ماوەی نێوان لەدایكبوون و مەرگمان بەرزەفت بكەین؟

گوهدار ئاكرەیی

هەموومان باش دەزانین هیچ چارەسەرێک نیە بۆ لەدایکبوون و مردن، تەنها ئەوەندەمان لەدەست دێت چێژ لەو ماوەیەی نێوانیان وەرگرین.

بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت هەموو ئەو ماوەیەی نێوان لەدایکبوون و مەرگمان کە بە گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ دەزانرێت، چەند بەپەلە تێدەپەڕێت. کەواتە پێویستە هەریەک لە ئێمەی مرۆڤ خۆی لە مەبەستە داخراوەکان، کێشە چەقبەستووەکان بێنێتە دەرەوە، نەک لەگەڵی بجەنگین، جا بۆ ئەمە بەرلەوەی قووڵ بچینە ناو دنیای ئەم بابەتەوە، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەو (چەکەی) کە مرۆڤ بەگشتی هەیەتی لەو ماوەیەی نێوان لەدایک بوون و مەرگیدا کە لەگەڵ هەموو ئەو شتە داخراو و چەقبەستووانەی دەوروبەری پێی دەجەنگێت چین؟ بتوانین ئاماژەی پێ بکەین. شتێکی روون و ئاشکرایە، مرۆڤ لە بنچینەدا خاوەن دوو هێزە، هێزێک لە دەرەنجامی بیرکردنەوەی مێشکەوە پەیدا دەبێت، هێزەکەی تریش هەموو ئەو توانایەی (دڵ)ی خودی مرۆڤە کە لە ئامێزیان دەگرێت. دەتوانین بلێین کە زیاتر لەنیوەی مرۆڤەکان، لە هەمبەر توانای (دڵ)یانەوە ئەقلیان ئەو هێز و دەسەڵاتەی نیە، کە زۆر جار بەو هۆیەوە کوشندەترین رق و کینەی لێ پەیدا بووە. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە هەموو ئەو بڕیارانەی لە دەرەنجامی هێزی مێشک دروست دەبن بەگشتی بە دوای دڵدا ناچن، بەپێچەوانەوە هەموو گرفتە بچووک و گرفتە گەورە زۆر ئاڵۆزەکان، بەلایەوە شێوازێکی تازەی فێربوونن، نەک ببن بە رق وکینە. بەپێچەوانەوە، بەو هۆیەوە پەنجە دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە لە بیری ئێستا دان، زۆر جیاواز لەگەڵ بڕیارەکانی (دڵ). کە زیاتر لەسەر بنەمای هەستە نەزانراوە نەفامیەکان بنیات دەنرێن، وەک خۆسەپاندن و گەورەیی و بچووکی و دۆڕان و بردنەوەو سۆزین. کە بەو هۆیەوە هەموو ئەو ماوەیەی نێوان لەدایکبوون و مردنمان سەرقاڵی راکێشانی لاشەی مردوومان دەکەنەوە! گومانیشی تێدا نییە، قەت لاشەی مردووش زیندوو نەبۆتەوە، تەنیا بۆنە خنکێنەرەکەی زیاتر بۆتەوە. کەوایە هەموو ئەمانەش، هۆکارن بۆئەوەی ئەو پرسیارەمان لەلا دروست ببێت! بەخودی خۆمان بڵێین، دەبێ کاری ئێمە چی بێت بۆ ئەوەی جیاوازتر بین لەو کەسانە کە ژیانیان هەموو بەسەختی بردۆتە سەر. بەو هۆیەوە بتوانین کۆنترۆڵی ئەو ماوەیەی نێوان لەدایکبوون و مەرگمان کە زۆر لە بیرکرنەوەکانی مرۆڤ کورتترە، بە شپرزەیی و سەرلێشێوان نەبەینە سەر. من بە حالی خۆم دەلێم، تاقی کردنەوە باشترین مامۆستایە. با من و تۆش ئەم جارە خۆمان تاقی بکەینەوە، لەهەمبەر کێشە چەقبەستووەکان، بەمەرجێ! بڕیارەکانمان بە رێگای بیرکردنەوەکانی مێشک بن. نەک بەڕێگای بڕیارەکانی ( دڵ)مان بن بزانە چ بەرهەمێکی دەبێت، چۆن کێشەکە دەگۆڕێت و مانایەکی تر دەگەیێنێتە مێشکت. دەتوانم بلێم وەک ئەوە وایە! تۆکەسایەتیەکی ترت بۆ دروست ببێت و بەو هۆیەوە مێشکت هەلسەنگاندنی باشترت بۆ بکا. چونکە شتێکی شاراوە نیە، هەموو ئەو هەستە پر لە رق کە لەسەر بنچینەی هێزی بێ بیرکردنەوەکان پەیدا بوونە، هەرگیز یارمەتی مرۆڤیان نەداوە، نەیانتوانیوە کار لەسەر شتی تازە بکەن، بەو هۆیەوە هیچ دەرەنجامێکی تازەی بۆ لەدایک نابێ! تەنیا برینی کۆنی بۆ نوێ دەبنەوە. زۆر جاریش بەو هۆیەوە تیا چووە.

ھەواڵی زیاتر