رۆژنامەی ھەولێر

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و ســـــــــــــەرۆکی ئاژانسی پاراستن کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا

دوێنێ، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیان، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.”

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند “ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە.”
ئەم هێرشانە کاردانەوە و ناڕەزایی و سەرکۆنەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامودەزگە حکوومییەکان و ناوەندە مەدەنییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی لێکەوەتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: ئەم هێرشانە سڵمان ناکاتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان
دواتر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند؛ دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان دەرکەوتووە، بە درۆنی ئێرانی، هێرش کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی من و ماڵی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش و پاراستن.
من ئەم هێرشە سەرکێش و قبوڵنەکراوانە بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەم. ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
ئەم هێرشانە سڵمان ناکاتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان.

بارەگای بارزانی: هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا هەیە

ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیە دەكەین كە بەرەبەیانیی ڕۆژی 17ی ئابی 2026 لەو دیوی سنووری ئێرانەوە كرایە سەر نووسینگەی سەرۆك وەزیران و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا هەیە و ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە كە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. بە دڵنیاییەوە بەكارهێنانی درۆن و موشەك چارەسەری كێشەكان ناكات.
بارەگای بارزانی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران پەرەسەندنێکی مەترسیدارە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەکانی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو هێرشانە بە تەواوی رەتدەکاتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسفیان دەکات.
لە بەشێکی راگەیەنراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتی و پابەندیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، بۆیە پێویستە هەموان کار بۆ ئارامکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەتوندی بە ئامانجگرتنی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن شەرمەزار دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە کە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە و دەبێت لە زووترین کاتدا بەرەنگاری ئەم دەستدرێژییانە ببێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان:
لەکاتێکدا هەموولایەک چاوەڕوانى ئەوەبوون دەست بۆ ئەمنیەت و سەقامگیریی عێراق و هەرێمى کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بەتایبەتى کە تەواوى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دوورخستنەوەى هەرێم و عێراقە لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانى ناوچەکە و، هەرگیز هەرێم بەشێک نەبووە و نیە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەداخەوە شەوى ڕابردوو لە رێگاى دوو دڕۆنەوە نووسینگەى بەرێز (مەسرور بارزانى) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شوێنى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن بە ئامانج گیران.
ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر بەتوندى ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و، ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.
لێرەدا بەڕوونى جەخت دەکەینەوە کە ئەرکى سەرشانى حکومەتى فیدراڵى عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدى بێتە دەنگ و ڕێگا لەم هێرش و پێشێلکاریانە بگرێت، هەروەها لە زوترین کاتدا بە ڕێگاى گونجاو بەرەنگارى ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ببێتەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران: هێرشەکان رێزنەگرتنە لە رۆڵی ئاشتیخوازانەی کوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
جێگری سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە زۆر روون، راشکاوانە و ئاشتیخوازانە بووە.
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا رێزنەگرتنە لە هەڵوێست و رۆڵی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە.

مەزڵوم عەبدی: هێرشەکە دەستدرێژییە بۆ سەر ئیرادەی گەلی کوردستان
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هاوسۆزی خۆی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی کرد. عەبدی رایدەگەیەنێت، ئەم هێرشە دەستدرێژییە بۆ سەر ئیرادەی گەلی کوردستان و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “هاوسۆزی خۆمان بۆ حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین و بە توندی سەرکۆنەی ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت دەکەین.”
هەروەها مەزڵووم عەبدی راشیگەیاند: “ئەم ئامانجگرتنە کارێکی رەتکراوە و نائەخلاقییە و گوزارشتە لە دەستدرێژی بۆ سەر ئیرادەی گەلی هەرێم و بەشێکی سەرەکی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق.”

وەزارەتی پێشمەرگە: ئەم دەستدرێژیە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیە دەکەین کە بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، لە سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە پێشێلکاریەکی ئاشکرای سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستوری و یاساییەکان و پێشێلکردنی سەروەریە.
هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لەچارەسەر و هەوڵیداوە هەمو گرفتەکان لەرێگای گفتوگۆوە یەکلایی بکرێنەوە.
ئەم دەستدرێژیە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە.
پێویستە هەمولایەک رێز لەسەروەری عێراق و سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان بگرن. داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە ناڕەوایانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: ئەم هێرشانە بەزاندنی ئاشکرای بەها نیشتمانییەکانە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیدانە و سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کرد.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا رەفتاری کردووە و بەردەوام هەوڵی داوە هەرێم و تەواوی عێراق لە شەڕ، ململانێ و ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان بەدوور ببن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و ئاژانسی پاراستن “بەزاندنی ئاشکرای بەها نیشتمانییەکانە و رەفتارێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی ئەم ئارامی و سەقامگیرییە.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنی پارتی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە ئەرکە دەستووری و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هەڵوێستێکی روون و بڕیاردەرانە بنوێنێت، هەروەها داواشی کردووە رێکاری کرداری و تووند بگرێتە بەر بۆ سنووردارکردنی ئەم دەستدرێژییانە، تاوەکو رێگە لە هەر هەوڵێک بگیڕێت کە ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان: پێشێلکاریەکی زەق و توند و بێ پاساوی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی باشن
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنیەکەی ئێران دەکەین ، کە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی ڕێزدار (مەسرور بارزانی/ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم) و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن.
ئەم هێرشانە تەنها بەئامانج گرتنی بەڕێزیان و دامەزراوەکانی هەرێم نین، بەڵکو دەستدرێژین بۆ سەر خاک و سەروەریی و شکۆی دەوڵەتی عێراق و قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێشێلکاریەکی زەق و توند و بێ پاساوی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باشن لە پەیوەندیەکانی نێوان دەوڵەتاندا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیاسەت و هەڵوێستی ڕێزدار مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا، هەمیشە بریتی بووە لە پاراستنی بێلایەنیی هەرێم و بەدوورگرتنی لە شەڕ و ململا‌نێکانی ناوچەکە و ڕێزگرتنی ماف و ئەرکەکانی دراوسێیەتی باش، سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ ئاشتی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ و کێشەو ململانێکان.
لەو سۆنگەیەوە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، کە هەموو ڕێکارە سیاسی و دیپلۆماسی و یاساییە پێوویستەکان لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانەدا و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لەداهاتوودا بگرێتەبەر، چونکە پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتیەکی هاوبەشە.
جێگای ئاماژەیە ئەمە یەکەمجار نیە کە ئەم هێرش و دەستدرێژیانە دەکرێنە سەر کەسایەتی و دامەزراوە و خاکی هەرێمی کوردستان ، لەکاتێکدا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەفەرمی چەندین جار لایەنەکانی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەم ڕەفتارانە پاساویان نیە و خزمەت بە دۆستایەتی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانمان ناکات. لێرەوە فراکسیۆنەکەمان دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیامی ئاشتی و گفتوگۆ و پاراستنی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش، بە توندی سەركۆنەی دەستدرێژی كردنە سەر خاک و دامەزراوە و شکۆی هەرێمی کوردستان دەكات.

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان: ئەم هێڕشانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە

لە بەیاننامەیەکدا دادوەر عەبدولجبەبار عەزیز حسن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێڕشی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند؛ پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم و هاووڵاتیانە.

دەقی بەیاننامەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان:
بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن دەکەم. ئەم هێڕشانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و دژی ئاشتی و سەقامیگیری ناوچەکەیە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی بەدیهێنانی ئەو ئاشتی و سەقامگیرییەیە.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەڵوێست و رێکاری جدی بگرنە بەر بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە و دانانی سنوورێک بۆ دووبارەنەبوونەوەیان.

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی: ئەم جۆرە کردەوانە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نین و هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئیدانە دەکات.
ئەم هێرشانە مەترسیدارن و پێشێلکارییەکی جدیی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراقن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام سیاسەتێکی بەرپرسیارانەی پەیڕەو کردووە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ململانێ و گرژی و پێکدادانەکانی ناوچەکە. هەرێمی کوردستان نە بەشێک بووە لەم ململانێیانە و نە دەیەوێت ببێتە بەشێک لێیان.
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نین. بە پێچەوانەوە، هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری، هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بنیاتنەرانە لاواز دەکەن و مەترسیی ئەوە زیاد دەکەن و بارودۆخی ناسک و ئاڵۆزی ناوچەکە زیاتر گرژ و ئاڵۆز دەکەن.
داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتییە دەستووری و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بگرێتەبەر، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف ئەنجام بدات، بەرپرسانی ئەم کردەوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و هەنگاوی خێرا و کاریگەر بنێت بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە.
ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق. پێویستە لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری، لاوازکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت یان خستنە مەترسیی سەلامەتیی گشتی، پارێزگارییان لێ بکرێت و هەڵوێستی ڕوون لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هەبێت و بەهەموو لایەک ڕێگری لێبکەن و بەرپرسانی ئەو کردەوانە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان: ئەم جۆرە دەستدرێژییە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر پیرمام دەکات و بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاک وەسفی دەکات.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی هەرێمی کوردستان:
نووسینگەی تایبەتی رێزدار سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێز بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، بە درۆنی ئاراستەکراو لە ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق تێکدەدات و پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، بۆیە بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.
داواکارین حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە ئەرکی دەستووری خۆی هەستێت و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە و مسۆگەرکردنی رێزگرتن لە سەروەری عێراق و سەروەری هەرێمی کوردستان.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: هێرشەکان پێشێلکاری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی پەلاماری درۆنی دەکات کە بەرەبەیانی دوێنێ لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کرا و نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی وەزیرانی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج.
بە ئامانجگرتنی ناوبەناوی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە، پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هاوکات بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەم جۆرە کردەوانە پێشێلکردنی سەرجەم پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ژیانی هاووڵاتیانە کە مەترسیی جددی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتیان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و ململانێ و پەیامی سەربازی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەڵوێستی ڕوون و جددییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییە بەردەوامانە و هەوڵی جددی بدرێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.

هاوپەیمانی مەسیحی: پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین
هاوپەیمانی مەسیحی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند” بە توندترین شێوە هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆی سەر ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن سەرکۆنە دەکەین”.
راشیگەیاندووە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
جەخت دەکاتەوە “ئێمە لە هاوپەیمانی مەسیحی، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی هەرێم دەردەبڕین، و جەخت دەکەینەوە کە هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئاسمان و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتە مەیدانی ملمـلانێ و هەژموونی ناوچەیی”.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە سیاسەتی ئاشتی و پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە ملمـلانێ ناوچەییەکان پەیڕەو دەکات؛ بۆیە پاراستنی ئاسایش و سەروەرییەکەی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و یاساییە”.
لە کۆتاییدا هاوپەیمانی مەسیحی ئاماژەیداوە، ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانن ئیرادەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بشکێنن، و ئێمە لە گەڵ حکوومەت و خەڵکی کوردستان دەوەستین بۆ پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و سەروەریی خاکەکەمان.

هاوپەیمانیى سیادە: هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت کارێکى تیرۆریستییە
هاوپەیمانیى سیادە سەرکۆنەى هێرشە درۆنییەکانى سەر پیرمام دەکات و بە “کارێکى تیرۆریستى” وەسفیان دەکات. سەرمەد خەنجەر سەرۆکى هاوپەیمانییەکە رایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنى دامەزراوە فەرمییەکان مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریى عێراق.
هاوپەیمانیى سیادە سەرکۆنەى ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، مەسرور بارزانى، و شوێنى حەوانەوەى بەڕێوەبەری ئاژانسى “پاراستن” لە هەولێر. هاوپەیمانییەکە ئەم هێرشە بە کارێکى تیرۆریستى و بە ئامانجگرتنى راشکاوى دەوڵەت دادەنێت، کە پەرەسەندنێکى نیگەرانکەر و دەستدرێژییەکى رەتکراوەیە بۆ سەر ئاسایشى عێراق و سەلامەتى دامەزراوەکانى.
هاوپەیمانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنى ئاسایش و سەروەریی عێراق بەرپرسیارێتى دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانە، هەر لایەنێک لە پشت ئەم هێرشانەوە بێت، ئەوا زیان بە شکۆى دەوڵەت دەگەیەنێت و هەڕەشە لەو سەقامگیرییە دەکات کە عێراق لەم قۆناخەدا پێویستى پێیەتى.
هاوپەیمانیى سیادە داوا لە حکوومەتى فیدراڵى و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکات، رێکارى پێویست بگرنەبەر و کار بکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە رووداوانە، چونکە دۆخە ئەمنى و سیاسییەکە ئاڵۆز دەکەن و بەرژەوەندیى هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان: هەوڵدانە بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ریسواو ئیدانەی دەکەین و، بە هەڕەشە و پێشهاتێکی مەترسیداری دەزانین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
بێگومان بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانەی لە ناوچەكەدا روویانداوەو هەن، بۆیە ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە کە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
هیچ کات هێرش و پەلامار نەیانتوانیوە ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن، بەڵکو وایانکردووە گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سوورتر و خۆڕاگرتر بن لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکان، لێرەوە وەک هەمیشە پشتیوانی خۆمان بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنین و داواکارین کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکان یەكڕیز و هاوهەڵوێست بین بۆ پاراستنی کوردستان لەهەر هێرش و دەستدرێژییەک.