فازڵ میرانی
لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەسازییەوە، پێچەوانەی «حەق»، «باتڵ»ە. هیچ حەقێک نییە کە باتڵێک بۆی لەکەمیندا نەبێت، هیچ باتڵێکیش سەرهەڵنادات مەگەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەقێکدا نەبێت.
حەق چەمکێکی ڕەهایە و لە ژیاندا ئامادەییی هەیە؛ لەسەر پەیڕەوکردنی حەق و سەرهەڵدانی باتڵیش، لە دواڕۆژدا لێپرسینەوە، پاداشت، سەرزەنشت و سزا هەیە.
فکر و دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی — بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی فرەباوەڕیی — کۆدەنگ بوون لەسەر یاسایەکی بڵندتر کە «دەستوور»ە، کە یاساکانی دیکەی لێ وەردەگیرێن. پێشێلکردنی ئەم یاسایانە یان قۆستنەوەیان بۆ بەرژەوەندیی کەسی، بە سزا دەبەسترێنەوە. لەبەر ئەوە، حەق زۆر پاکتر و ڕوونترە لەوەی بە یاسایەک بپێچرێتەوە، کە ڕەنگدانەوەی نەبێت یان پێچەوانەی بێت.
ئەگەری هەیە ئەقڵییەتی یاساییی نەخۆش، باتڵێکی یاساییکراو بەرهەم بهێنێت؛ چونکە ئەقڵی تەشریعی لە گەندەڵی و ملکەچبوون بەدوور نییە. ئێمە لە مێژوو ناڵاندوومانە بەدەست حەقی یاساییکراو، کە لە ڕاستیدا باتڵە، یانی باتڵێک کە یاسایەکی باتڵ دەیپارێزێت.
ڕۆژگارێک، ڕاگواستن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی کوردانی فەیلییان بە یاسایی کرد! بە یاسا پەلاماردان، دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانیان سازکرد. هەروەها بکوژانی ناو دەزگا حکومییەکانیان ڕێز لێ گرت، سزاشیان دانا بۆ هەموو ئەوانەی کەمتەرخەمییان دەکرد لە جێبەجێکردنی ئەو حەقانەی لە ڕاستیدا باتڵ بوون.
پڕۆسەکانی یاساییکردنی باتڵ بەردەوام بوون، جۆراوجۆر بوون، پەرەیان سەند و تێکەڵ بوون؛ بەڵکو تووشی دژایەتیش بوونەوە لەگەڵ یاسا کۆنەکاندا کە پێچەوانەی دەستووری ئێستایان چەسپاندووە. ئەم دەستوورەی ئێستاش لەم میزاجکارییە بێبەش نەبووە .
هەموو ئەمانە ڕوویان دا تا ئەنجامەکانی ئەمڕۆمان بەرهەم بهێنن؛ لە داڕمانی تەواوی سیستەمەکان و لە پێشەنگیشیاندا سیستەمی کۆمەڵایەتی. ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆسەکانی شۆردنەوەی مێشک و شۆردنەوەی مێژوو ئەنجام دران، کە سەرەنجام ئێمەیان گەیاندە ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی شۆردنەوەی پارە (سپیکردنەوەی پول)ببینەوە.
من زۆر هەڵوەستە لەسەر ڕستەیەک کە ئیمامی عەلی (ر. خ) فەرموویەتی دەکەم، کاتێک بۆ کەسێکی ڕوون دەکردەوە سەبارەت بە هەندێک کەسایەتیی دیار کە ئەقڵ بەرگەی ئەوە ناگرێت هەڵە یان گوناهیان لێ بوەشێتەوە؛ کەسەکە بە گومانڕەوێنی و بڕوای تەواوەوە سەیری ئەو ناوە دیارانەی دەکرد. لەو کاتەدا ئیمامی عەلی پێی فەرموو: «حەق بناسە، خاوەنەکانی دەناسیتەوە.»
ئەم بنەمایە بەردەوامە؛ ئێمە سەیری حەق دەکەین تا خاوەنەکانی بناسینەوە، ئەمەش هەمان ئەو ڕاستییەیە کە ئەوانەی دەیانەوێت لە باتڵ حەق ساز بکەن، نە قبووڵی دەکەن، نە بەرگەی دەگرن و نە ڕێگە دەدەن خەڵک لەسەری پەروەردە بێت.

