ئەمڕۆ 28ـی شوبات/فەبرایەری 2022 ئۆکرانیا رایگەیاند، شاندێکی وڵاتەکەیان گەیشتوونەتە سنووری بێلارووس، بە مەبەستی دانووستان و کۆتاییهێنان بەو داگیرکاریەی لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە دەستی پێکردووە.
نوسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئامانج لە گفتوگۆکان لەگەڵ رووسیادا، وەستاندنی بەپەلەی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی رووسیایە.
بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی “تاس”ـی رووسی، شاندەکەی رووسیا لە وەزیری بەرگری ئۆلێکسی ریزنیکۆڤ و راوێژکاری نوسینەگەی سەرۆکی رووسیا، میخائیل بۆدۆلاک و چەند کەسایەتیەکی دیکە پێکهاتووە.
پێش دەستپێکردنی دانووستانەکان، وەزارەتی دەرەوەی بێلارووس رایگەیاند، شوێنی گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە بێلارووس ئامادەیە و چاوەڕێی شاندی هەردوولان.
دانووستانەکان بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە بەڕێوەدەچن و رووسیا پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو، لەکاتی دانووستان ئاگربەست راناگەیەنن و بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانیان.