رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان کۆبۆووە و جەخت لەسەر خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی شار دەکاتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکان کۆبۆووە. لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین تەوەری گرنگ پەیوەست به‌پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی فەرمانگەکان تاوتوێ کران.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر تیشکی خستە سەر ڕاسپاردەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، بە ئامانجی جێبەجێکردنی پلانی نوێ و خێراکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیدا. هەروەها جەختی لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان کردەوە بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاریی بێ جیاوازی بە هاووڵاتییان لە ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و جێبەجێکردنی مۆڵەتەکانی دروستکردنی باڵەخانە بەپێی ڕێنماییە یاساییەکان.

تەوەرە گرنگەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە:
١- هەڵسەنگاندن بۆ هەڵمەتەکانی چاککردنەوە و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانە تێکچووەکان کرا، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی کربستۆنە شکاوەکان و ڕێکخستنەوەی یوتێرنەکان.
٢- جەخت لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی، پاراستنی دارو درەختەکان لە وەرزی گەرمادا، و چاودێریکردنی چڕی باخچە و پارکە گشتییەکان کرا.
٣- گۆڕینی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان بۆ زمانی شیرینی کوردی، ڕێگری کردن لە تابلۆ و نوسراوە نایاساییەکان، و سڕینەوەی ناشرینکاریی سەر دیوارە گشتییەکان و قوتابخانەکان.
٤- داوا لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان کرا کە چاودێریی بەردەوام ببن بۆ بنەبڕکردنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان و پاراستنی پاکوخاوێنیی بازاڕ و شەقامەکان.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆکی شارەوانیی، هیوای خواست کارەکان جدی بێت بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و تێیدا بەرژەوەندی گشتی لەبەر چاو بگیریت بۆ ئاوەدانی زیاتری شارەکەمان لە هەولێری پایتەخت .

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر