چی دەبێتە ئایدۆلۆژیای سەدەی ٢١

نووسینی؛ یوڤاڵ نوح هەراری

وەرگێڕانی؛ د. نەزاکەت حوسێن

بەشی یەکەم

بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئایینی نوێ بکەین، لەسەدەی ٢١دا، هەندێک باسی ئایدۆلۆژیا و ئایینی سەردەمی پێشوترو ئێستە دەکەین، لەدیدگای جیهانەوە ئایدۆلۆژیا و ئایینی سەرەکیی چییە و چۆن پێناسەی بکەین؟ ئەوە بزانین گرنگترین شوێن ئێستا بۆ ئایین بریتیە لەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە باشووری سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێی دەڵێن’سیلیکۆنڤالی؛ کە کەرتی پێشکەوتووی ئابووری و تەکنەلۆجیای وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکای تێدایە و بە یەکەم شوێن دادەنرێت لەبواری گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و داهێنانی نوێی تەکنەلۆجیا. نەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئەفغانستان یان ئیسرائیل و ئۆرشەلیم, بۆیە ئایینی نوێ لە تێڕوانینێکی جیهانییەوە ئەمڕۆ داڕێژراوەتەوە. ئایدۆلۆژیای قۆڕخکراو لە ناوەڕاستی دوو دەیەی سەدەی ٢١ـدا بریتیبوو لە لیبراڵ هیومانیزم یان لیبراڵیزم. لیبراڵیزم وەک تێڕوانینیێکی جیهانی و ئایدۆلۆژیا باوەڕی بەوەیە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە جیهاندا بریتیە لە تاک، تاک وەک مرۆڤێکی عاقڵ. لیبراڵیزم کۆمەڵێک ئایدیای هەیە لەم بارەوە، یەکەم: باوەڕی بە تاک، باوەڕی بەوەیە هەموو مرۆڤێکی عاقڵ بریتییە لە تاک، کە بە چەمک وەریگرین لە مانا ئینگلیزیەکەی Individual واتە دابەشنەبوون پێچەوانەی dividable بۆ نموونە دەتوانین مرۆڤ وەک جەستەی پارچە پارچە کەین، مێشکی، پارچەکانی جەستەی، بەڵام لەناو ناخی هەر مرۆڤێک تیشکێک، تۆوێکی ڕووناکی هەیە کە ناتوانین دابەشی کەین. لەناو ناخی هەریەکەماندا دەنگێکی ناوەکی هەیە، ئەم ناوکە لەناو هەریەکە لە ئێمەی مرۆڤدا سەرچاوەی دەسەڵاتە، کاتێک ئێمە ڕووبەڕووی پرسیارێکی قورس بڕیاردانێک و قەیرانێکی قورس دەبینەوە، وەک تاک یان کۆمەڵ.
لیبراڵیزم پێمان دەڵێت: گوێ لەخۆتان بگرن، لینک بکە بە خۆتەوە، هەوڵ بدە گوێ لەو دەنگە بگرە کە لە ناخی خۆتدا هەیە؛ ئەوە پێت دەڵێت چی بکە، بەس گوێ لەو بگرە نەک شتی تر. دووەم شت کە ئایدیای لیبراڵیزم گرنگیی پێ دەدات، ئەم دەنگە ناوەکییەیە كە لەناو خۆمان دێت لە بۆشاییەکەوە کە بەتەواوەتی ئازادە. ڕاستە لە دەرەوەی خۆمان کاریگەری و فشارمان دەخرێتە سەر، بەربەست هەیە، چ فیزیکی یان بایۆلۆجی یان کۆمەڵایەتی. ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئەو دەنگە ناوەکییەی خۆمان بەپێی پێویست قووڵ بووینەوە، ئیتر ئەو بەتەواوەتی ئازاد دەبین لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانمان. لەم بۆشایە ئازادەوە بڕیاری گەورە دەدەین لە ژیانمان. ئایدیای سێیەمی لیبراڵیزم لەسەر بنەمای دوانەکەی تری پێشەوە ئەوەیە. لیبراڵیزم باوەڕی وایە کە تاکە کەسێک شت دەزانێت لەبارەی خۆمان و لە ئێمە تێ دەگات، هەر خۆمانین و کەسی تر لە دەرەوەی ئێمە لە ئێمە ناگات وەک لەخۆمان، چونکە ئەوەی هەیە لەناخمان ئەو دەنگە ناوەکییەیە کە بەتەواوەتی ئازادە، کە لە دەرەوە کەس ناتوانێت دزە بكاتە ناوی، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە گرنگترین بەهای ئایدیای لیبراڵیزم، لیبراڵیە کە ئازدایمان دەداتێ. دەبێت ئەم ئازادیە بەکار بهێنین بۆ بیرکردنەوە، بۆ کار و کردار و ڕەفتارمان بەگوێرەی ئەوەی چی دەکەین. لەبەر ئەوەی ئەمە سەرچاوەی سەرەکیی مانای دەسەڵاتمانە لەژیاندا. ئەگەر هەندێک نموونە بدەین کە لیبراڵیزم مانای چییە لە پراکتیزەدا بۆ ژیانمان وەک تاک یان کۆمەڵ، ئەگەر بیر لە بوارێکی وەک سیاسەت بکەینەوە، مانای سیاسەتی لیبراڵیزم چییە، چۆن لیبراڵیزم تەرجەمە دەکەین بۆ چەمکی سیاسەت؟! بێگومان باسی دیموکراسییەت و هەڵبژاردن و دەسەڵاتی چوارەم دێت. یان بیر لەوە بکەینەوە کە کێ ئیدارەی وڵات بکات چ جۆرە سیاسەتێکی ئابووری تەبەنی بکەین، چ سیاسەتێکی دەرەکی پێڕەو بکەین کە شەڕی پێ بکەین یان ئاشتیی پێ بەرهەم بهێنین؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە کوێ وەرگرین؟ بێگومان پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەنگە ناوەکییەکەی خۆمان وەک تاک، لەبەر ئەوە هەڵبژاردنمان دەبێت هەموو کەس دەنگ دەدات و بڕیار دەدات لەو رۆژەدا دەڕوات خۆی دەکڕێتەوە. ئەمە لەراستیدا لینک بوونەوە بەناوەی خۆمان کەچۆن بیردەکەینەوە هەست دەکەین، بیرکردنەوەی کەسی قووڵمان چییە لەسەر ئەم کێشانە، لەسەر ئەوە دەنگ دەدەین بە کامە کاندید یان پارت کە بمانەوێت، ئیتر دەرەنجامی ئەم دەنگانە بڕیار دەدات کە کێ ئیدارەی وڵات بکات، چۆن بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی دەدەین. ئەمە جەدەلی لیبڕاڵیزم بوو کە دەنگدەر باشتر دەزانێت و دەڵێت هیچ دەسەڵاتێک نییە لەسەرووی دەنگدەرەوە. بەهەمان شێوە ئەم ئایدیایەی لیبراڵیزمەش تەرجەمە بکەین بۆ بواری ئابووری، لیبراڵ ئیکۆنۆمی چییە؟ بریتیە لەوەی کە کڕیار هەمیشە ڕاست دەکات و دەڵێت هیچ دەسەڵاتێک باڵاتر نییە لە دەسەڵاتی کڕیار، چۆن بزانین کاڵایەک باشە، ئەو کاتەی کڕیارێک دەیکڕێت، ئەو نەبیت کەس ناتوانێت بڕیاری باشی و خراپیی بەرهەمێک بدات، ناکرێت کڕیارێک بڵی ئەم بەرهەمە باش نییە، بەڵام هەر دەشیکڕم، بیهێنە پێش چاوی خۆت کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل، هەوڵێکی زۆر دیزاینەر و ئەندازیاری زیرەک کۆ دەکاتەوە ماوەی ٥ ساڵ ئۆتۆمۆبیلێکی زۆر بەرهەم دێنن، بەڵام کاتێک دەچێتە بازاڕەوە کەس نایکڕێت، یان خەڵکێکی زۆر کەم دەیکڕێت، ئەمە مانای ئەوەیە، بە پێی تیۆری ئابووری لیبراڵی ئەمە ئۆتۆمۆبیلێکی باش نییە، لەمەدا ناتوانیت لۆمەی کڕیار بکەیت بڵی تاوانی کڕیارە بازاڕم نییە، ئەمە جیاوازی کۆمۆنیزم و لیبراڵیزمە، ئەگەر ژمارەیەک خەڵکی زیرەک و دانای کۆمۆنیزم لە مۆسکۆ دانیشن ئۆتۆمبیلێک بەرهەم بهێنن کەس نەیکڕێ لۆمەی کڕیار دەکەن، بەڵام لە لیبراڵیزم نا؛ دەڵێ کڕیار هەمیشە ڕاستە و هیچ دەسەڵاتیک نییە لە سەرووی ئەوەوە لە ئابووریدا. دووبارە ئەم ئایدییا لیبراڵیە ئەگەر تەرجەمە بکەین بۆ بواری هونەر، ئەوەمان لەبیربێت کە لە مێژوودا ڕاو ئایدیای جیاواز هەبووە کە هونەر چییە؟ جوانی چییە؟ پێیان وا بووە کە ژمارەیەکی زۆر پێناسە هەن بۆ بابەتی پێوەر تا سنووردارکردنی ئەوەی کەی شتێک هونەرە وکامە هونەرێک جوانە؟ ئەمە دێت لە هونەری لیبراڵیزم و لیبراڵیزمی جوانیناسی.
لەسەدەی ١٩ و بیست چۆن لیبراڵیزم دەیگوت کڕیار هەمیشە ڕاست دەکات و دەنگدەر باشتر دەزانێت، بۆ هونەریش کڕیاریان بینەریان سەیرکەر بڕیار دەدات کامە جوانە کامە جوان نییە، کامە هونەرە کامە هونەر نییە، ئەو خاوەن باڵاترین دەسەڵاتە، بەگوێرەی لیبراڵیزم جوانی هونەر لای ئەوکەسانەیە کە بەکاری دێنی و هەڵیدەگرنەوە بڕیارەکە لە دیدگای ئەوانەیە کە دەیبینن یان دەیبیستن. ئیتر هونەری وێنەکێشانیان هەر شتێکی تر بێت. لەسەدەی ١٧ـدا وێنەکێشێک وێنەیەکی کێشا و بردی لە مۆزەخانە داینا، دواتر لە بەشی هونەری زانکۆکان لەوانەی هونەر دەیان هێنا وانەیان لەسەر دەخوێن ئایا ئەمە هونەرە، هونەر نییە، جوانەیان نا؟ بەڵام لەتێرمی لیبراڵیزمەوە خوێندکار و پسپۆڕ بڕیار نادات لەوەی وێنەیەک جوانەیان نا. بەڵکو کڕیار و بینەری بڕیار دەدات، نەک کەسێک لەدەرەوەی ناخی من وەک سەیرکەرێکی ئەو وێنەیە بتوانێت بڕیار بدات. ئەگەر تۆ وەک سەیرکەرێکی ئەو وێنەیە بڕیارت دا، ئەوە جوانەو هونەرەوە نرخەکەی میلۆنێک دۆلاریش بێت بیکڕێت، کەواتە ئەوە هونەرە و جوانە. ئەگەرئەم ئایدیای لیبراڵیزمە بەرینە بواری ئیتیک، چۆن دەزانیت ڕەفتارێک کردارێک باشەیان خراپ، ئیتیکیەیان نائیتیک، لە سەدەکانی ناوەڕاست دەچوینە لای قەشە و کەنیسە بمانزانیایە چی باشە و چی خراپە، لیبراڵیزم وتی باشترین بڕیار لەشتێک کەباشەیان خراپە بریتیە لەهەستی خۆت وەک مرۆڤ، وابیرت کردەوە باشە ئەوە باشە، ئەگەر بیرت کردەوە خراپە ئەوە خراپە. هیچ کەسی تر ناتوانێت بڕیاری ئەوەت بۆ بدات، ئەگەر خۆت هەستت کرد ڕەفتارێک باشە بیکە، وا هەستت کرد ڕەفتارێک خراپە مەیکە، ئەگەر لە رەفتارێک کۆمەڵێک پەیدا بوون وتیان باشە، کۆمەڵێک پەیدابوون گوتیان باش نییە، ئەوە ئەو جەدەلەیە کە لیبراڵیزم دەیکات لە تێرمی ئیتیکییەوە. کەواتە لە تێرمی لیبراڵیەوە ئیتیک و نائیتیکی هەستی خۆت بڕیار دەدات. ئەگەر نموونەیەکی تری بیری لیبراڵی بهێنینە و لەبواری پەروەردەو فێر بوون، پەروەردەی لیبراڵی چییە؟ یاخوود لەتێرمی لیبراڵیەوە پەروەردە دەسەڵاتی بڕیاردەر لەوەی پەروەردە چۆن بیت، قوتابی و فێرخواز دەبێت بڕیار بدات؟ ئەو باڵا دەستە، نەک مامۆستا و پرۆفیسۆرەکان. باشترین شتێک کە بتەوێت فێری قوتابییەکانتی بکەیت ئەوەیە لە روانگەی ئەوانەوە بیر بکەیتەوە وبیرلەوان بکەیتەوە. لە باخچەوە تا زانکۆ، هەرمادەیەک دەیڵێتەوە مێژوو تا زانست دەبێت بزانیت ئەوان وەک قوتابی چیان بۆ خۆیان و ئەم سەردمە پێویستە لەو بوارە فێریان کەیت. ئەگەر سەیری سەدەی ٢٠ بکەین پاکیجی لیبراڵی بریتی بوو لەمافی مرۆڤ بۆ پاراستنی ئەو دەنگە ناوەکییە و ئەو ئازادیەی مرۆڤ، تاک گەرایی، لە لیبراڵ دیموکراسی بیگرە تا بازاڕی ئازاد، ناتوانین بڵێین هەموو کەس ئەمرۆ ئەم پاکیجەی قەبووڵە بەڵام ئیتر ئەوە ئادیۆلۆجیای قۆڕخکارە لە روانگەی جیهانییەوە، ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەمە تائێستا کەم بووە، لەماوەی ڕابردوودا بینیمان کە ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لەچەند شوێنی جیهانی سەری هەڵدا، بەڵام زۆربەی ئەم ناڕەزایەتیانەش هەڵگری بەهای لیبراڵی بوون، نەک دژی بوون. خەڵک ڕووبەڕووی حکوومەتەکەیان دەبوونەوە و دەیانگوت ئێوە لیبراڵی پیادە ناکەن بەرامبەر جەماوەر، ئێمە دەمانەوێت سیاسەت زۆرتر دیموکراسی بێت، دەمانەوێت ئابووری زیاتر ئازاد بێت، واتە زۆربەی ناڕەزایەتییە سۆشیاڵیەکانیش ئەڵتەرناتیڤیان نەبوو بۆ پاکیجی لیبراڵی، بەڵکو دەشیانویست باشتر تەوزیفی بکەن.

ھەواڵی زیاتر