رۆژنامەی ھەولێر

دوای دەرکردنی ڕێنمایی لەلایەن شارەوانی یەک بۆ کاسبکاران و فرۆشیاران،” ئەمڕۆ هەینی بازاڕی گەورەی سەنتەری شار هاتووچۆی هاووڵاتیان و شوفێران تێیدا ئاسایی بۆتەوە

دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی یەک و پێدانی ڕێنمایی بە کاسبکاران و فرۆشیاران و دەستگێڕان، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی بازاڕی گەورەی سەنتەری شار و نەهێشتنی جەنجاڵی شەقام، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری شارەوانی یەک لەگەڵ تیمەکان و پۆلیسی شارەوانی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان کرد.

ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە کردنەوەی ڕێگاکانی هاتووچۆ بوو بۆ هاووڵاتیان و شوفێران،” لە ئێستاشدا دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی بۆتەوە. لەم قۆناغەدا، تەنها ڕێگا بە کاسبکاران و فرۆشیارانی کورد دراوە کارەکانیان ئەنجام بدەن بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێکخستنەوەیەکی تۆکمە، پاراستنی جوانیی سیمای شار و خاوێنڕاگرتنی ژینگەی سەنتەری بازاڕەکە…
لەو نێوەندەشدا، شارەوانی و پۆلیسی شارەوانی بەردەوام دەبن لە چاودێریکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان.

شایەنی باسە ئەو بازاڕە لە کۆنەوەو چەندین ساڵە بەشێوەیەکی جەنجاڵی لە ڕۆژانی هەینی شەقامە گشتیەکان بەهۆی کاسبکارانەوە دادەخرێن، بەتایبەت فرۆشیاران کە لە ٨٠٪ـی بیانین لە دوای کارەکانیشیان زبڵ و پاشماوەیەکی ئێجگار زۆر بەجێدەهڵێن ئەوەش ئەرکی تیمەکانی خاوێنکردنەوەی قوڕسترکردووەو هەروەها بۆتە ناشیرینی کردنی سیمای شار و پیسکردنی ژینگە لە سەنتەری شاری هەولێر .

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر