بەبۆنەی 16ی ئاب ساڵیادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی كوردستان فراكسیۆنی پارتی له ئهنجوومهنی پارێزگای كهركووك پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردهوه كه ئهمه دهقهكهیهتی …
جەماوەری سەربەرزی کوردستان و خەڵکی خۆشەویستی کەرکووک،
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان،
بە شانازی و خۆشحاڵییەکی بێپایانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم و پڕ لە ڕێز و وەفاداری، ئاراستەی هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی جەماوەری خۆڕاگر، نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزی شاری خۆشەویستی کەرکووک دەکەین.
بە بۆنەی دوو یادە درەوشاوە و مێژووییەکەی 16ی ئاب؛ ساڵیادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵیادی لەدایکبوونی ڕابەری نەتەوەییمان، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی.
16ی ئابی 1946، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی گەلی کورد. لەو ڕۆژەدا، بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەردی بناغەی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتە مەیدان و لە ماوەی هەشت دەیەی خەبات و تێکۆشاندا، سەلماندوویەتی کە یەکێکە لە ڕەگ و ڕیشەدارترین قوتابخانەکانی کوردایەتی، قەڵای پاراستنی مافە ڕەواکانی گەل و هێزی پشتیوانی ناسنامە و خاکی کوردستان.
لەو ڕێگایەدا، کەرکووک هەمیشە، سەرەرای هەبوونی ئالنگاری زۆر، شوێنێکی تایبەتی و گرنگی هەبووە لە نێو مێژووی خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد؛ شارێک کە بە خوێن و قوربانی و خەباتی نەوەکانی گەلەکەمان بەستراوەتەوە و هەرگیز لە یادەوەری نەتەوەیی و مێژوویی کوردستاندا جێگای خۆی لەدەست نەداوە.
هاوکات لەم ڕۆژە شکۆدار و مێژووییەدا، بەوپەڕی ڕێز و وەفادارییەوە، یادی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە؛ ئەو ڕابەرەی کە لە سەرانسەری ژیانی خۆیدا، وەک پێشمەرگەیەک لە سەنگەری بەرگری لە کەرامەت، ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا وەستاوە و بە دانایی، هێمنی و سەرکردایەتییەکی مێژوویی، بووەتە هێمای ئیرادە و خۆڕاگریی نەتەوەیی.
ئێمە، لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم یادە پیرۆز و مێژووییەدا، بە پشت بەستن بە تەواوی ئارگۆمێنتەکانی یاسایی و مێژوویی، پەیمانی خۆمان نوێ دەکەینەوە کە بە هەموو توانای خۆمانەوە درێژەپێدەری ڕێبازی بارزانی بین؛ لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک، پاراستنی پێکەوەژیان و قوڵکرنەوەی گیانی برایەتی و بەهێزکردنی هاوبەشی و ئارامی لە شارەکەمان، و بەدواداچوون بۆ مافە ڕەوا و نەتەوەییەکانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی یاسایی و دیموکراتی بەردەوام بین.
بەو بۆنەیەوە، پیرۆزبایی و ڕێز و پێزانینمان ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی، جێگرانی سەرۆک سەرکردایەتی حزب و تەواوی کادر و پێشمەرگە و لایەنگران و جەماوەری سەربەرزی کوردستان و کەرکووک دەکەین.
لە هەمان کاتدا، بە ڕێز و وەفادارییەکی بێپایان، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی دادەنەوێنین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە یاد و ڕێگای ئەوان لە دڵ و ویژدانی ئێمەدا زیندوو بمێنێتەوە.
بەرز و پیرۆز بێت یاد و بۆنەکانی 16ی ئاب.
پیرۆز بێت 80 ساڵی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
پیرۆز بێت ساڵیادی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

