسایەتییەکان نارد کە ئامادەسازی بکرێت بۆ ڕاپەڕین، ڕانیە ئەوکات نزیکترین شوێن بوو لە ھێزی پێشمەرگە، شۆڕش و حزبەکان بە ئاسانی دەستیان دەگەیشتە شارەکە، بۆیە ئامادەسازی کرا کە لەوێ خەڵک ڕاپەڕێت دژی ڕژێمی بەعس، ئەوە بوو لە ٥/٣/١٩٩١ لە ڕانیە کە دەروازەی ڕاپەڕینە، خەڵک لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و توانیان تا ئێوارە شارەکە لە ڕژێم خاوێن بکەنەوە.
راپەڕین بیرۆکەی سەرۆک بارزانی بوو
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە ڕاپەڕین، گوتیشی: “کەم لە سەرکردەکانی جیھان ھەن کە پێشبینی ڕووداوەکان بکات، لە خواکوڕک کە ئەو کاتە خەڵک نائۆمێد بوون، سەرۆک بارزانی پێشبینیی ئەوەی کرد کە ئەم دۆخەی ئێستا نامێنێت و گۆڕانکاری ڕوو دەدات. سەرۆک بارزانی ئەندازیار و سەرکردەی ڕاپەڕین بوو. دەوری سەرۆک بارزانی لە لوتکەدا بوو، چونکە ئەو کاتە سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، ھەروەھا داڕێژەری بەرنامەی ڕاپەڕین بوو، نەخشە و پلانی ڕاپەڕین بەرنامەی سەرۆک بوو. لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی پارتیدا و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی بەر فراوانی فەرماندە سەربازی و بەرپرسەکانی پارتی لە ڕاژان، دواتر ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کرا. بۆ ئەم مەبەستە سەرۆک بارزانی لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ھاتە قاسمەڕەش بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی ھاوبەش، بۆیە لە ھەموو ڕوویەکەوە ڕاپەڕین بە ڕێبەرایەتی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی کرا. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا سەرۆک بارزانی ھاتە دەروازەی ڕاپەڕین، دواتر ھەموو شاروشارۆچکەکانی دیکە. ئەو کات ئێمە لە لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ بووین، بارەگامان لەسەر سنوور بوو، چەند مانگ پێش ڕاپەڕین مەفرەزەیەکمان ناردەوە بۆ ڕانیە و حاجیاوا. دواتر یەکەم مەفرەزە کە چووە ناو ڕانیە ئێمە بووین، کە ٣٧ کەس بووین، دواتر سەرۆک بارزانی ھاتە نێو ڕانیە. سەرۆک بارزانی لە ڕانیە تا کەرکووک ڕابەرایەتیی مەیدانیی ڕاپەڕینی کردووە. سەرۆک بارزانی بە سەدان نامەی نووسی بۆ ناو شارەکان کە ئامادەسازی بکرێت بۆ ڕاپەڕین. خۆیشی بە كردەوە و مەیدانی ڕابەرایەتیی ڕاپەڕینی دەکرد، تا خەڵکی کوردستان لە ھەموو شارەکان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و کوردستان بە تەواوەتی لە ڕژێمی بەعس پاک کرایەوە.
ساڵێک دوای ڕاپەڕین، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان كرا
ڕۆژی ١٤ی ئازار، سەرۆک بارزانی وتارە مێژووییەکەی لە کۆیە خوێندەوە، مژدەی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەدات، خەڵک خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبردنی ھەرێمدا دەبێت. ساڵێک دوای ڕاپەڕین سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، دەستی کرد بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی باشووری کوردستان. لە ١٩/٥/١٩٩٢، یەكەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كرا كە، بە دەستکەوتێکی گرنگی کورد لە ھەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت، چونکە لە مێژوودا یەکەمجار بوو کە کورد خاوەن پەرلەمان و حکوومەتی خۆی بێت. لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی باشووری کوردستان، وەک ھەرێم جگە لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەکاندا، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد توانیویەتی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوان بکات و مافەکانی کورد بە ناوەندە سیاسییەکانی جیھان بگەیەنێت. بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین، ئاشکراشی کرد: “بەرھەمەکانی ڕاپەڕین زۆرن ئەوە ٣١ ساڵە کورد حوکمڕانی خۆی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر گرنگە، چونکە بە درێژای مێژوو کورد نەیتوانیوە ئەوەندە حوکمڕانی خۆی بکات، بەڵام بەداخەوە دوای ٢٠٠٣ و نەمانی ڕژێمی بەعس دەرکەوت عەقڵیەتی شۆڤێنی لە بەغدا نەگۆڕاوە و ناش گۆڕێت؛ تەنیا دەبێت ئێمە ببینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان، ئەگەرنا کێشەکان ھەر بەردەوام دەبن و ناگەینە مافەکانی خۆمان، بۆیە باشترین شت ئەوەیە کە حزب و لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕاپەڕین، ئەگەر ھەموو حزب و لایەنەکان یەکگرتوو بن و وتارێکی یەکگرتوویان ھەبێت بەغدا و خەڵکی دیکەش حسابمان بۆ دەکەن.
راپەڕین پەیامێک بوو بۆ دوژمنان کە کورد چی دیکە ژێر دەستی و زۆرداری قەبووڵ ناکات
گەیلانی، گوتیشی: “دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، دامەزراندنی حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان بوو. ڕاپەڕین وەچەرخانێکی زۆر گەورە بوو لە مێژووی گەلی کورددا و پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چیدی ژێردەستی و زۆرداری قەبووڵ ناکات. دواجار حەزی گەل سەر دەکەوێت. زوڵم و زۆری چەند زۆر بێت، ئەو ڕژێمە داگیرکەرانەی کوردستان ھەرچی بکەن، ناتوانن تا سەر بەردەوام بن. دواجار سەرکەوتن ھەر بۆ نەتەوە ژێر دەستەکانە. ڕاپەڕین زۆر پەیامی تێدا بوو بۆ ئێمە ئەگەر ئێمەیەکگرتوو بین، سەرکەوتووش دەبین، چونکە نھێنیی سەرکەوتنی ڕاپەڕین، یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان بوو.

ھەواڵی زیاتر