رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگارى هەولێر، سەردانی شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێرانی کرد و لەنزیكەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و پێشوازیكردن لێیانی کۆڵییەوە

ئەمشەو چوارشەممە 2026.7.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و عەباس ئەسکەندەری، جێگری سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاکر حسێن، بەرپرسى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و مەسعود باتێلی، سەرۆکی لێژنەی باڵای پێشوازی زیارەتکاران و ژمارەیەکی دیكە لە بەرپرسانی حکومی و مەدەنی، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکانى (خزمەتگوزاریى، تەندروستى، بەرگرى شارستانى، ئاسایش و پۆلیس، هاتووچۆ) سەردانى پێشانگاى هەولێرى نێودەوڵەتى کرد، کە تەرخان کراوە بۆ شوێنى مانەوەی زیارەتکاران.

لە سەردانەکەیدا، پارێزگارى هەولێر دواى بەدواداچوون لە ڕەوشی شوێنى مانەوەى زیارەتکاران و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ئامادەکارییەکان و ئامادەباشى تیمەکان بۆ پێشوازیکردن لێیان، لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ زیارەتکاران کرد و ئومێدى خواست خوداى گەورە نزا و پاڕانەوەکانیان لێ قبوڵ بکات و بە سەلامەتى بگەڕێنەوە شار و وڵات و زێدى خۆیان.

پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند “ئەمە 5مین ساڵە زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی مەزارگە ئایینییەکانی عێراق دەکەن، هەر لە سەرەتاوە و لەسەر داوای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری و ئاسانکاری پێشکەش بە زیارەتکاران بکرێت.”

باسی لەوەشکرد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامداوە و لێژنەیەکی باڵای بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە.

هەروەها گوتی “تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مەیدانن و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش دەکەن و هەموو ئاسانکارییەک کراوە تاوەکو زیارەتکاران لە کاتی گەیشتنیان بۆ هەولێر تاوەکو چوونە دەرەوەیان بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق، هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەبێت.”

سەبارەت بە ژمارەی زیارەتکارانیش، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد ” تاوەکو ئێستا ( 61 هەزار ) زیارەتکاری ئێرانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەشێکیان لە شوێنەکانی حەوانەوە لە هەولێر ماونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێکەوتوون.”

ئەوەشی خستە ڕوو، کە پرۆسەی هاتنی زیارەتکاران تاوەکو ڕۆژی 3ـی ئاب بەردەوام دەبێت، هەروەها بڕیار وایە لە ڕۆژی 7ی ئابەوە پرۆسەی گەڕانەوەی زیارەتکاران لە عێراقەوە بەرەو ئێران دەستپێبکاتەوە.

پاشان پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشى لە تیمەکانى دەزگاى خێرخوازى بارزانى، قەیرانەکان، تەندروستى، پۆلیس، ئاسایش، پۆلیسی هاتووچۆ، ژینگەپارێزی و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و سەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگاپەیوەندارەکان و لیژنەى باڵاى تایبەت بە پێشوازیکردنى زیارەتکاران کرد، کە هاوکار و هۆکارى سەرکەوتنى پڕۆسەکە بوونە و کارەکانیان بەڕێک و پێکى ئەنجامداوە.

پارێزگاری هەولێر، دووپاتیشی كردەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەك هەمیشە لە هەرێمی كوردستاندا ناسنامەی دیوی مرۆیی خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات، لەو پرۆسەیەشدا جارێكی دیكە رۆڵێكی زۆر گرینگیان هەیە و ئێمە پشتیوانییان دەكەین و دەستخۆشییان لێدەكەین و هاوبەشییان لەگەڵ دەكەین، لە بەر ئەوەی ئەو كارانە بە شێوەیەكی باش بەڕێوە بچن.

پاشان هەر لە چوارچێوەی پێشوازیکردن لە زیارەتکاران بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە شارە پیرۆزەكانی كەربەلا و نەجەف، ئێوارەخوانێک سازكرا.

جێگەی باسە، چەند ڕۆژێکە بە فەرمى پڕۆسەى هاتنی زیارەتکارانی ئێران بۆ چلەی ماتەمینیی “ئیمام حوسێن” و سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەرانەوە بۆ ناوخاکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بە چەند قۆناغێک دەستى پێکردووە و، لە هەولێری پایتەختیش بە باشترین شێوە هەموو ئامادەباشیەک کراوە بۆ خزمەتکردنى زیارەتکاران و چەندین خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر بۆ زیارەتكاران دابین کراوە، کە خواردن و خواردنەوە، شوێنی پشوودان، چارەسەری پزیشکی و فریاگوزاری و ئاسانكاری و ڕێکخستنی گەشتەکانی زیارەتكاران دەگرێتەوە، ئەم دەستپێشخەرییەش لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی سیاسەتی پاڵپشتی لە زیارەتکاران و میوانانی ئایینیدا هاتووە، کە نیشانەی باوەڕی قووڵی خەڵکی کوردستانە بە پێكەوەژیان و رێزگرتن لە بیروڕای ئایین و ئایینزاكان.