کەبیرت بکەم

بورهان به‌رزنجی

کە بیرت بکەم
بۆنی ئەو گوڵانە دەکەم کە بۆت ناردوومن بەدیاری،
یەک یەک
دەست و مۆچانیان لەگەڵ دەکەم،
هەر یەکە و
نامەیەکی تۆ لە گیرفانی دەرئەکات،
جۆرێ لە بۆن و
شێوەیە لە جوانیتم ئەداتێ،
هەر کە بیرت دەکەم
پڕ باوەشێ خەندەی تۆم دێننە بەرچاو،
دەسێ باڵای شیعرم بەرز ئەبێ
ئاوی زەمزەمی رۆحم بڵق ئەدا و
باخچەی نێو دەشتی چاوانم تەڕ ئەبێ،
کە بیرت دەکەم
وەک دار سنەوبەرێکی گەنج
لەسەر کۆڵانتان ڕائەوەستم
دەستێک لە عەزێکەت بدەم دائەگیرسێم،
شیعر بە دەم و چاوما دێتە خوارێ،
خەڵک دێن وێنە لەتەکم ئەگرن،
هەن سەرپۆشیان
هەنێکیان دەسماڵی دەستیان
هەن ڕەفتەی ئازاریان
هەشن چارۆکەی سەر شانی تەمەنیان
بە قەدما ئەبەستن،
منیش دەبم بەگوڵ فرۆش
تا گرێی بەختی یەم عیشقەم بکرێتەوە…!!

ھەواڵی زیاتر