رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی پیرۆلۆ نەکرایە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیتاڵیا؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دوای لەدەستدانی دیامۆندی بۆ ریاڵ، پاریس سان جێرمان لە بەرشلۆنە تووڕەیە
یانەی پاریس سان جێرمان، هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە فێران تۆرێسی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە لە چەند رۆژی داهاتوودا ببەنە ریزەکانیەوە، ئەوەیش وەکوو هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی لە دەستدانی یاریزانی کۆتدیڤواری يان دیۆماندی، کە لە دواساتدا چووە یانەی ریاڵ مەدرید، لە کاتێکدا یانەی پاریس پێی وایە گرێبەستەکە تەواو دەکات، بە قۆستنەوەی ئەو هەلەی یاریزانەکە دەیەوێ کەش و ژینگەکەی بگۆڕێت.
رۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنی، باسی لەوە کردووە، کە یانەی پاریس سان جێرمان، وای دادەنێ کە فێران تۆرێس و ئەکلیۆش دوو ئامانجی سەرەکیی یانەکەن، کە گرێبەستی ئەکیلۆشی یەکلا کردووەتەوە و چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی گرێبەستی فێران دەکات. پاریس دەیەوێ پێکهاتەی هێڵی هێرشبردنی تەواو و پێرفێکت بکات، پێش ئەوەی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان کۆتایی بێت، ئەوەیش دوای ڕۆیشتنی کۆلۆ موانی بەرەو یوڤێنتوس و بارکۆلا بەرەوی لیڤەرپوول.
پلانی پاریس سان جێرمان، بەو جۆرە بوو کە دیۆماندی بباتە ریزەکانیەوە، بەڵام ریاڵ مەدرید لەناکاو هاتە پێش و پاریس و یانەکانی دیکەی شۆک کرد بەو گرێبەستەکەی لەگەڵ دیۆماندیدا کردی، یانەی ریاڵ مەدرید ڕازی بوو ١٢٠ ملیۆن یۆرۆ بدات، لە کاتێکدا پاریس سان جێرمان ڕازی نەبوو ١٠٠ ملیۆن یۆرۆیش بداتە یانەی لایپزیگ. ئەوەش پاریسی تووڕە کردووە و دەستوبرد دەکات لە دۆسیەکانی دیکە و دانوستان دەکات، بۆ ئەوەی دوا ناکەوێ و یاریزانی دیکە لە دەست نەدات.
پاریس بەپەلە کارەکانی کرد و لەگەڵ تۆرێس پەیوەندیی بەست و گۆنزالۆ ڕامۆسی فرۆشتە میلان، لە کاتێکدا لویس ئێنریکی وەکوو بژاردەیەکی هێرشبەری سەرەڕم دەیەوێ فێران بباتە ریزەکانی، بە تایبەت کە ئەو یاریزانە تەمەنی ٢٦ ساڵانە و دەرگای رۆیشتن لە بەرشلۆنە لە بەردەمی کراوەتەوە، بەو هۆیەی دوودڵە لەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە یان ریزەکانی جێ بهێڵێ.
ڕۆیشتنی کۆلۆ موانی، بووە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستی فێران تۆرێس، کە چەند هەفتەیەکە لەگەڵ یوڤێنتوس و پاریس لە دانوستاندان، ئاماژە و بەڵگەکان بەو ئاڕاستەیەدان کە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بە بەهای ٤٠ ملیۆن یۆرۆ هەیە، کە هەمان ئەو بڕەیە یانە پاریسییەکە دەیەوێ بیدات بۆ دەستخستنی یاریزانە ئیسپانییەکە.
یانەی پاریس سان جێرمان، دەیەوێ بە وردی و سەروبەرییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی دارایی خۆیدا بکا و بە پارەی فرۆشتنی یاریزان، یاریزانی دیکە بهێنێتە ریزەکانیەوە، دەیەوێ پابەندی یاسایی دارایی پاک بێت، بەو جۆرێک کاتێک بارکۆلا دەیەوێ بچێتە ڕێدز، پاریس داوای ١٧٠ ملیۆن یۆرۆی لێ دەکات، دەیەوێ بەو بڕەپارەیە ئەکیلۆش لە مۆناکۆوە دەست بخات لەگەڵ یاریزانێکی بەرگریدا.
پاریس سان جێرمان، خۆی ئامادە دەکات، بڕەپارەیەکی زۆر پێشکەشی تۆرێس بکات و گرێبەستێکی ٤ ساڵەی لەگەڵدا بکات، بە ووچەیەکی بەرز کە لە مووچەی ئێستەی لە بەرشلۆنە زیاتر بێت. لە کاتێکدا یانەی بەرشلۆنە خواستی لەوەیە کە ئەو یاریزانە لە یانەکەیدا بمێنێتەوە، کە گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە یان بۆ ئەیلوولی داهاتوو دوای بخات. ئەو ژمارانەی باس دەکرێن، لەو ژمارە و بڕە کەمترن کە لە پاریسەوە پێشکەش دەکرێن.
لە کۆتاییدا، بڕیار بۆ خودی یاریزانەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام یانەی پاریس سان جێرمان، متمانەی بە تواناکانیەتی کە ئەو جەنگە بباتەوە، بە تایبەت کە تۆرێس خواستی خۆی بۆ گۆڕینی شوێنی یاریکردنی دەربڕیوە، بوونی لویس ئێنریکی لە پاریس و مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر، وا لەو یاریزانە دەکات کە ڕازی بن بەو هەنگاوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان ئێنریکی و فێراندایە.

بۆچی پیرۆلۆ نەکرایە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیتاڵیا؟
ئەندریە پیرلۆ، ئەفسانەی هێڵی ناوەڕاستی تۆپی پێی ئیتاڵیا، بێدەنگیی شکاند لەسەر ئەو مشتومڕەی لەسەر ئەو دەکرێ لەسەر بەربژێرکردنی بۆ راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیتاڵیا.
ئەندرلیە پیرلۆ، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام، ناڕەزایی قووڵی خۆی لەوە دەربڕی، کە دۆسیەکەی بۆ گۆڕەپانی گەنگەشە و گفتوگۆ و تۆمەتبارکردن گۆڕاوە، دووپاتی کردەوە کە پابەندی بە یاسا و گرێبەستە پیشەییەکان ڕەنگدانەوەی پێویستیی هەڵوێستە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان نییە.
دوای ئەوەی بەربژێرکردنی پیرلۆ بۆ راهێنەرایەتیی ئازۆری، شەپۆلێکی توندی ڕەخنەی نێوخۆیی ئیتاڵیا لێ کەوتەوە، بە هۆی ئەوەی کار بۆ کۆمپانیای گرەوکردنی ڕووسیا دەکات، کە بەشێک پێیان وا بوو دژی بەها نیشتمانییەکانە، بۆیە ڕەخنەکان گەیشتنە ئاستێک ڕێ لە پیرلۆ گیرا بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری ئیتاڵیا.
پیرلۆ دەڵێ: لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، قسەیەکی زۆر لەسەر ناوی من و ئەگەری بوونە راهێنەری ئیتاڵیا دەکرێ، وەکوو ڕێز بۆ دامەزراوە و یەکێتیی تۆپی پێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، تا ئێستا بێدەنگیم هەڵبژاردبوو، بەڵام ئێستە هەست دەکەم پێویستە لە چەند ڕوویەکەوە ڕوونکردنەوە بدەم.
پیرلۆ، کە لە وەرزی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ راهێنەری یانەی خانمەپیرەکە بوو، وتی: بە درێژایی کاروانی یاریکردنم و ژیانی وەرزشیم، کە وەکوو یاریزان بێ یان راهێنەر، بەردەوام پابەندی یاسای وڵاتان بوومە کە کارم تێیدا کردووە. پێدانی واتا سیاسییەکان بەم هەماهەنگییە پیشەییە، واتە گەڕاندنەوەی بیروباوەڕەکان بۆ من کە هەرگیز دەرمنەبڕیوە، و کە بە هیچ شێوەیەک لە بیروباوەڕەکانی مندا نین.
پیرلۆی ٤٨ ساڵان، سوپاسی پاولۆ مالدینی و لیۆرناردۆ و بەرپرسانی دۆسیەی هونەری لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەکەم: “دەمەوێ سوپاسی مالدینی بکەم بۆ ئەو ڕێز و متمانە لەپێشینەیەی بە منی هەیە، بە تەواوی دەرک بە ئەزموون و لێهاتوویی و کارامەیی و خۆشەویستییەکەی بۆ تۆپی پێ دەکەم.
خەمباری و نیگەرانیی خۆیشی بۆ گۆڕینی بڕیارێکی وەرزشی بۆ گۆڕەپانی ڕای گشتی دەربڕی و دەڵێ: خۆشەویستییم بۆ ئیتاڵیا ناوەستێتە سەر هەڵوێستێکی ئاوا، ئیتاڵیا بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانم و مێژوو و ناسنامەم و هەر ئاواش دەمێنێتەوە.