رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم ئاشتــــــی دانــــــــش

یاسین قادر بەرزنجی
هاوڕێ وهاوکاری تەمەنم کاکە ئاشتی عوسمان دانش ئەکتەرێکی فرە بەرهەم و هونەرمەندێکی خۆشەویستی نێو هونەرمەندان و لای بینەرو هونەردۆستان.
ئاشتی کوڕی پیاوێکی تێکۆشەرو ناسراوە کە لە هەردوو خەباتی کۆمۆنیستی و نەتەوایەتیدا ڕۆڵی گەورەی بینیوەو لەو پێناوەشدا ئازاری زیندان و دەربەدەری و نەبوونیی چەشتووە، یەکێک بووە لە خەباتگێڕانی باشووری کوردستان کە بەشداریی کۆماری کوردستانی کردووە لە مەهاباد.
دایکیشی بەخزمایەتی دەچێتەوە سەر بنەماڵەی پێشەوا قازی محەمەد.
ئاشتی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بەکاری شانۆیی کردووە،سەرەتا لەگەڵ تیپی نواندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، کە (تۆڵەیەکی بەخوێن شۆراو)یەک لە کارە جوانەکانیان بوو.
ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ دادە بەدیعە دارتاش هەردوومان بەشداربووین لە ئۆپەرێتی کۆتایی زۆردارو لەسەر ئاستی عێراق خەڵاتمان بەدەستهێنا.
ساڵی ١٩٧٦، ئەوکاتەی خوێندکاری ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ بووین، لە پێشبڕکێی ئامادەییەکانی شاردا بە شانۆگەریی (فایلی ٦٧) لە دەرهێنانی مامۆستا چێوار بەشداریمان کردو خەڵاتی یەکەممان بەدەستهێناو کاکە ئاشتی و منیش خەڵاتی باشترین ئەکتەرمان پێ ڕەوا بینراو ساڵێ دوای ئەوەش شانۆگەریی (هەبوو نەبوو)مان نمایش کرد لە ئامادەکردن و دەرهێنانی بەندە و دانش یەک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی بە سەرکەوتوویی نمایش کرد.، لەوێوە ئاشتی بووە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی و لە (ئابڵووقە)دا ئەکتەر بوو، هەروەها یەک لە دەورەکانی (مۆڵەت)ی نمایش کرد.پاشانیش ساڵی هەشتاکان لە (ڕاپۆرت)و (کاتێک هەڵۆ بەرز دەفڕێ)و (کێشەی چوون و نەچوون)ی مامۆستا ئەحمەد سالاردا ئەکتەری دیار بوو، ٩٤ لە (دادگا)ی کاک فوئاد میسری و دواتریش لە (من یەکێک نیم لە ئێوە)ی هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش دا بەشدار بوو.
ئاشتی دانش بەشداری بەتوانای چەندین دراما بووە، ئەوانیش خەمی چۆلەکەکان و ڕەشەی پۆلیسی رەوانشاد حسێن میسری و هەر سێ بەشەکەی (گەردەلوول)ی هونەرمەند جەلیل زەنگنە و (ئارەزوو)ی دەرهێنەر ئەرسەلان دەروێش و (ڕۆژژمێری شارێک)ی د. دڵشاد مستەفا بوون.
هاوکات لە سینەماشدا بەشداریی کردووەو ئەو فیلمانەی ئەکتەر بووە تیایاندا بریتین لە :
چاویلکە، نێرگز بووکی کوردستان، شێرۆ، کڵۆڵەکان، گردی پیرۆز.
هاوڕێکەی من کە زیاد لە پەنجا ساڵە تامی برای هەبووە لام، نموونەیەکی گەش بووە لە ڕەوشت بەرزی و دڵسۆزی و پەیوەست بوونی تەواو بە کارەکانیانەوە، بەداخەوە چەندین ساڵە نەخۆشی لە شانۆو چاوی کامێراو تیپی شانۆی سالاری دوور خستووەتەوە، کە یەک لە ئەندامە سەرەکییەکانێتی، وەک کاری هونەریی لە منیش دابڕاوە کە منداڵی و خوێندکاری و سەربازی و هەموو تەمەنمان پێکەوە بووین و هەمیشە خۆشی و ناخۆشییەکانمان دابەشکردووە، بە هیوای چاک بوونەوەتم برا شیرینەکەم، بەهیوای بەختەوەریتم برا هونەرمەندەکەم، گیانی گیانانم، ئاشتی دانش گیان، ئەبو حەیدەر گیان.