شکۆی زمانی کوردی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەموو زمانێک جۆرێک لە هەیبەت و شکۆی لەخۆیدا هەڵگرتووە. هیچ زمانێک نییە بێ شکۆ بێت، بەڵام هەمیشە گەلە ژێر دەستەکان پێیانوایە زمانەکەیان شکۆی نییە، چونکە زۆرجار لەلایەن گەلە سەردەستەکانەوە شکۆی نەتەوەیی بوونیان شکێنراوە، بۆیە هەست بە شکانی شکۆی زمانەکەشیان دەکەن. کاتێک نەتەوەیەک کەرامەتی دەشکێنرێت بێگومان کەرامەتی زمانەکەشی دەشکێنرێت. کاتێک هەوڵی سڕینەوەی زمانەکەی دەدرێت، یان بە سووک سەیری دەکرێت و هەوڵی قەدەغەکردنی دەدرێت، ئیدی لە دەروون و هزری تاکەکانی ئەو نەتەوەیەدا هێدی هێدی شکۆی ئەو زمانەش بەرەو داڕمان و وێرانبوون دەڕوات. لێرەوە کێشەی (خۆبچووک بینین) سەر هەڵدەدات. بە جۆرێک دواجار دەبێتە گرێیەکی دەروونی لای تاک بەتاکی ئەو زمانە ژێر دەستەیە

زمانی کوردی بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو لە ڕیزی ئەو زمانانەدا بووە، کە بەردەوام شکۆی شکێنراوە، بەردەوام قەدەغە کراوە و لەلایەن دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکەوە هەوڵی سڕینەوەی دراوە. جارێک لەلایەن عوسمانییەکانەوە و دواتریش لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیاوە، جارێکی دیکەش لەلایەن دەسەڵاتی بەعس و فاشیزمی عەرەبی و لە عیراق و سووریا و لەلایەکی دیکەشەوە لایەن فارسیزمانەکانەوە. ئەم هەوڵانە بۆ سڕینەوە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی بەدرێژایی سەدەیەکە بەردەوامی هەبووە و هەیە و رۆژ نییە بە شێوەی جیا جیا شکۆی زمانی کوردی نەشکێنرێت، ئەمەش لە چەند ئاستێکدا گرفتی دەروونی بۆ بەشێک لە تاکەکانی کوردی ئاخێوەر دروست کردووە. زۆرجار و لە زۆر بۆنەدا هاوڕێ نووسەر و وەرگێڕەکانم، یان بەشێک لەو خوێنەرانەی کە لە نزیکەوە بینیومن بە شێوەیەکی سووک سەیری زمانی کوردییان کردووە وەکو ئەوەی لە جەستەیەکی نوقسان، یان بوویەکی ناتەواو بڕوانن. هەندێکیان بەکارهێنانی زمانی کوردییان وەکو نەنگی زانیوە و هەوڵێکی بێوچانیان هەبووە بۆ فێربوونی زمانی دیکە و ئەمەش لەپێناو دەستگەیشتن نەبووە بە مەعریفە بە زمانانی دیکە، بەڵکو تەنها بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرێ دەروونییە بووە، کە زمانی کوردی لە هەناو و هەستی ئەواندا دروستی کردووە.
کاتێک لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەدا بە شانازییەوە باسم لە زمانی کوردی کردووە و وەکو زمانێکی گرنگ، کە خاوەنی هەموو سیستمە زمانی و ڕێزمانییەکانە و چەندین میلۆن کەس قسەی پێ دەکات و هەستم بە سەرسامی زۆرێک کەسانی دەوروبەرم کردووە. بێگومان گرنگە شانازی بە زمانەکەمانەوە بکەین و کەمێکیش غرورمان هەبێت و شکۆی شکێنراوی ئەم زمانە لە دەروونی خۆماندا وەلا بنێین و بایەخ و گرنگییەکەی لە هزر و دەروونماندا زیندوو بکەینەوە. ئەوەی ئێمە بە سووک سەیری زمانەکەمان بکەین ئەوە هەمان ئەو پلان و بەرنامەیەیە کە دوژمنانی زمانەکەکان مەبەستیانە. بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لەناوبردن و شکاندنی شکۆی زمانەکەکان ببینەوە پێویستمان بە هەستی شانازیکردن بە زمانەکەمان و هاوکات خەمخۆربوونی هەیە. زمانی کوردی پێشناکەوێت تا لە خەمیدا نەبین. تا خزمەتی نەکەین و هەوڵی بەکارهێنان و دەوڵەمەندکردنی نەدەین. ئەوەی زمانێک دەوڵەمەند دەکات و دەیکاتە زمانێکی بەربڵاو و باڵادەست هەستی شانازی تاکەکانی و هاوکات دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەکەی و بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو زمانەیە، کە ئەمەش بە خزمەتکردنی بەردەوامی ئەو زمانە دەبێت.
بەڵام پرسیارێکی جەوهەری لێرەدا کە دەشێ بخرێتە ڕوو ئەوەیە ئایا ئێمە لەم سی ساڵەی سەردەمی ئازادی دوای ڕاپەڕییندا چیمان بۆ زمانی کوردی کردووە؟ بێگومان ئەگەر بە چاوێکی کراوەوە سەیری کتێبخانەی کوردی و دۆخی زمانی کوردی بکەین ناتوانین بڵێین هیچ کام لەو خاڵانەی لەسەرەوە وەکو پێشخستنی زمانی کوردی باسمان کرد جێبەجێ نەکراون، بەتایبەت زمانی کوردی لە ڕووی ڕۆژنامەوانیەوە گەلێک دەوڵەمەندە ئەمە بێجگە لەوەی کتێبخانەی کوردی بە هەزاران ناونیشان کتێبی نوێی تێدایە کە پێش ئەم سی ساڵە بوونیان نەبووە. بەڵام تا ئێستا لە دوو ئاستدا نەماتوانیوە خزمەتی ئەم زمانە بکەین. یەکەمیان هەستی بە کەمسەیرکردنی زمانی کوردی لە هزری تاکەکاندا بسڕینەوە. دووەمیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیمانگە و ناوەندی ئەکادیمی بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی دابنرێت و لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی دونیادا بەشی زمانی کوردی لە کتێبخانە گشتییەکان بکرێتەوە و ئەمە بێجگە لەوەی خوێندنی زمانی کوردی لە زانکۆ بەناوبانگەکان کاری بۆ کرێت. زمانی کوردی کەمتر نییە لە هیچ زمانێکی دونیا، ئەمە واقیعە، ئەوەی جۆرێک لە هەستی کەمی بەم زمانە بەخشیوە خزمەت نەکردن و بندەستەیی گەلەکەی بووە، کە بە درێژایی مێژوو زوڵمی لێ کراوە.

ھەواڵی زیاتر