نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە  

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 107 دۆلاری تێپەڕاند، ئەوەش ئاستێکی پێوانەییە کە لە هەشت ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت.

 بەپێی نرخەکانی بۆرسەی جیهان، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت کەمێک پێش ئێستا گەیشتە 107 دۆلار و حەوت سەنت، بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش بۆ نزیکەی 106 دۆلار بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەو شێوەیە لە مانگی ئابی 2014وە تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراوە. 

ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سەرچاوەکانی دیکەی وزە لە جیهاندا. 
وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی تاوتوێی خستەبازاڕی 60 ملیۆن بەرمیل نەوت دەکەن لەو یەدەگە ستراتیژییەی هەیانە، ئەوەش بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوت. 

وڵاتانی بەشدار لە رێکخراوی ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت، لەنێویاندا رووسیا، کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراون، بڕیارە رۆژی چوارشەممە 02-03-2022 کۆببنەوە. 
تاماس ڤارگا لە کۆمپانیای نەوتیی PVM دەڵێت، “ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بە ئەگەری زۆرەوە بە پلانە بنچینەییەکەیان پابەند دەبن کە ئەویش زیادکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، کە ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێکان کەمناکاتەوە”. 

رووسیا کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئۆکراینای ناوناوە “ئۆپەراسیۆنی تایبەت”، رۆژانە چوار بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و دوو بۆ سێ ملیۆن بەرمیل بەرهەمی نەوتی هەناردە دەکات.

ھەواڵی زیاتر