رۆژنامەی ھەولێر

یەکەی ڕاوێژکاریی ماددە هۆشبەرەکان دەستی بە وەرگرتنی نەخۆش و چاره‌سه‌ركردنیان کردووە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لە چوارچێوەی هەوڵی بەردەوام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی هۆکارەیی (ئاڵوودەبوون) بە ماددە هۆشبەرەکان و چارەسەرکردنی تووشبووان، یەکەی ڕاوێژکاریی ماددە هۆشبەرەکان و ئەقڵگۆڕ (کارتێکەرە ئەقڵی)ـەکان، کە سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێردا کار دەکات، بە فەرمی دەستی بە وەرگرتنی نەخۆش کردووە.

ئەم یەکەیە، ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاری دامەزراندنی دراوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـشەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەرگای بە ڕووی تووشبوواندا کردووەتەوە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی.

خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەروونییەکان
زیرەک ئەسکەندەر گەڵاڵی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکەی ڕاوێژکاریی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان (دەروونگۆڕ و ئەقڵشێوێن)، لە لێدوانێکدا دەربارەی کارەکانی یەکەکە ڕوونی کردەوە کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە تا ئێستا زیاتر لە (٥٠) کەس سەردانیان کردوون، چاودێری دەکرێن و چارەسەری پێویستیان پێ دەدرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە یەکەکەیاندا پزیشکی پسپۆڕی دەروونی لە کاتی دیاریکراودا ئامادەیە بۆ بینینی نەخۆشەکان، هاوکات پزیشکی شارەزای گشتیش ڕۆژانە بەبەردەوامی پێشوازی لە تووشبووان دەکات. جگە لەوەش، بەشی چارەسەری دەروونی چالاکە و تێیدا دانیشتنی تاکەکەسی لەگەڵ نەخۆشەکان ئەنجام دەدرێت؛ ئەمەش بە مەبەستی پێدانی هۆشیاریی زانستی و دەروونی لە ڕێگەی چەند کۆرسێکی تایبەتەوە.

دەربارەی بەشەکانی دیکەی یەکەکە، بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکەکە ئاشکرای کرد:
* سیستەمی ئەلیکترۆنی و پاراستنی نهێنی: گشت بەشەکانی ناو یەکەکە بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بەستراونەتەوە و زانیاری و نهێنیی کەسیی نەخۆشەکان بە تەواوی پارێزراون.
*ژێرخانی پزیشکی: یەکەکە خاوەنی تاقیگە و دەرمانخانەی تایبەت بە خۆیەتی.
*هۆشیارکردنەوە و لایەنی ئایینی: هۆڵێکی نوێ و مۆدێرن دروست کراوە بۆ ڕێکخستنی کۆڕ، کۆبوونەوە و سیمینار. لەم ڕووەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا، مامۆستایانی ئایینی بەشدارن لە پێشکەشکردنی وتار و ئامۆژگاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ئاڵوودەبووان.

هۆکارەکانی پێوەبوون (ئاڵوودەبوون) و ڕێکارە ياساییەکان
سەبارەت بە توێژی تووشبووان، زیرەک ئەسکەندەر ئاماژەی بەوە دا کە زۆرینەی ئاڵوودەبووان لە چینی گەنجانن و لە ڕێگەی هاوڕێ و هاوڕێیەتیی هەڵەوە تووشی ئەم ئافاتە بوون.
سەبارەت بە شێوازی پەیوەندیکردنی نەخۆشەکان بە یەکەکەوە، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی هەرێمی کوردستان (ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠٢٠، دوو ڕێگەی سەرەکی هەن:
بە پێی ماددەی (٣٧): ئەو کەسانەی لە ڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بە فەرمانی دادوەر بە دەستەبەری ئازاد دەکرێن، ڕەوانەی یەکەکە دەکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
بەپێی ماددەی (٠٣٨): ئەو کەسانەی بە ئارەزوومەندانەی خۆیان یان لە ڕێگەی کەسوکاریانەوە ڕاستەوخۆ سەردانی یەکەکە دەکەن، دەستگیر ناکرێن و لەلایەن دادگاوە سزا نادڕێن، بە مەرجێک پابەند ببن بە وەرگرتنی چارەسەر تا بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی بە تەواوی لە جەستەیان لە ماددەی هۆشبەر پاک دەبێتەوە.

هەنگاوەکانی چارەسەر و چاودێریکردن
شێوازی بینی و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت:
* سەرەتا ناوی نەخۆش لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا تۆمار دەکرێت و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی دەروونییەوە دەبینرێت و چارەسەری بۆ دیاری دەکرێت.
* دواتر لەلایەن پزیشکی گشتییەوە چاودێری دەکرێت و لە کاتی پێویستدا پشکنینی دووبارەی بۆ دەکرێتەوە.
*هەفتەی جارێک لەلایەن چارەسەرکاری دەروونییەوە (معالج نفسی) دەبینرێت.
*لە کۆتاییدا و دوای تێپەڕاندنی ماوەی دیاریکراوی چارەسەر، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە (کە بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر پێک هێنراوە) ڕاپۆرتی سێ مانگی سەرەتا بۆ دادگا بەرز دەکرێتەوە.
بڕگەی سەرەکی لە یاساکە: بەرەنگاربوونەوەی ئاڵوودەبوون تەنها لایەنی سزادان نییە؛ یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ـی هەرێمی کوردستان زەمینەی گونجاوی ڕەخساندووە بۆ ئەوانەی بە خۆبەخشانە دێنە پێشەوە تا بەبێ ترسی سزادان چارەسەری پزیشکی وەربگرن.