ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
بەرپرسێكی شوێنەوار لە شاری دهۆك ئاشكرای كردووە كە پلانیان هەیە خانووە كەلەپوورییەكانی دهۆك و ناوچەكانی دەوروبەری بە دیكۆمێنت بكەن.
د. بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك، بە(هەولێر)ی ڕاگەیاند: لەپێناو پاراستنی خانووە كەلەپوورییەكانی سەرانسەری پارێزگای دهۆك پلانێكیان داوە بە دیكۆمێنتكردن و نۆژەنكردنەوەی ئەو خانووانە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ رێكخراوی ( giz ) رێک كەوتوون كە دەست بەو كارە بكەن
د. بێكەس بریفكانی، گوتی: لە قۆناغی یەكەمدا بەنیازین بە یارمەتی ئەو رێكخراوە تیمێك ڕەوانەی قەزای ئاكرێ بكەین؛ ئەم تیمە ژمارەیەك شوێنەوارناس و مێژوونووس و ئەندازیاری بیناسازییان تێدایە.
ئەو بەڕێوەبەری شوێنەوارەی دەشڵێت كاری سەرەكی ئەو تیمە كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر خانووە كەلەپوورییەكانی ئاكرێ و هەوڵ دەدرێت ژمارەی خانووەكان دیاری بكرێت، نەخشەیان بۆ دابنرێ، پاشانیش داتابەیسێكی تایبەتی لە بارەیەوە دروست كرێت.
بریفكانی گوتی: بە تەواوبوونی كارەكانی ئەو تیمەی كە ڕەوانەی ئاكری دەكرێت، كارەكانی داهاتوومان بۆ ئاسانتر دەكات، چونكە وەكو دەزانرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ٩٠٠ملیۆن دیناری بۆ پاراستنی شوێنە كەلوپوورییەكانی ئەو ناوچەیە تەرخان كردووە، بۆیە بە دەستكەوتنی زانیاریی تەواو لەسەر شوێنە كەلەپورییەكانی ئاكری، كارەكانی نوژەن كردنەوەی خانووەكان خێراتر بەڕێوە دەچێت.
لە بەشێكی دیكەیش قسەكانیشدا بریفكانی گوتی: جگە لە ئاكری ئێمە پلانمان بۆ گشت ناوچەكانی دهۆك هەیە، بە قەزای ئامێدی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك گوتیشی بە پێی ئەو زانیارییانەی كە هەمانە پێشبینی دەكرێ نزیكەی ١٨٠٠ ناوچەی كەلەپووری لە ئاكرێدا هەبن