رۆژنامەی ھەولێر

هۆڵەندا لە یادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا: پابەندین بە پشتیوانیکردنی ڕزگاربووان

ئەمڕۆ دووشەممە (3ی ئابی 2026)، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر هێرشە “ترسناکەکانی” ڕێکخراوی داعش بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدی، پەیامێکی هاوسۆزی و پشتیوانیی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر بونیادنانەوەی ژیانی زیانلێکەوتووان کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، کونسوڵخانەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد کە قوربانیانی ئەو کارەساتە مێژووییە هەمیشە لە یادەوەرییاندا دەمێننەوە و وەک هەمیشە لەگەڵ ڕزگاربووان دەوەستن. کونسوڵخانەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، بەڵام “بەداخەوە زۆربەی ڕزگاربووان هێشتا ئازار دەچێژن” و بەدەست لێکەوتە دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو هێرشانەوە دەناڵێنن.

حکوومەتی هۆڵەندا لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکەی لە هەولێر دووپاتی کردەوە، کە پابەندە بە پشتیوانیکردنی بەردەوامی کۆمەڵگەی ئێزدی تاوەکو بتوانن ژیانی خۆیان بونیاد بنێنەوە. ئەم هەڵوێستەی ئەمستەردام وەک بەشێک لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەبینرێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکان و هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە تاوەکو ئێستاش لە کەمپەکاندا دەژین.

هێرشی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر قەزای شنگال و دەوروبەری لە 3ی ئابی 2014، بووە هۆی کوژرانی هەزاران پیاو و بەکۆیلەکردنی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی، جگە لە ئاوارەبوونی نزیکەی 400,000 کەس. ئەم کارەساتە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتی جیهانەوە، لەوانە هۆڵەندا، بە فەرمی وەک “جینۆساید” ناسێنراوە.

چاودێرانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیامی وڵاتانی ئەوروپی لەم یادەدا، فشارێکی دیپلۆماسییە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دۆزینەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان، کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان چارەنووسیان نادیارە.