رۆژنامەی ھەولێر

ئیمپراتۆرێـــکی هــونەرمەند

نووسین: جەودەت هۆشیار

 

فەرمانڕەوا و، سەرکردەی سیاسی بە گشتی گرنگییەکی وا بە هونەر نادەن، تەنانەت ئەگەر بە سپۆنسەرکردنی پێشانگە و فێستیڤاڵێکی هونەری، ئارەزووی خۆیان نیشان بدەن. دەگمەنە لە نێویاندا کەسێک بدۆزیتەوە کە بەڕاستی لە هونەر تێبگات. ئەوان هەمیشە پاساو بۆ ئەمە دەهێننەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بارگرانییەکانی حوکمڕانی هیچ کاتیان بۆ ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی جگە لە بابەتە دەستبەجێ و پراکتیکییەکان بەشداری هیچ شتێک بکەن.
مێژوو تەنها ناوی ژمارەیەکی کەمیان تۆمار دەکات کە هەندێک کات و هەوڵیان بۆ پراکتیزەکردنی فۆرمێکی هونەری وەک نیگارکێشان، پەیکەرسازی، یان مۆسیقا تەرخان کردووە. ڕەنگە بەناوبانگترینیان ئیمپراتۆری چین سون هوایئون بێت کە لە سەدەی یازدەهەمدا ژیاوە.
ئەم ئیمپراتۆرە پیاوێکی بەهرە و بەرژەوەندی زۆر بوو، سپۆنسەری هونەر و هونەرمەندان بوو. سەردەمی حوکمڕانی ئەو سەردەمێکی زێڕین بوو بۆ هونەری چینی بە هەموو فۆرم و شێوازەکانییەوە. خولیای هونەری دڵخوازەکەی کە نیگارکێشی بوو، پراکتیزەی دەکرد و چێژێکی بێئەندازەی لێ وەرگرت.
ژمارەیەکی زۆر تابلۆی شایستەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، کە بە بەهای جوانکاری بەرزیان جیاکراوەتەوە و ڕەنگدانەوەی شێوازە ناوازەکەی بووە، وەک ئەوەی لەگەڵ هەر هونەرمەندێکی بەهرەمەند و ڕەسەندا دەگونجێت. بەڵام زۆربەی ئەو تابلۆیانە لە سەردەمی جیاجیادا ون بوون یان بە قاچاخ لە چینەوە هێنرانە دەرەوە.
تا ئێستا ١٩ تابلۆی لێ دۆزراونەتەوە، هەرچەندە ژمارە وردەکەی نادیارە. حکومەتی چین هەوڵی بەردەوام و بەپەرۆش دەدات بۆ وەرگرتنەوەی تابلۆکانی ئیمپراتۆر کە بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات.
لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین زێدەباییفرۆشی کراوە بۆ فرۆشتنی تابلۆکانی ئیمپراتۆر؛ لە دوایین زێدەباییفرۆشکردنی ئاشکرا و گشتیدا کە لە پایتەختی چین (پەکین) بەڕێوە چوو، یەکێک لە جوانترین تابلۆکانی بە ناوی “باڵندەکان” کە لەسەر پارچەیەک ئاوریشمی سروشتی کێشراوە، پێشکەشی فرۆشتن کرا. خاوەنی تابلۆکە _ ژاپۆنیەکی ئارەزوومەندی هونەری _ پێی وابوو کە زۆرترین نرخ کە دەتوانرێت بۆ ئەم تابلۆیە بدرێت، لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی زیاتر نابێت. بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ئەو و شارەزایانی پسپۆڕی هونەر، تابلۆکە بە ٣ملیۆن دۆلار فرۆشرا. لەلایەن هاووڵاتییەکی چینییەوە کڕدراوە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات.
(سون هوای تسون )لە قۆناغێکی پڕ لە گێژاوی مێژووی وڵاتەکەیدا، لە ساڵی ١٠٨٦ تا ١١٣٥، حوکمڕانی چینی کردووە.
مێژوونووسان دەڵێن، هونەرمەند – ئیمپراتۆر بە سروشتی خۆی نەرم و نیان و ئاشتیخواز بووە، ڕقی لە توندوتیژی و دڕندەیی بووە. پێی وابوو هونەر ڕەفتاری مرۆڤ پاڵاوتە دەکات و بیری فەلسەفی قووڵتر دەکاتەوە و وەک پردی پەیوەندی و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان کاردەکات.
کاتێک لە سەردەمی حوکمڕانیدا قەیرانەکان کەوتە سەر شانشینی و لیووان پایتەخت کەوتە دەست هۆزە کۆچەرییەکان، تەختەکەی لەدەست دا و، مەغۆلەکان بەدیل گرتیان؛ ساڵی ١١٦٢ کۆچی دوایی کردووە.
ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا تابلۆیەکی ئەو ئیمپراتۆرە هونەرمەندە لە زێدەباییفرۆشکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێت.
ناوی دەیان ئیمپراتۆری بەهێز کە بە درێژایی مێژووە دوور و درێژەکەی کە هەزاران ساڵ دەخایەنێت، حوکمی چینیان کردووە، لەبیر کراون، لە کاتێکدا ناوی سون هوای تسون لە یادی گەلی چین و لە مێژووی هونەری جیهانیدا بە نەمری ماوەتەوە.