هاودەنگ فارووق
پاپای ڤاتیکان، نیشانی ئاستبڵندی ڕێزلێنانی پێشکەش بە سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، لە وەختی دیدارەكەدا، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند: “بۆ گەلی کوردستان شانازییەکی گەورەیە، کە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان و ئاشتیخوازیی بۆ بە میرات ماوەتەوە.” ئەم وشانە دەریدەخەن، کە پاپا بە چاوی خۆی شاهێدی ئەو پێکەوژیانەیە کە مەسیحی و موسڵمان و ئێزیدییەکان و پێكهاتەكانی دی لە کوردستاندا پێی ناسراون.
ئەم ڕێزلێنانەی پاپا، ئاماژەیەكە بۆ ڕۆڵی کوردستان وەک ئەزموونێكی سەرکەوتووی هاوئاهەنگیی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەك پاپا پێشتر کوردستانی بە “دوورگەیەكی ئەمین و ئاسایش و پێکەوەژیان” وەسف کردبوو، ئەمەیش پشتڕاستکەرەوەی هەمان پەیامەکەیە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەم ڕێزلێنانە جگە لە مانا سیاسییەكەی، وەک پشتیوانییەکی ڕووحی و ئەخلاقی دەبینرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەو قەیرانە گەورانەی کە ناوچەکە توشی بوون، وەک هێرشەکانی (داعش) بۆ سەر پێکهاتەکانی کوردستان و تەنگژە ئەمنییەكانی ئێستای ناوچەكە.
گرنگیی ئەم ڕووداوە لەوەدایە کە پاپا بە فەرمی ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ڕابەر و مەرجەعی کورد نیشاندا، سەركردەیەك ڕەمزی ئاشتی و پارێزەرێكی بەهێزی پرەنسیپەكانی پێكەوەژیانە لە کوردستان و عێراقدا ، ئەمەش پەیامێکی گرنگە بۆ جیهان، كە هاوژیانی ئاشتیانەی ئایینە جیاجیاکان لە كوردستان نمونەییە و وێنەی نییە لە وڵاتانی ناوچەكەدا..
ئیدی ئەركێكی گەورەی مێژوویی لەسەر هەموو لایەك هەیە، ئەویش پاراستنی ئەو ناوبانگەیە كە كوردستان پێیەوە دەناسرێتەوە و ئەندازیارەكەی سەرۆك بارزانییە، لەسەر ئاستی جیهاندا. چونكە چەندە بەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتە گرنگ و چارەنوسسازە، پاراستنی ناوبانگەكە و گەشەپێدانی ئەزموونی پێكەوەژیان و كاریگەرترن.
سەرۆك بارزانی نەك تەنها وەك داكۆكیكارێكی بەهێزی پێكەوەژیان كاری كردووە، بەڵكوو وەكوو ڕێبەرێكی ڕووحی كولتووری پێكەوە ژیانیش هەمووانی فێری ئەوە كردووە كە هێزی پێكەوەژیان، لەم سەردەمەی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لەهێزی سەربازی گرنگترە. چونكە هەبوونی کولتووری پێكەوەژیان و پاراستنی تایبەتمەندی پێكهاتەكانی كوردستان، دەبێتە هۆكاری كوردستانێكی بەهێزتر ، وادەكات ئەگەر لە چركەساتێكیشدا لە ڕووی سەربازییەوە كوردستان دووچاری مەترسی ببێت، شارستانیەتی هاوچەرخی سەردەم كورد دەپارێزێت، چونكێ نایەوێت ئەم تاكە ئەزموونە لەناو بچێت كە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بووەتە درەوشاوەترین ئەزموون و دوورگەی دیموكراسی.
كەواتە وەكو لەقۆناغی هێرشەكانی داعشدا بینیمان، زۆرینەی وڵاتانی دنیا بۆ پاراستنی كوردستان هاتنە پێشەوە، ئەو نەریتی دیموكراسیەت وپێكەوەژیانەی كوردستان، بوو بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دنیا ڕێگە نەدەن مەترسی وجوودی لەسەر قەوارەی كوردستان دروست ببێت.
واتە: ئەگەر بۆ ئێمە قورس بێت سوپایەكی پڕچەكی تۆكمە بەچەكی هاوچەرخ دروست بكەین، چونكە سەربەخۆ نین، دەتوانین بە پەرەپێدانی کولتووری پێكەوەژیان وابكەین ، دۆستەكانمان ڕێگە نەدەن كوردستان ببێتە قوربانی بەردەمی هێزە تاریكەكانی ناوچەكە.

