ناتۆکمەبوونی سیستمی باج لە کوردستان، خۆدزینەوە لە باجی بە سیستماتیک کردووە

سلێمان تاشان – هه‌ولێر

باج یەکێکە لە داهاتە گرنگەکانی هەر وڵاتێک کە رێکخستنی کاریگەری لەسەر گەشەی دارایی و بەرزکردنەوەی قەبارەی خزمەتگوزارییەکان دەبێت. وەک ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە ئەو سیستمە رێک نەخراوە و حکوومەت هیچ کاتێک نەیتوانیوە بە گوێرەی یاساکان باجی پێویست وەربگرێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان باج کۆ بکاتەوە تا دواجار بۆ خزمەتی گشتی بەکاری بهێنێت.

هەرچەندە یاساکانی پێوەندیدار بە باج لە هەرێمی کوردستان کۆنن، بەڵام کار بەوانیش ناکرێت. لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەی ولاتانی رۆژئاوا و پێشکەوتوو لە هەرێمی کوردستان داهاتی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان دیار نییە و هیچ کاتێک حکوومەت نازانێت قازانجی کۆمپانیایەک چەندە تا بە گوێرەی قازانجەکە باجیان لێ بستێنێت.
وەک ئاشکرایە له‌ وڵاته‌ دیموكراته‌كان نه‌ كه‌س ده‌توانێت خۆی له‌ پێدانی باج بدزێته‌وه‌ و نه‌ حكوومه‌تیش ده‌توانێت ئه‌و باجه‌ی كۆی ده‌كاته‌وه‌ گه‌نده‌ڵی تێدا بكات و بۆ پێشخستنی ژیانی خه‌ڵك و وڵات به‌كاری نه‌هێنێت. له‌ وڵاتێكی وه‌ك سوید ٦٠%ی داهاتی وڵات له‌ رێگه‌ی باجه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. جۆری باجه‌كان له‌و وڵاته‌ زۆرن ئه‌گه‌ر خاوه‌ن پیشه‌ بیت یان ته‌نانه‌ت له‌ بازاڕی ره‌شیش كاری نایاسایی بكات ئه‌وا ناتوانی خۆت له‌ پێدانی باج بدزیته‌وه‌، له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی په‌یدای ده‌كات ده‌بێت به‌شێكی بۆ سندووقی باجی وڵات بگه‌ڕێنێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر کەسێک بازرگان بێت و کارگەیەک به‌ڕێوە ببات، ئه‌وا له‌و قازانجه‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت ده‌بێت به‌شێكی بداتە‌ حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر خۆی خاوه‌ن كارە و خه‌ڵكی دامه‌زراندووه‌، ده‌بێت دوو باج بدات، باجێك له‌و قازانجه‌ی له‌ كاره‌كه‌دا ده‌ستی ده‌كه‌ویت و باجێكیش له‌و هه‌له‌ كاره‌ی دروستی كردووه‌‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ بانكیش بڕه‌ پاره‌یه‌كی پاشه‌كه‌وت كردووه‌ ئه‌وا دیسان ده‌بێت له‌و قازانجه‌ی له‌ پاشه‌كه‌وتی پاره‌كه‌ی بانك ده‌ستی ده‌كه‌وێت، به‌شێكی وه‌كو باج به‌ حكوومه‌ت بدات، ئه‌گه‌ر بچیت و مڵكێك بكڕیت ئه‌وا دیسان ده‌بێت باج به‌ حكوومه‌ت بدات كه‌ به‌ باجی دارایی ناسراوه‌. ، هاوکات له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌ بازاڕ ده‌یكڕیت و رێك له‌گه‌ڵ كڕینی كاڵاكه‌ راسته‌وخۆ باجێكیش دەداتە حکوومەت کە بە سیستمی بانکی و دارایی پێشکەوتوو رێکخراوە.
له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باج هه‌یه‌ و یاسای پێوه‌ندیدار به‌ باج هه‌یه‌، بەشێک لەو باجە ئاماژەپێکراوانە لە کوردستانیش هەن، به‌ڵام سیستمێكی پێشکەوتوو بۆ باجدان نییه‌ و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت خۆی له‌ باج بدزێته‌وه‌ و ئه‌و بێ سیستمییه‌ له‌ باج هۆكار بووه‌ له‌وه‌ی حكوومه‌ت هه‌رگیز نه‌توانێت دادپه‌وره‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دابین بكات و له‌ قازانجی هه‌ژاراندا سوود له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندان وه‌ربگرێت. خه‌ڵكێك له‌ ناكاو ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، بێ ئه‌وه‌ی سوودیان بۆ حكوومه‌ت و هاووڵاتیان و گه‌شه‌ی وڵات هه‌بێت.
رۆژی دووشەم ٢٨ی شوبات ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە میوانداری دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان کرد.
دکتور کەمال وەرتی خۆی دان بەو راستییەدا دەنێت لە هەرێمی کوردستان باجدەران بە ئاسانی خۆیان لە دانی باج دەدزنەوە و قازانجەکانیان ناخەنەڕوو. ئەو گوتی بەپێی ماددە ٢٦ لە یاسای باجی دەخل راستەوخۆ پەنا دەبردرێتە بەر خەمڵاندن و نزیک بە تەواوی کۆمپانیاکان بودجەی ساڵانەی وەهمییان پێشکەش کردووە.
ئەو باسی لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کرد لەوەی لەسەر هێڵە بۆ دانانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی داهاتی راستەقینەی کۆمپانیاکان ئاشکرا بکرێت و چیتر پشت بە خەملاندن نەبەسترێت.
جگە لەمە هەندێک کۆمپانیا کە قازانجێکی زۆریان کردووە خۆیان وا دەردەخەن کە زەرەریان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان لە باج بدزنەوە، هیچ بەڵگەیەک یان پێوەرێک لەسەر ئەوە لەئارادا نییە کۆمپانیاکان ناچار بە پێدانی باج بکەن. حکوومەت بە هاوکاری ژمێریاران و پارێزەران و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکان خەریکی گرتنەبەری رێکاری پێویستی یاساییە و هەندێک رێکاری یاسایی توندی گرتووەتە بەر، هەرچەندە بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی داهاتی باج بەڵام دۆخەکە ئەوە دەخوازێت سیستمێکی تۆکمە دابنرێت بۆ ئەوەی چیتر کەس خۆی لە پێدانی باج نەدزێتەوە و داهاتەکان بۆ خزمەتی گشتی و مووچە و خزمەتگوزارییەکان بەکار بهێنرێن.
بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی باجی کۆمپانیا ١٥% لەو قازانجە وەردەگیرێت کە کۆمپانیاکان دەستەبەری دەکەن کە بەراورد بە وڵاتانی تر رێژەیەکی بەرز نییە. بەو پێیە دەبێ هەرێمی کوردستان لە باجی کۆمپانیاکان سەدان ملیۆن دۆلاری دەست بکەوێت بەڵام ئەو داهاتە زۆر کەمە.
بە پێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان ژێرخانی بواری بانکی و دارایی و ئامار تۆکمە نییە و باجدەران بۆ خۆدزینەوە لە پێدانی باج دەرفەتی زۆر زیاتریان لەبەردەستە.

ھەواڵی زیاتر