لە هەرێم بەهۆی خۆڵبارین زیاتر لە 50 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە 

لە دوو رۆژی رابردوودا، بەهۆی خۆڵبارین لە هەر چوار پاریزگەکانی هەرێمی کوردستان، 24 هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە. لە گەرمیانیش 28 کەس بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە. 

زیاتر لە دوو رۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی عێراقی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئاداری2022، دکتۆر بژار مووسا، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، “لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی خۆڵبارین 20 هاونیشتمانی سەردانی بەشی راوێژکاری فریاکەوتنی رۆژهەڵاتیان کردووە کە تووشی نیشانەکانی هەناسەتەنگی، کۆکە و پژمین بوون و چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە.”

 سامان لەتیف، گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، “لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو، یەک کەس داخل کراوە کە پیاو بووە و تەمەنی نزیکەی 40 ساڵ بووە و تەندروستی جێگیرە، تەنیا پێویستی بە هەندێک ئۆکسجین بووە، دوای وەرگرتنی ئۆکسجین گەڕێنراوەتەوە ماڵەوە.” 

 پاریزگای هەڵەبجەش یەکێکی دیکەیە لەو پاریزگایانەی کە خۆڵبارین تێدا روویداوە و ژمارەیەک هاونیشتمانی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خەوێنراون.  د. سەعدی رەفعەت محەمەد، بەڕێوەبەری کارگیڕیی فریاکەوتنی هەڵەبجە ڕایگەیاند، سێ هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، یەکێک لەوانە بۆ خۆی نەخۆشی هەناسەتووندی  “رەبۆ” هەبووە و ئەو رۆژە تەندروستیی تێکچووە، دوو کەسی دیکەش بۆ نێو کاژێر داخڵی نەخۆشخانە کراون و دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕاونەتەوە ماڵەوە.

  لە گەرمیان زۆرترین هاونیشتمانی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، لەو بارەوە د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەوە 3ـی ئاداری2022، تاوەکو ئەمڕۆ، 28 کەس سەردانی نەخۆشخانەی کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.  ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ژمارەیە 15یان منداڵ بوون، پێنج کەسیان ژن و هەشت کەسی دیکەیان پیاو بوون، هەموویان دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕاونەتەوە ماڵەوە، ئێستا هیچ کەس لە نەخۆشخانە نییە.

  هەمزە رەزیکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند، “هیچ حاڵەتێک لە دهۆک نەبووە کە بەهۆی خۆڵبارین سەردانی نەخۆشخانەی کردبێت”.  

ماوەی دوو رۆژە خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، د.سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، “لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەهۆی خۆڵبارینەوە لە شارەکانی عێراق 5 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە کە زۆرینەیان تووشی هەناسەتووندی بوون، بە لایەنی کەمەوە دوو کەسیش مردوون، هەردووکیان کەسانی بەتەمەنن و یەکێکیان لە نەجەف و ئەوەی دیکەش لە بەغدا بووە.

ھەواڵی زیاتر