ڕائیب جادر – هەولێر
کارەکانی ھەردوو تونێلی میراوە و ماوەران نزیکە لە تەواوبوون و کۆتایی ئەمساڵ بەڕووی شۆفێران دەکرێنەوە، ھەروەھا کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی کۆرێ – شەقڵاوە – قەندیل بەردەوامە و تا ئێستا نزیکەی ٧٠% کارەکانی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە تەواو بووە و بریارە کۆتایی ئەمساڵ کارکردن لەو پڕۆژەیە بە ڕێژەی ١٠٠% تەواو بێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان و شۆفێران، بەمەش ڕێگەی نێوان ھەولێر و سۆران ٢٠ خولەک کورت دەبێتەوە.
٥٠٠ کرێکار و ئەندازیار کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن لەگەڵ ١٢٠ ئامێری گەورە و بچووک، ٧٠% پڕۆژەکە تەواو بووە و بریارە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی ڕێگەی کۆرێ شەقڵاوە- قەندیل تەواو بێت و بخرێتە خزمەتی شۆفێرانەوە.
ھەڵگورد وەلی، بەرێوەبەری پڕۆژەی کۆرێ-شەقڵاوە-قەندیل، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: تەواوکردنی ھەردوو تونێلی ماوەران و میراوە لەگەڵ دروستکردنی سێ یەکتربڕ، ئەو ڕێگەیە ھەموو بڕگەکانی ستانداردی ڕێگە لە خۆ دەگرێت، لە دروستکردنی ڕێگەکە تێکەڵە و قیڕ و ھەموو ھێماکانی سەلامەتی و پەرژینی پاراستن لەخۆدەگرێت، ئەو ڕێگەیە بەشێک دەبێت لە بەستنەوەی ھەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەروەھا وەک ڕێگەیەکی گەشتیاری و نێودەوڵەتیش بەکاردێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە و ٢٠ خولەک ڕێگەکە کورتتر دەکاتەوە، جگە لەوەش جەنجاڵی لەنێو شاری شەقڵاوە کەم دەکاتەوە، درێژیی ھەردوو سایدەکە ١٠ کیلۆمەترە و کارەکانی تەواو بووە، لە مانگی ١٠ ڕێگەکە بە یەکجاری تەواو دەبێت، ھەروەھا لە مانگی ١٢ سیستەمی ڕووناککردنەوەکە تەواو دەکرێت و سەرەتای ساڵی داھاتوو تونێلەکە دەکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.
بەھۆی تەواو نەکردن و جێھێشتنی پڕۆژەکە، لە ڕابردوودا سایدێکی بە تەواوی دارما بوو، لە ھەندێک شوێن قوڵیەکەی گەیشتبووە ١٥ مەتر، بەڵام ئێستا بە ستانداردی جیھانی ڕێگەکە دروست کراوەتەوە. ڕیڤان عوسمان، ئەندازیاری سەرپەرشتیار، ئاشکرای کرد: ئەو پڕۆژەمان بە تەواوی چارەسەر کرد، بە قووڵی ١٥ مەتر بە مەوادی ڕۆک فیل پڕمان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی ئەو کێشەیە نەبینەوە، سیستەمی پایڵمان بەکارھێناوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی ئەو دارمانە نەبینەوە.

