ئیلهام صبری محەمەد
لە بیرم دێ ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣ ڕۆژی ئەنفالکردنی بارزانیەکان، بە هۆی ئەوەی من و خێزانەکەم لە و کاتەدا لە شارۆچکەی (قوشتەپە) نیشتەجێبوون. کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی بوو ، دوای ئەوەی هاوسەرەکەم وەک هەموو رۆژێکی ئاسایی بەرەو کاری خۆی بەڕێکەوت بۆ نەخۆشخانە، منیش دەرگای حەوشەکەم داخست دەبینم ئۆتۆمبێلێکی زۆری جۆری (مونشەئە) و (مەگزەمینی) سەربازی زۆر لە جادەی سەرەکی قۆشتەپە تێپەرین بە هۆی ئەوەی ماڵمان نزیک بوو لە جادەی سەرەکییەوە، بەو دیمەنە زۆر نیگەران بووم، منیش لە درزی دەرگاکەمانەوە سەیرم دەکرد ئاخۆ چ دەگوزەرێت، من وەک شایەتحالێک بینیم پەردەی ئۆتۆمبێلەکان هەندێک لادرابوون پیاوێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکە بوو جامانەی (سووری) لەسەر بوو ئەوکات هەستم کرد کە شتێک روویداوە دەرهەق بە (بارزانیەکان)، لەو کاتەدا زۆر شڵەژام و نەمدەزانی ئاخۆ دەبێ چیبکەم ! من و هاوسەرەکەم تێکەڵاویەکی زۆرمان هەبوو لەگەڵ ئەو خێزانە بارزانیانەی کە لە کۆمەڵگەی (قودس و قادسیە) نیشتەجێ بوون، بۆیە بڕیارمدا بچمە نەخۆشخانە بە حوکمی ئەوەی هاوسەرەکەم پیشەی (دەرمانساز) بوو لە نەخۆشخانە، بۆ ئەوەی ئاگاداری بکەمەوە لەو بابەتە، ئەوە بوو کە گەیشتمە ئەوێ و بە هاوسەرەکەم ڕاگەیاند کەوا دیمەنێکی وام بینیووە ئەوێش گوتی نازانینن ئاخۆ چ دەگوزارێت با چاوەرێبکەین ! ئەوەبوو ڕژێمی بەعس بە (فێڵ) هەموو پیاو و کوڕە بارزانیاکانیان ڕاپێچا و گواستەوە گوایە کۆبوونەوەیەک هەیە لە شاری (کەرکووک).
تا ئەم ساتە ئەو کارەسات و دیمەنەمە تراژدیەم لەبەرچاوە و لە بیرناچێت کە چەند ناخهەژێن بوو!
دوای رۆژێک لەو رووداوە، خێزانی بارزانیەکان هاتنە ماڵەوە بۆ لام (هیرێ خێزانی کاک عەزیز و حەلیمە خێزانی کاک حسین دایکی کاک محمد) هەروەها (پوورە شەمام) لە خورشیدیەکان، گوتیان بە دکتۆر بلێ مەبەستیان (هاوسەرەکەم) بوو، کە پیاو و کوڕەکانمان هەتا تەمەنی (١٢) ساڵی هەموویان بردووە گوایە لە شاری کەرکووک کوبوونەوە هەیە، بەڵام ئێمە گومانمان هەیە و دەزانین کە وا نییە! بەڵام دەستەڵاتمان نییە و نازانین چی بکەین.
هەرچەند من لەو کاتەدا لە رێکخستنی کۆمەڵە بووم بەڵام لە مەبدەئی خێزانی ئێمە (کوردایەتی) لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، زۆر خەمبار بووم بەو ئافرەتە بارزانیانە، بەڕاستی نموونەی ئافرەتی خۆراگر و بەڕێز بوون، ئەوەبوو هەماهەنگی کرا لەگەڵ رێکخستنی ناو شاری (هەولێر) بە مەبەستی هاوکاریکردنیان و چی پێویستە و باشە بۆیان بکرێت.
دوای دوو شەو ئۆتۆمبێلێک کە پڕ بوو لە (خۆراک) هاتە ناو گەراجی ماڵمەکەمان، من و هاوسەرەکەم دەستمان کرد بە دابەشکردنی خۆراک و پێداویستی بەسەر ئەو ئافرەت و خێزانە لێقەوماوانە. زۆربەی ئافرەتەکان منداڵی (شیرەخۆر) یان هەبوو، ئەوەی توانیمان بۆمان دابین کردن.
بۆ زانین (٤) پیاو لە ناو (کا) خۆیان حەشاردابوو و دوای ئەوە بە نهێنی هاتن بۆ ماڵمان بۆ ماوەی رۆژ و شەوێک لە ماڵمان مانەوە دواتر توانیمان ڕزگاریان بکەین و بیانێرین بۆ دەرەوەی (قۆشتەپە) و دواتریش ڕەوانەی گوندیان بکەین.
دوای ئەوە بیرمان کردەوە دەبێت سەرچاوەی بژێویی ژیانیان بۆ دابین بکەین، ئەوە بوو هاوسەرەکەم (د.عارف رشدی) لەگەڵ رێکخستنەکانی ناو شار و خاوەن کێلگەکانی سەوزە هەماهەنگی کرد بە کارکردنی ئەو ئافرەتانە لە کێڵگەکاندا بە مەبەستی پەیداکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان.
جێی پێزانینە باسی ئازایەتی و سەربەرزی و کەرامەتی ئافرەتە بارزانیەکان بکەم، کە توانیان منداڵەکانیان بە جوانترین شێوە بە خێوبکەن وەک تەحەدایەک بۆ ڕژێمی فاشتی بەعس.
سڵاو و ڕێز بۆ خوشک و دایکە بارزانیەکان کە بەرگەی ئەنفالیان گرت و دروود بۆ گیانی پاکی (٨٠٠٠) هەشت هەزار بارزانی، کە حکوومەتی بەعس نەیتوانی میللەتی بارزان لەناو ببات.

