ناکۆکییەکان هەولێر و بەغدا، لەسنووری مادەی ١٤٠ تیرۆریست و میلیشاكانی بەهێز کردووە

سنووری مادەی ١٤٠ کە بە ناوچە جێناکۆکەکان یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناسراوە، بەهۆی درێژەکێشانی ناکۆکییەکانی هەولێرو بەغدا لەسەر ئەو ناوچانە و جێبەجێنەکردنی یاساکە، جگە لە داعش دەیان گرووپی جۆراوجۆر لە ژێر ناوی جیاوازدا، جووڵەیان هەیە کە لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکان کار دەکەن و زۆریان سەر بە حەشدی شەعبین.

رووبەری ئەو ناوچانە بە پێی هەندێک سەرچاوە نزیکەی ٤٠ هەزارە کیلۆمەتری چوار گۆشەیە و سەرووی سێ ملیۆن کەس لە زۆربەی نەتەوەکان لەم ناوچانە دەژین کە زۆربەیان کوردن. کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و چەندان پێکهاتەی مەزهەبی و نەتەوەیی تری وەک ئێزدی، کاکەیی، زەردەشتی شەبەکی تێیدا دەژین. گرنگترین ناوچەی جێناکۆک کەرکووکە کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن و لەوەتەی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە پێشمەرگە لەو ناوچانە و زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکانی تر کشاوەتەوە.
مادەی ١٤٠ لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناوچانە دەستنیشان کراوە و چارەسەرکردنیپرسەکە بەپێی مادەکە سێ قۆناغ لەخۆ دەگرێت دوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی عەرەبە هاوردەکان و جێگرتنەوەی بە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکان، دواجار ڕاپرسی دەکرێت و خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان بڕیار دەدەن بەشێک دەبن لە هەرێمی کوردستان یان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراقدا دەمێننەوە.
بەپێی یاسا و ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر مادەکە تا ساڵی ٢٠٠٧ دەبوایە بە تەواوی جێبەجێ کرابا و تەنانەت ڕیفراندۆمیش بەرێوەچووبا بەڵام ئەمە نەکرا. لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ سەرووی ٩٢% دەنگیان بەوە دا بەشێک بن لە هەرێمی کوردستانی سەربەخۆ.
لە ژێر سایەی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکان لەو ناوچانە، دەرفەت دراوەتە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی تا هەژموون و دەسەڵاتی خۆیان زیاتر بکەن.
لە شنگالەوە بگرە تا دەگاتە کەرکووک و دیالە و خانەقین گرووپی چەکداری جیاواز دەسەڵاتیان هەیە. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کەپێی باش نەبووە ناوی بۆ میدیاکان ئاشکرا بێت، ژمارەی ئەو گرووپانەی بە ٦٠ گرووپی چەکداری هەژمار کردووە کە زۆربەیان سەر بە حەشدی شەعبین.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە هەوڵی داوە ئەو ناوچانە لە دەسەڵاتی گرووپە میلیشیاکان ڕاماڵێت بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند ڕێککەوتنێکی جیاوازیان هەیە و هەندێک ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشیان ئەنجام داوە بەڵام سنووردار بوون و نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە یەکەوە ناوچەکە بپارێزن.
ماجید شنگالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە سەرچاوەکەی گوتووە دەسەڵاتی هەندێک گرووپی سەربازی نایاسایی لەوانەش پەکەکە وایکردووە دۆخی ئەو ناوچانە خراپتر ببێت و تەنانەت حساب بۆ بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیش نەکڕدرێت. ئەو ئاماژەی داوە هەولێر و بەغدا دەسەڵاتیان بەسەر شنگالدا نییە.
یەکێکی تر لە هۆکارەکان کە وای کردووە گرووپە میلیشیاکان لەو ناوچانە بوونیان هەبێت ئەوەیە لە ساڵانی ڕابردوودا هەولێر بەغداش لەسەر ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە ناکۆکییان هەبووە.
بە پێی ئامارێک کە ئەو پەرلەمانتارە خستوویەتەڕوو، سەرووی ٧٠%ی دانیشتووانی شنگال لە زێدی خۆیان نەماون و هەرئەوەش وای کردووە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە زۆر سست بچێتە پێش. هاوکات ناوچەکان بوونەتە مەڵبەندێک بۆ هەڕەشەکردن بۆ سەر هەر دوو حکوومەتی عێراقو هەرێمی کوردستان و هەندێک جار لەو ناوچە جێناکۆکانەوە تەنانەت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراوەتە ئامانج.
هەولێر و بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتننامەیەکیان مۆر کرد کە بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە کار بۆ دەرکردنی تەواوی گرووپە میلیشیاکانی شنگال بکرێت تا ئاوارەکان بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە خەڵکی شنگال دابمەزرێن و خۆیان ئاسایشی خۆیان دابین بکەن و تەنانەت ژمارەی بەرچاوی ئەو دامەزراندنە لە ئاوارەکان بێت.
حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کەمتەرخەم بووە و هێشتا ئەو هێزانە لە ناوچەکەن کە بە نایاسایی هەژمار دەکرێن.
بیانووی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بۆ مانەوەیان لەو ناوچانە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشە لە کاتێکدا بوونی ئەوان لەم ناوچانە نەک لە ژمارەی تیرۆریستانی کەم نەکردووەتەوە بگرە زیادیشی کردووە.

ھەواڵی زیاتر