ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2022/3/1 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له بەڕێز جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عیراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته ئه‌منییه‌كانى عیراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى داعش تاوتوێ كران و جه‌خت له گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عیراق كرایه‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ى بۆشاییى ئه‌منى تێدایه.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له دوایین هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایان بۆ پرۆسه‌كه و بۆ پێشكه‌شكردنى مه‌شق و ڕاهێنان به پێشمه‌رگه به پێویست زانى. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه شانده‌كه سوپاسى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانی‌یان له پرۆسه‌ى چاكسازى و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دا كرد.
شانده ئه‌مه‌ریكییه دووپاتى كرده‌وه كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشكاندنى داعش بۆ ئه‌مه‌ریكا كارى له‌پێشینه‌یه و له‌مپێناوه‌شدا له نزیكه‌وه له كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانى له عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت، خۆشحاڵیى خۆیشیان به هاوكاریى پێشمه‌رگه و سوپاى عیراق ده‌ربڕى.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له سووریا و دۆخى كه‌مپى ئه‌لهۆل له سووریا، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى شه‌ڕ له ئۆكرانیا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوون.